لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

لۆقا 8:21-24

لۆقا 8:21-24 KSS

فەرمووی: «وریابن هەڵنەخەڵەتێن، چونکە زۆر کەس بە ناوی منەوە دێن و دەڵێن: ”من ئەوم،“ و ”کاتەکە نزیک بووەتەوە.“ دوایان مەکەون. کاتێک گوێتان لە باسوخواسی جەنگ و شۆڕش دەبێت، مەتۆقن، چونکە جارێ دەبێ ئەم شتانە ببێت، بەڵام کۆتایی یەکسەر دوای ئەمە نایەت.» ئینجا پێی فەرموون: «نەتەوە لە نەتەوە ڕاست دەبێتەوە و شانشین لە شانشین. لە زۆر شوێن بوومەلەرزەی گەورە و قاتوقڕی و دەرد دەبێت، ترس و نیشانەی گەورەش لە ئاسماندا دەبێت. «بەڵام پێش هەموو ئەمانە دەتانگرن و دەتانچەوسێننەوە، ڕادەستی کەنیشت و بەندیخانەکان دەکرێن، لە پێناوی ناوی من دەبردرێنە بەردەم پاشا و فەرمانڕەوایان. بەو شێوەیە شایەتیم بۆ دەدەن. ئەوەتان لە بیر بێت کە پێشوەخت نیگەرانی ئەوە مەبن کە چۆن بەرگری لە خۆتان بکەن، چونکە من دەم و داناییەکتان دەدەمێ کە هەموو بەرهەڵستکارانتان نەتوانن بەرگری بکەن و بەرپەرچی بدەنەوە. تەنانەت دایک و باوک و برا، خزم و هاوڕێیانیش بە گرتنتان دەدەن، لێتان دەکوژن. لەبەر ناوی من هەمووان ڕقیان لێتان دەبێتەوە. بەڵام مووێکی سەرتان نافەوتێت. بە دانبەخۆداگرتن ژیانتان دەبەنەوە. «کاتێک دەبینن بە سوپا دەوری ئۆرشەلیم دراوە، ئەوسا بزانن ڕووخانی نزیک بووەتەوە. ئینجا ئەوانەی لە هەرێمی یەهودیا نیشتەجێن با هەڵبێن بۆ چیاکان و ئەوانەی لەناو شارەکەدان بچنە دەرەوە، هەروەها دانیشتووانی گوندەکان نەچنە ناو شار، چونکە ئەمانە ڕۆژانی تۆڵەسەندنەوەن، تاکو هەرچی نووسراوە بێتە دی. لەو ڕۆژانەدا قوڕبەسەر دووگیان و شیردەر، چونکە ناخۆشییەکی گەورە بەسەر زەویدا دێت و تووڕەییش بەسەر ئەم گەلە. بە شمشێر دەکوژرێن و بۆ نێو هەموو نەتەوەکان ڕاپێچ دەکرێن. ئۆرشەلیم لەلایەن ناجولەکەکانەوە پێشێل دەکرێت، هەتا ڕۆژگاری ناجولەکەکان تەواو دەبێت.