لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

زەبوورەکان 4:44-19

زەبوورەکان 4:44-19 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

تۆ پاشاى منیت خودایه‌، تۆی فه‌رمانی ڕزگاری ده‌ده‌یت بۆ یاقوو. به‌هۆی تۆوه‌ دوژمنه‌كانمان ده‌به‌زێنین. به‌ ناوی تۆوه‌ ناحه‌زه‌كانمان پێشێل ده‌كه‌ین. من پشت به‌ كه‌وانه‌كه‌م نابه‌ستم، شمشێره‌كه‌م ڕزگارم ناكات. چونكه‌ تۆ له‌دوژمنه‌كانمان ڕزگارت كردین، ناحه‌زه‌كانمانت ڕیسوا كرد. به‌ درێژایی ڕۆژ شانازی به‌ خوداوه‌ ده‌كه‌ین، تاهه‌تایه‌ ستایشی ناوت ده‌كه‌ین. سیلاه‌. به‌ڵام ئێستا ڕه‌تت كردینه‌وه‌ و شه‌رمه‌زارت كردین، له‌گه‌ڵ سه‌ربازه‌كانمان ده‌رناچیت. وات لێكردین له‌به‌ر دوژمنه‌كانمان ڕابكه‌ین، دوژمنه‌كانمان تاڵانیان كردین. وه‌ک كاوڕ بۆ خواردن به‌ده‌سته‌وه‌ت داین، په‌رش و بڵاوی نێو نه‌ته‌وه‌كانت كردینه‌وه‌. گه‌لی خۆتت به‌خۆڕایی فرۆشت، قازانجت له‌ فرۆشتنه‌كه‌یان نه‌كردووه‌. ئێمه‌ت كردووه‌ به‌ مایه‌ی ڕیسوایی لای هاوسێكانمان، به‌ مایه‌ی گاڵته‌جاڕی و سووكایه‌تی پێكردن لای ئه‌وانه‌ی ده‌وروبه‌رمان. ئێمه‌ت كردووه‌ به‌ په‌ندی نه‌ته‌وه‌كان، خه‌ڵكی سه‌ریان ده‌له‌قێنن له‌ ئاستمان. شه‌رمه‌زاریم به‌ درێژایی ڕۆژ له‌ پێشمه‌، ڕیسواییم ڕووی داپۆشیوم. له‌به‌ر ده‌نگی توانج لێده‌ر و جنێو پێده‌رم، له‌ ڕووی دوژمن و تۆڵه‌سێنه‌ر. ئه‌مانه‌مان هه‌مووی به‌سه‌ر هاتووه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا تۆمان له‌بیر نه‌كردووه‌، په‌یمانی تۆمان نه‌شكاندووه‌. دڵمان پاشگه‌ز نه‌بووه‌ته‌وه‌، پێیه‌كانمان ڕێگای تۆیان به‌رنه‌داوه‌. به‌ڵام تۆ وردوخاشت كردین و ئێمه‌ت كرد به‌ جێگای چه‌قه‌ڵ، به‌ سێبه‌ری مه‌رگ داتپۆشین.

زەبوورەکان 4:44-19 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

تۆ پاشا و خودای منی، تۆی فەرمانی ڕزگاری دەدەیت بۆ یاقوب. لە ڕێگەی تۆوە دوژمنەکانمان دەبەزێنین، بە ناوی تۆوە ناحەزەکانمان پێشێل دەکەین. من پشت بە کەوانەکەم نابەستم، شمشێرەکەم ڕزگارم ناکات. بەڵام تۆ لە دوژمنەکانمان ڕزگارت کردین، تۆ ناحەزەکانی ئێمەت ڕیسوا کرد. بە درێژایی ڕۆژ شانازی بە خوداوە دەکەین، هەتاهەتایە ستایشی ناوت دەکەین. بەڵام ئێستا وازت لێ هێناوین و ڕیسوات کردین، لەگەڵ سوپاکانمان دەرناچیت. وات لێکردین لەبەر دوژمنەکانمان ڕابکەین، ناحەزەکانمان تاڵانیان کردین. وەک مەڕ بۆ سەربڕین بەدەستەوەت داین، لەنێو نەتەوەکان پەرشوبڵاوت کردینەوە. گەلی خۆتت هەرزان فرۆش کردووە، قازانجت لە فرۆشتنەکەیان نەکردووە. لەلای نەتەوەکانی دراوسێمان ئێمەت کردووە بە مایەی ڕیسوایی، بە مایەی گاڵتەجاڕی و سووکایەتی پێکردن لەلای ئەوانەی دەوروبەرمان. ئێمەت کردووە بە پەندی نەتەوەکان، خەڵکی سەریان بادەدەن لە ئاستمان. ڕیسواییم بە درێژایی ڕۆژ لەپێشمە، شەرمەزاریم ڕووی داپۆشیوم، لەبەر دەنگی توانج لێدەر و جنێو پێدەرم، لە ڕووی دوژمن و تۆڵەسێنەر. ئەمانەمان هەمووی بەسەرهاتووە، لەگەڵ ئەوەشدا تۆمان لەبیر نەکردووە، پەیمانی تۆمان نەشکاندووە. دڵمان پاشگەز نەبووەتەوە، پێیەکانمان ڕێگای تۆیان بەرنەداوە. بەڵام تۆ وردوخاشت کردین و ئێمەت کردە جێگای چەقەڵ، بە سێبەری مەرگ داتپۆشین.