زەبوورەکان 4:44-19
زەبوورەکان 4:44-19 KSS
تۆ پاشا و خودای منی، تۆی فەرمانی ڕزگاری دەدەیت بۆ یاقوب. لە ڕێگەی تۆوە دوژمنەکانمان دەبەزێنین، بە ناوی تۆوە ناحەزەکانمان پێشێل دەکەین. من پشت بە کەوانەکەم نابەستم، شمشێرەکەم ڕزگارم ناکات. بەڵام تۆ لە دوژمنەکانمان ڕزگارت کردین، تۆ ناحەزەکانی ئێمەت ڕیسوا کرد. بە درێژایی ڕۆژ شانازی بە خوداوە دەکەین، هەتاهەتایە ستایشی ناوت دەکەین. بەڵام ئێستا وازت لێ هێناوین و ڕیسوات کردین، لەگەڵ سوپاکانمان دەرناچیت. وات لێکردین لەبەر دوژمنەکانمان ڕابکەین، ناحەزەکانمان تاڵانیان کردین. وەک مەڕ بۆ سەربڕین بەدەستەوەت داین، لەنێو نەتەوەکان پەرشوبڵاوت کردینەوە. گەلی خۆتت هەرزان فرۆش کردووە، قازانجت لە فرۆشتنەکەیان نەکردووە. لەلای نەتەوەکانی دراوسێمان ئێمەت کردووە بە مایەی ڕیسوایی، بە مایەی گاڵتەجاڕی و سووکایەتی پێکردن لەلای ئەوانەی دەوروبەرمان. ئێمەت کردووە بە پەندی نەتەوەکان، خەڵکی سەریان بادەدەن لە ئاستمان. ڕیسواییم بە درێژایی ڕۆژ لەپێشمە، شەرمەزاریم ڕووی داپۆشیوم، لەبەر دەنگی توانج لێدەر و جنێو پێدەرم، لە ڕووی دوژمن و تۆڵەسێنەر. ئەمانەمان هەمووی بەسەرهاتووە، لەگەڵ ئەوەشدا تۆمان لەبیر نەکردووە، پەیمانی تۆمان نەشکاندووە. دڵمان پاشگەز نەبووەتەوە، پێیەکانمان ڕێگای تۆیان بەرنەداوە. بەڵام تۆ وردوخاشت کردین و ئێمەت کردە جێگای چەقەڵ، بە سێبەری مەرگ داتپۆشین.





