لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

لۆقا 8:21-24

لۆقا 8:21-24 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

فه‌رمووی: “وریابن! هه‌ڵنه‌خه‌ڵه‌تێن. چونكه‌ زۆر كه‌س به‌ ناوی منه‌وه‌ دێن و ده‌ڵێن: “من ئه‌وم! و كاته‌كه‌ نزیكبووه‌ته‌وه‌! دوایان مه‌كه‌ون. كاتێ جه‌نگ و ئاژاوه‌ ده‌بیستن مه‌تۆقن، چونكه‌ ده‌بێ یه‌كه‌مجار ئه‌م شتانه‌ ببێت، به‌ڵام پایان خێرا نایه‌ت”. ئینجا پێی فه‌رموون: “نه‌ته‌وه‌ له‌ نه‌ته‌وه‌ ڕاست ده‌بێته‌وه‌ و پاشایه‌تی له‌ پاشایه‌تی. له‌ زۆر شوێن بوومه‌له‌رزه‌ی مه‌زن و برسیێتی و ده‌رد ده‌بێت، ترس و نیشانه‌ی مه‌زنیش له‌ ئاسماندا ده‌بێت. پێش هه‌موو ئه‌مانه‌ش ده‌ست به‌سه‌رتاندا ده‌گرن و قاوتان ده‌ده‌ن، ڕاده‌ستی كه‌نیشت و زیندانیه‌كان ده‌كرێن، له‌ پێناوی ناوی من ده‌بردرێنه‌ به‌رده‌م پاشا و فه‌رمانڕه‌واكان. ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ گه‌واهیه‌ک بۆتان. بۆیه‌ له‌ دڵی خۆتان دایبنێن كه‌ پێشوه‌خت خۆتان ئاماده‌ نه‌كه‌ن بۆ به‌رگریكردن، چونكه‌ من ده‌م و داناییه‌كتان ده‌ده‌مێ كه‌ هه‌موو به‌رهه‌ڵسكارانتان نه‌توانن به‌رگری بكه‌ن و به‌رپه‌رچی بده‌نه‌وه‌. دایک و باوک و برا، خزم و هاوڕێیانیش به‌ گرتنتان ده‌ده‌ن و لێتان ده‌كوژن. له‌پێناوی ناوی من هه‌مووان ڕقیان لێتان ده‌بێته‌وه‌. به‌ڵام موویه‌كی سه‌رتان نافه‌وتێت. به‌ خۆڕاگرتنتان خۆتان ده‌به‌نه‌وه‌. كاتێ ده‌بینن به‌ سوپا ده‌وری یروشلایم دراوه‌، ئه‌وسا بزانن ڕووخانی نزیک بۆته‌وه‌. ئه‌و كاته‌ با ئه‌وانه‌ی له‌ ئیهوود دان‌ هه‌ڵبێن بۆ چیاكان و ئه‌وانه‌ی له‌نێویدان ده‌ربچن، ئه‌وانه‌ی له‌ دێیه‌كاندان نه‌یه‌نه‌ نێوی، چونكه‌ ئه‌مانه‌ ڕۆژانی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ن، تاكو هه‌رچی نووسراوه‌ بێته‌ دی. له‌و ڕۆژانه‌دا وه‌ی به‌حاڵ دووگیان و شیرده‌ران! چونكه‌ ناخۆشییه‌كی گه‌وره‌ به‌سه‌ر زه‌ویدا دێت و تووڕه‌ییش به‌سه‌ر ئه‌م گه‌له‌. به‌ زه‌بری شمشێر ده‌كه‌ون و بۆ هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان ڕاپێچ ده‌كرێن، یروشلایم له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه‌كانه‌وه‌ پێشێل ده‌كرێت، تاكو كاته‌كانی نه‌ته‌وه‌كان ته‌واو ده‌بێت.

هاوبەشی بکە
لۆقا 21 بخوێنەوە

لۆقا 8:21-24 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

فەرمووی: «وریابن هەڵنەخەڵەتێن، چونکە زۆر کەس بە ناوی منەوە دێن و دەڵێن: ”من ئەوم،“ و ”کاتەکە نزیک بووەتەوە.“ دوایان مەکەون. کاتێک گوێتان لە باسوخواسی جەنگ و شۆڕش دەبێت، مەتۆقن، چونکە جارێ دەبێ ئەم شتانە ببێت، بەڵام کۆتایی یەکسەر دوای ئەمە نایەت.» ئینجا پێی فەرموون: «نەتەوە لە نەتەوە ڕاست دەبێتەوە و شانشین لە شانشین. لە زۆر شوێن بوومەلەرزەی گەورە و قاتوقڕی و دەرد دەبێت، ترس و نیشانەی گەورەش لە ئاسماندا دەبێت. «بەڵام پێش هەموو ئەمانە دەتانگرن و دەتانچەوسێننەوە، ڕادەستی کەنیشت و بەندیخانەکان دەکرێن، لە پێناوی ناوی من دەبردرێنە بەردەم پاشا و فەرمانڕەوایان. بەو شێوەیە شایەتیم بۆ دەدەن. ئەوەتان لە بیر بێت کە پێشوەخت نیگەرانی ئەوە مەبن کە چۆن بەرگری لە خۆتان بکەن، چونکە من دەم و داناییەکتان دەدەمێ کە هەموو بەرهەڵستکارانتان نەتوانن بەرگری بکەن و بەرپەرچی بدەنەوە. تەنانەت دایک و باوک و برا، خزم و هاوڕێیانیش بە گرتنتان دەدەن، لێتان دەکوژن. لەبەر ناوی من هەمووان ڕقیان لێتان دەبێتەوە. بەڵام مووێکی سەرتان نافەوتێت. بە دانبەخۆداگرتن ژیانتان دەبەنەوە. «کاتێک دەبینن بە سوپا دەوری ئۆرشەلیم دراوە، ئەوسا بزانن ڕووخانی نزیک بووەتەوە. ئینجا ئەوانەی لە هەرێمی یەهودیا نیشتەجێن با هەڵبێن بۆ چیاکان و ئەوانەی لەناو شارەکەدان بچنە دەرەوە، هەروەها دانیشتووانی گوندەکان نەچنە ناو شار، چونکە ئەمانە ڕۆژانی تۆڵەسەندنەوەن، تاکو هەرچی نووسراوە بێتە دی. لەو ڕۆژانەدا قوڕبەسەر دووگیان و شیردەر، چونکە ناخۆشییەکی گەورە بەسەر زەویدا دێت و تووڕەییش بەسەر ئەم گەلە. بە شمشێر دەکوژرێن و بۆ نێو هەموو نەتەوەکان ڕاپێچ دەکرێن. ئۆرشەلیم لەلایەن ناجولەکەکانەوە پێشێل دەکرێت، هەتا ڕۆژگاری ناجولەکەکان تەواو دەبێت.

هاوبەشی بکە
لۆقا 21 بخوێنەوە