لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

په‌سنییه‌كان 44

44
هی پێشه‌وای گۆرانیبێژانه‌. هۆنراوه‌یه‌كی ڕۆڵه‌كانی قۆڕه‌حه‌.
1 خودایه‌ به‌ گوێی خۆمان بیستمان. باوباپیرانمان پێیان ڕاگه‌یاندین تۆ له‌ ڕۆژگاری ئه‌وان، له‌ ڕۆژگاری كۆندا چیت كردووه‌.
2 به‌ ده‌ستی خۆت نه‌ته‌وه‌كانت ڕیشه‌كێش كرد و باوباپیرانی ئێمه‌ت چاند. گه‌لانت وردوخاش كرد و گه‌شه‌ت به‌ باوباپیرانمان دا.
3 ئه‌وان به‌ شمشێری خۆیان ده‌ستیان به‌سه‌ر زه‌ویدا نه‌گرت، به‌ بازووی خۆیان سه‌ركه‌وتنیان به‌ده‌ست نه‌هێنا. به‌ڵكو ده‌سته‌ ڕاست و بازوو و ڕووناكی ڕوخساری تۆ بوو، چونكه‌ لێیان ڕازی بوویت.
4 تۆ پاشاى منیت خودایه‌، تۆی فه‌رمانی ڕزگاری ده‌ده‌یت بۆ یاقوو.
5 به‌هۆی تۆوه‌ دوژمنه‌كانمان ده‌به‌زێنین. به‌ ناوی تۆوه‌ ناحه‌زه‌كانمان پێشێل ده‌كه‌ین.
6 من پشت به‌ كه‌وانه‌كه‌م نابه‌ستم، شمشێره‌كه‌م ڕزگارم ناكات.
7 چونكه‌ تۆ له‌دوژمنه‌كانمان ڕزگارت كردین، ناحه‌زه‌كانمانت ڕیسوا كرد.
8 به‌ درێژایی ڕۆژ شانازی به‌ خوداوه‌ ده‌كه‌ین، تاهه‌تایه‌ ستایشی ناوت ده‌كه‌ین. سیلاه‌.
9 به‌ڵام ئێستا ڕه‌تت كردینه‌وه‌ و شه‌رمه‌زارت كردین، له‌گه‌ڵ سه‌ربازه‌كانمان ده‌رناچیت.
10 وات لێكردین له‌به‌ر دوژمنه‌كانمان ڕابكه‌ین، دوژمنه‌كانمان تاڵانیان كردین.
11 وه‌ک كاوڕ بۆ خواردن به‌ده‌سته‌وه‌ت داین، په‌رش و بڵاوی نێو نه‌ته‌وه‌كانت كردینه‌وه‌.
12 گه‌لی خۆتت به‌خۆڕایی فرۆشت، قازانجت له‌ فرۆشتنه‌كه‌یان نه‌كردووه‌.
13 ئێمه‌ت كردووه‌ به‌ مایه‌ی ڕیسوایی لای هاوسێكانمان، به‌ مایه‌ی گاڵته‌جاڕی و سووكایه‌تی پێكردن لای ئه‌وانه‌ی ده‌وروبه‌رمان.
14 ئێمه‌ت كردووه‌ به‌ په‌ندی نه‌ته‌وه‌كان، خه‌ڵكی سه‌ریان ده‌له‌قێنن له‌ ئاستمان.
15 شه‌رمه‌زاریم به‌ درێژایی ڕۆژ له‌ پێشمه‌، ڕیسواییم ڕووی داپۆشیوم.
16 له‌به‌ر ده‌نگی توانج لێده‌ر و جنێو پێده‌رم، له‌ ڕووی دوژمن و تۆڵه‌سێنه‌ر.
17 ئه‌مانه‌مان هه‌مووی به‌سه‌ر هاتووه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا تۆمان له‌بیر نه‌كردووه‌، په‌یمانی تۆمان نه‌شكاندووه‌.
18 دڵمان پاشگه‌ز نه‌بووه‌ته‌وه‌، پێیه‌كانمان ڕێگای تۆیان به‌رنه‌داوه‌.
19 به‌ڵام تۆ وردوخاشت كردین و ئێمه‌ت كرد به‌ جێگای چه‌قه‌ڵ، به‌ سێبه‌ری مه‌رگ داتپۆشین.
20 ئه‌گه‌ر ناوی خودای خۆمان له‌بیركردایه‌، یان ده‌ستمان له‌به‌ر خودایه‌كی بیانی پان بكردایه‌وه‌،
21 ئایا لای خودا ئاشكرا نه‌ده‌بوو؟ چونكه‌ هه‌موو نهێنیه‌كانی دڵ ده‌زانی.
22 چونكه‌ ئێمه‌ له‌ پێناوی تۆ به‌ درێژایی ڕۆژ ڕووبه‌ڕووی مه‌رگ ده‌بینه‌وه‌. وه‌ک مه‌ڕ بۆ سه‌ربڕین داده‌نرێین.
23 ئه‌ی په‌روه‌ردگار به‌ ئاگابه‌! بۆ خه‌واڵوو بوویت‌؟ هه‌سته‌! تاهه‌تایه‌ وازمان لێ مه‌هێنه‌.
24 بۆچی ڕووی خۆتمان لێ‌ ده‌شاریته‌وه‌ و ته‌نگانه‌ و چه‌وسانه‌وه‌مان له‌بیرده‌كه‌یت؟
25 گیانمان به‌ره‌و زه‌وی شۆڕ بووه‌ته‌وه‌. سكمان به‌ زه‌وییه‌وه‌ لكاوه‌.
26 ڕاپه‌ڕه‌، بگه‌ فریامان، له‌به‌ر میهره‌بانیه‌كه‌ت بمانكڕه‌وه‌.

دیاریکراوەکانی ئێستا:

په‌سنییه‌كان 44: PNTZS

بەرچاوکردن

هاوبەشی بکە

لەبەرگرتنەوە

None

دەتەوێت هایلایتەکانت بپارێزرێت لەناو ئامێرەکانتدا> ? داخڵ ببە