یۆحەنا 2

2
یەکەم پەرجووی عیسا
1لە ڕۆژی سێیەم لە قانای جەلیل شاییەک هەبوو، دایکی عیساش لەوێ بوو. 2عیسا و قوتابییەکانیشی بۆ شاییەکە بانگهێشتکرابوون. 3کاتێک شەراب نەما، دایکی بە عیسای گوت: «شەرابیان نییە!»
4عیساش پێی فەرموو: «ژنەکە، چیت لە من دەوێ؟ هێشتا کاتی من نەهاتووە!»
5ئینجا دایکی بە خزمەتکارانی گوت: «هەرچییەکتان پێ دەڵێ، بیکەن.»
6شەش کوپەی بەردین، لەو جۆرەی کە جولەکەکان بۆ پاککردنەوە بەکاریاندەهێنا، لەوێ دانرابوون، هەریەکەی هەشتا هەتا سەد و بیست لیتریان دەگرت#2‏:6 یۆنانی: دوو یان سێ مێترێتێس، یەکەیەکی پێوانەیە.‏.
7جا عیسا پێی فەرموون: «کوپەکان پڕ بکەن لە ئاو.» ئەوانیش کوپەکانیان هەتا سەر پڕکرد.
8ئینجا پێی فەرموون: «ئێستا لێی دەربهێنن و بۆ گەورەی شاییەکەی ببەن!»
ئەوانیش بردیان. 9کاتێک گەورەی شاییەکە تامی ئەو ئاوەی کرد کە ببووە شەراب، سەرچاوەکەی نەدەزانی، بەڵام خزمەتکاران دەیانزانی، ئەوانەی ئاوەکەیان دەرهێنابوو. ئەوسا گەورەی شاییەکە زاوای بانگکرد و 10پێی گوت: «هەموو کەس یەکەم جار شەرابە چاکەکە دادەنێن، کاتێک مەست بوون، ئینجا خراپەکە. بەڵام تۆ هەتا ئێستا شەرابە چاکەکەت هێشتووەتەوە!»
11ئەو پەرجووەی#2‏:11 پەرجوو: موعجیزە.‏ عیسا لە قانای جەلیل کردی، یەکەمین نیشانەی بوو کە بەهۆیەوە شکۆی خۆی دەرخست، قوتابییەکانیشی باوەڕیان پێی هێنا.
12دواتر لەگەڵ دایکی و براکانی و قوتابییەکانی بەرەو شاری کەفەرناحوم دابەزین، چەند ڕۆژێک لەوێ مانەوە.
پاکسازی حەوشەکانی پەرستگا
13کە جەژنی پەسخەی#2‏:13 جەژنێکی جولەکەیە، یادی ڕزگاربوونی گەلی ئیسرائیلە لە میسر، بە ڕابەرایەتی موسا. نزیکەی 1400 ساڵ پ. ز.‏ جولەکەکان نزیک بووەوە، عیسا چوو بۆ ئۆرشەلیم. 14لە حەوشەکانی پەرستگا فرۆشیارانی گا و مەڕ و کۆتری بینی، پارەگۆڕەوانیش دانیشتبوون. 15قامچییەکی لە گوریس دروستکرد و هەمووانی لە حەوشەکانی پەرستگا دەرکرد، مەڕ و گا پێکەوە. پارەی پارەگۆڕەوانی پەرشوبڵاو کردەوە و مێزەکانی سەرەوژێر کرد، 16ئینجا بە کۆترفرۆشانی فەرموو: «ئەم شتانە لێرە هەڵگرن! ماڵی باوکم مەکەنە بازاڕ!» 17جا قوتابییەکانی هاتەوە بیریان کە نووسراوە: ﴿دڵگەرمی بۆ ماڵەکەت دەمسووتێنێت.﴾#2‏:17 زەبوورەکان 69‏:9‏‏
18جولەکەکان وەڵامیان دایەوە: «چ پەرجووێکمان نیشان دەدەیت تاکو دەسەڵاتی ئەنجامدانی هەموو ئەم کارانەت بسەلمێنێ؟»
19عیساش وەڵامی دانەوە: «ئەم پەرستگایە بڕووخێنن، بە سێ ڕۆژ هەڵیدەستێنمەوە.»
20ئینجا جولەکەکان گوتیان: «ئەم پەرستگایە بە چل و شەش ساڵ بنیاد نراوە، تۆ بە سێ ڕۆژ هەڵیدەستێنیتەوە؟» 21بەڵام ئەو باسی پەرستگای لەشی خۆی دەکرد. 22لەبەر ئەوە کاتێک لەناو مردووان هەستایەوە، قوتابییەکانی هاتەوە بیریان کە ئەمەی گوتبوو، ئینجا باوەڕیان هێنا بە نووسراوە پیرۆزەکە#2‏:22 مەبەست لە تەورات و زەبوور و وتەی پێغەمبەرانە.‏ و بەو قسەیەی عیسا فەرمووی.
23کاتێک عیسا لە جەژنی پەسخە لە ئۆرشەلیم بوو، زۆر کەس باوەڕیان بە ناوی هێنا، چونکە ئەو پەرجووانەیان#2‏:23 یۆنانی: نیشانە. لەلای یۆحەنا پەرجووەکانی (موعجیزەکانی) مەسیح نیشانە بوون بۆ تێگەیشتن لە پەیامی مەسیح. بڕوانە یۆحەنا 20‏:30.‏‏‏ بینی کە دەیکرد. 24بەڵام عیسا لەلای خۆیەوە متمانەی پێ نەکردن، چونکە هەموو خەڵکی دەناسی. 25ئەو پێویستی بە کەس نەبوو دەربارەی مرۆڤ شایەتی بۆ بدات، چونکە خۆی دەیزانی دڵی مرۆڤ چی تێدایە.

Àwon tá yàn lọ́wọ́lọ́wọ́ báyìí:

یۆحەنا 2: KSS

Ìsàmì-sí

Pín

Daako

None

Ṣé o fẹ́ fi àwọn ohun pàtàkì pamọ́ sórí gbogbo àwọn ẹ̀rọ rẹ? Wọlé pẹ̀lú àkántì tuntun tàbí wọlé pẹ̀lú àkántì tí tẹ́lẹ̀

Àwọn fídíò fún یۆحەنا 2