لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

تیتۆس 1:1-16

تیتۆس 1:1-16 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

پۆڵۆس، به‌نده‌ی خودا و په‌یامبه‌ری ئیشۆعی مه‌سیح، له‌ پێناوی باوه‌ڕی بژارده‌كانی خودا و ناسینی ڕه‌وا كه‌ به‌گوێره‌ی خواترسییه‌، به‌ هیوای ژیانی جاویدانی، ئه‌وه‌ی خودا، كه‌ درۆ ناكات، پێش ده‌ستپێكی زه‌مانه‌ ئه‌زه‌لیه‌كان به‌ڵێنی پێ داوه‌، له‌ كاتی خۆیدا وشه‌كه‌ی به‌ ڕاگه‌یاندن ده‌رخست، ئه‌وه‌ی به‌گوێره‌ی فه‌رمانی خودای ڕزگاریده‌رمان به‌ من سپێردرا. بۆ تتوسی ڕۆڵه‌ی ڕاسته‌قینه‌م به‌گوێره‌ی باوه‌ڕی هاوبه‌ش: به‌خشش و میهره‌بانی و ئاشتی له‌ خودای باوک و ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگاری ڕزگاریده‌رمان. له‌به‌ر ئه‌مه‌ تۆم له‌ قرێتێ به‌جێهێشت، تاكو ئه‌و شتانه‌ی ماونه‌ته‌وه‌ ڕێكیان بخه‌یت و له‌ هه‌موو شارێک پیران دابنێیت، وه‌ک ڕامسپاردوویت، ئه‌گه‌ر یه‌كێک گله‌یی له‌سه‌ر نه‌بێت، مێردی یه‌ک ژن بێت، منداڵه‌كانی باوه‌ڕداربن و كه‌س له‌سه‌ر به‌ڕه‌ڵایی و یاخیبوون سكاڵایان لێ نه‌كات. چونكه‌ پێویسته‌ چاودێر گله‌یی له‌سه‌ر نه‌بێت وه‌ک سه‌ركاری خودا، خۆسه‌پێن و تووڕه‌ و سه‌رخۆش و شه‌ڕفرۆش نه‌بێت، چڵێسیی قازانجكردنی به‌د نه‌بێت، به‌ڵكو میواندار بێت، خێرخواز بێت، ژیر بێت، خوداناس و پارسا و خۆڕاگر بێت. ده‌ست به‌ وشه‌ی متمانه‌ بگرێ كه‌ به‌گوێره‌ی ئامۆژگاریه‌، تاكو بتوانێت به‌ فێركردنێكی دروست ئامۆژگاری بكات، سه‌رزه‌نشتی به‌رهه‌ڵستكاران بكات. چونكه‌ یاخیبوو زۆرن، فێڵبازن و قسه‌ی ناڕه‌وا ده‌كه‌ن، به‌ تایبه‌تی بۆ خروسه‌بڕاوان. كه‌ ده‌بێت ده‌میان دابخرێت، چونكه‌ ته‌واوی خێزانه‌كان به‌ فێركردنێک تێكده‌ده‌ن كه‌ ناشێت، له‌پێناوی قازانجكردنی به‌د. یه‌كێكیان كه‌ پێغه‌مبه‌رێكی خۆیانه‌، وتی: “قرێتێییه‌كان هه‌رده‌م درۆزنن، دڕه‌نده‌ی به‌دكارن، نه‌وسن و ته‌مبه‌ڵن”. ئه‌م گه‌واهییه‌ ڕاسته‌. بۆیه‌ به‌ توندی سه‌رزه‌نشتیان بكه‌، تاكو له‌ باوه‌ڕدا دروست بن، گوێ نه‌ده‌ن به‌ ئه‌فسانه‌ی جوو و ڕاسپارده‌ی ئه‌وانه‌ی له‌ ڕه‌وا هه‌ڵگه‌ڕاونه‌ته‌وه‌‌. بۆ بێگه‌رده‌كان هه‌موو شتێک بێگه‌رده‌، به‌ڵام بۆ گڵاو و بێباوه‌ڕان هیچ شتێک بێگه‌رد نییه‌، به‌ڵكو هزر و ویژدانیشیان گڵاو بووه‌. ده‌ڵێن كه‌وا خودا ده‌ناسن، به‌ڵام به‌ كرده‌وه‌یان نكۆڵیی لێده‌كه‌ن، ئه‌وانه‌ قێزه‌وه‌نن، گوێڕایه‌ڵ نین، به‌كه‌ڵكی هیچ چاكه‌كارییه‌ک نایه‌ن.

هاوبەشی بکە
تیتۆس 1 بخوێنەوە

تیتۆس 1:1-16 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

لە پۆڵسەوە، بەندەی خودا و نێردراوی عیسای مەسیح، لە پێناوی گەشەکردنی باوەڕی ئەوانەی خودا هەڵیبژاردوون بۆ ناسینی ئەو ڕاستییەی کە بەرەو لەخواترسییان دەبات، بە هیوای ئەو ژیانە هەتاهەتاییەی کە خودا، ئەوەی هەرگیز درۆ ناکات، لەپێش دەستپێکی زەمان بەڵێنی داوە. لە کاتی خۆیدا وشەکەی بە ڕاگەیاندن دەرخست، ئەوەی بەگوێرەی فەرمانی خودای ڕزگارکەرمان بە من سپێردرا. بۆ تیتۆسی کوڕی ڕاستەقینەم بەگوێرەی باوەڕی هاوبەشمان: با نیعمەت و ئاشتی لە خودای باوک و عیسای مەسیحی ڕزگارکەرمانەوە لەگەڵت بێت. لەبەر ئەمە تۆم لە دوورگەی کریت بەجێهێشت، تاکو ئەو شتانەی ماونەتەوە ڕێکیان بخەیت و لە هەموو شارێکدا پیران دابنێیت، وەک ڕامسپاردوویت. پیر دەبێت گلەیی لەسەر نەبێت، مێردی یەک ژن بێت، منداڵەکانی باوەڕدار بن و کەس لەسەر بەڕەڵایی و یاخیبوون سکاڵایان لێ نەکات. لەبەر ئەوەی چاودێر سەرکاری خودایە، پێویستە گلەیی لەسەر نەبێت، خۆسەپێن و تووڕە و سەرخۆش و شەڕفرۆش نەبێت، چاوی لە دەستکەوتی ناڕەوا نەبێت، بەڵکو میوان دۆست بێت، حەز لە چاکە بکات، ژیر بێت، ڕاستودروست و پیرۆز و خۆڕاگر بێت. دەست بە پەیامی متمانەوە بگرێت کە بەگوێرەی فێرکردنە، تاکو بتوانێت بە فێرکردنی دروست خەڵک هانبدات، سەرزەنشتی بەرهەڵستکاران بکات. باسی ئەو شتانە دەکەم، چونکە خەڵکی یاخی زۆرن کە فێڵبازن و قسەی پووچ دەکەن، بە تایبەتی لەو تاقمەی کە دەڵێن دەبێ باوەڕدار خەتەنە بکرێت. دەبێت دەمی ئەمانە دابخرێت، چونکە بۆ دەستکەوتی ناڕەوا، بە فێرکردنە ناپەسەندەکانیان تەواوی خێزانەکان هەڵدەگەڕێننەوە. یەکێک لە پێغەمبەرانی دوورگەی کریت گوتوویەتی: «کریتییەکان هەمیشە درۆ دەکەن، دەعبای بەدکارن، نەوسنی تەمبەڵن.» ئەم شایەتییە ڕاستە. لەبەر ئەوە بە توندی سەرزەنشتیان بکە، تاکو لە باوەڕەکەدا دروست بن و سەرنج نەدەنە ئەفسانەی جولەکە و ڕاسپاردەی ئەو کەسانەی کە لە ڕاستی هەڵدەگەڕێنەوە. بۆ پاک هەموو شتێک پاکە، بەڵام بۆ گڵاو و بێباوەڕان هیچ شتێک پاک نییە. لەڕاستیدا، بیر و ویژدانیشیان گڵاو بووە. بانگەشەی ئەوە دەکەن کە خودا دەناسن بەڵام بە کردەوە نکۆڵی لێ دەکەن. ئەوانە قێزەونن و گوێڕایەڵ نین و بەکەڵکی هیچ چاکەکارییەک نایەن.

هاوبەشی بکە
تیتۆس 1 بخوێنەوە