لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

کردار 36:7-53

کردار 36:7-53 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

ئه‌م ده‌ریهێنان، له‌ ماوه‌ی چل ساڵدا په‌رجو و نیشانه‌ی له‌ خاكی میسڕ و ده‌ریای سوور و چۆڵه‌وانیش كرد. ئه‌مه‌ ئه‌و مووشێیه‌ كه‌ به‌ نه‌وه‌ی ئیسڕائیلی وت: {خودا له‌نێو برایانتان پێغه‌مبه‌رێكی وه‌كو منتان بۆ په‌یداده‌كات، گوێی لێ بگرن} . هه‌ر ئه‌ویش بوو له‌ چۆڵه‌وانی له‌نێو وارگه‌كه‌دا بوو، له‌گه‌ڵ ئه‌و فریشته‌یه‌ی له‌ شاخی سینه‌ی قسه‌ی له‌گه‌ڵی ده‌كرد، له‌گه‌ڵ باوكانیشمان، ئه‌وه‌ی وته‌ زیندووه‌كانی وه‌رگرت تاكو بمانداتێ. به‌ڵام باوكانمان نه‌یانویست گوێڕایه‌ڵی بن. به‌ڵكو ڕه‌تیانكرده‌وه‌ و دڵیان بۆ میسڕ ده‌گه‌ڕایه‌وه‌. به‌ هاڕونیان وت: {خوداوه‌ندێكمان بۆ دروست بكه‌ له‌پێشمانه‌وه‌ بێت، چونكه‌ ئه‌م مووشێیه‌ی له‌ زه‌ویی میسڕه‌وه‌ ده‌ریهێناین نازانین چی لێهات!} . له‌و ڕۆژانه‌دا بتێكیان له‌ شێوه‌ی گۆلک دروستكرد و قوربانییان بۆ كرد، به‌ ده‌ستكردی خۆیان دڵشاد بوون. خوداش ڕووی لێ وه‌رگێڕان و وازی لێ هێنان ئه‌ستێره‌كانی ئاسمان بپه‌رستن، وه‌ک له‌ سیپاره‌ی پێغه‌مبه‌راندا نووسراوه‌: {ئه‌ی ماڵی ئیسڕائیل، ئایا به‌ درێژایی چل ساڵ له‌ چۆڵه‌وانی قوربانیی سه‌ربڕاو و پێشكه‌شكراوتان بۆ من كرد؟ نه‌خێر، به‌ڵكو ڕه‌شماڵی بتی مۆلۆختان له‌گه‌ڵ ئه‌ستێره‌ی خوداوه‌ندی خۆتان هه‌ڵگرت، ڕه‌مفان، ئه‌و په‌یكه‌رانه‌ی دروستتان كرد تاكو كڕنۆشی بۆ ببه‌ن. بۆیه‌ بۆ دوورتر له‌ باڤل دوورتان ده‌خه‌مه‌وه‌} . نشینگه‌ی گه‌واهیدانیش له‌ چۆڵه‌وانیدا له‌گه‌ڵ باوباپیرانمان بوو، هه‌روه‌ک ئه‌وه‌ی خودا فه‌رمانی به‌ مووشێ كرد له‌سه‌ر ئه‌و نموونه‌یه‌ دروستی بكات كه‌ بینیویه‌تی. جا باوكانمان نشینگه‌كه‌یان وه‌رگرت و له‌گه‌ڵ یه‌شوع بردییانه‌ نێو موڵكی ئه‌و گه‌لانه‌ی خودا له‌به‌رده‌می باوكانمان ده‌ریكردن تا ڕۆژانی داوید، ئه‌وه‌ی له‌لای خودا ڕه‌زامه‌ندیی به‌ده‌ستهێنا، ئه‌ویش هه‌وڵی دا نشینگه‌یه‌ک بۆ خوداوه‌ندی یاقوو دروست بكات. به‌ڵام شلیمون بوو كه‌ خانوویه‌كی بۆ دروستكرد. به‌ڵام خودای هه‌ره‌به‌رز له‌ ماڵی ده‌ستكرد نیشته‌جێ نابێت، وه‌ک پێغه‌مبه‌ر وتوویه‌تی: {ئاسمان ته‌ختی منه‌ و زه‌ویش ته‌خته‌پێمه‌، چ ماڵێكم بۆ بنیاد ده‌نێن؟ په‌روه‌ردگار ده‌فه‌رمووێ، له‌كوێیه‌ شوێنی حه‌وانه‌وه‌م؟ ئایا ده‌ستی من هه‌موو ئه‌م شتانه‌ی دروست نه‌كردووه‌؟} ئه‌ی كه‌ للـه‌ڕه‌قان، ئه‌ی دڵ و گوێ خروسه‌بڕان‌ نه‌كراوان! ئێوه‌ وه‌ک باوكانتان هه‌میشه‌ به‌ربه‌ره‌كانێی ڕووحی پارسا ده‌كه‌ن! باوكانتان چۆن بوون ئێوه‌ش وان. باوكانتان چ پێغه‌مبه‌رێكیان نه‌چه‌وساندۆته‌وه‌؟ ئه‌وانه‌شیان كوشت كه‌ زوو باسی هاتنی بێتاوانه‌كه‌یان ده‌كرد، ئه‌وه‌ی ئێستا ئێوه‌ ڕاده‌ستتان كرد و كوشتتان ئێوه‌ ته‌وراتتان به‌ ڕێنمایی فریشته‌كان وه‌رگرت و په‌یڕه‌وتان نه‌كرد”.

هاوبەشی بکە
کردار 7 بخوێنەوە

کردار 36:7-53 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

جا موسا گەلەکەی لە‏ میسر هێنایە‏ دەرەوە، پەرجوو و نیشانەی کرد لە خاکی میسر، لە دەریای سوور، هەروەها لە ماوەی چل ساڵدا لە چۆڵەوانی. «ئەمە ئەو موسایەیە کە بە نەوەی ئیسرائیلی گوت: ﴿خودا لەنێو براکانتان پێغەمبەرێکی وەک منتان بۆ دادەنێت.﴾ هەر ئەویش بوو لە چۆڵەوانی لەناو کڵێساکەدا بوو، لەگەڵ ئەو فریشتەیەی لە شاخی سینا قسەی لەگەڵی دەکرد، لەگەڵ باوباپیرانیشمان، ئەوەی وشە زیندووەکانی وەرگرت تاکو بمانداتێ. «بەڵام باوباپیرانمان نەیانویست گوێڕایەڵی بن. ئەویان ڕەتکردەوە و دڵیان بۆ میسر لێی دەدا. بە هارونیان گوت: ﴿چەند خوداوەندێکمان بۆ دروستبکە تاکو پێشڕەویمان بکەن، چونکە ئەم موسایە، ئەو پیاوەی ئێمەی لە خاکی میسرەوە دەرهێنا نازانین چی لێهات.﴾ لەو ڕۆژانەدا بتێکیان لە شێوەی گۆلک دروستکرد و قوربانییان بۆ کرد، بە دەستکردی خۆیان دڵشاد بوون. بەڵام خودا ڕووی لێ وەرگێڕان و وازی لێ هێنان ئەستێرەکانی ئاسمان بپەرستن، وەک لە پەڕتووکی پێغەمبەراندا نووسراوە: «﴿ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، ئایا بۆ ماوەی چل ساڵ لە چۆڵەوانی قوربانی سەربڕاو و پێشکەشکراوتان بۆ هێنام؟ نەخێر، بەڵکو نزرگەی بتی مۆلەختان لەگەڵ ئەستێرەی خوداوەندەکەتان هەڵگرت، ڕێفان، ئەو پەیکەرانەی دروستتان کرد تاکو بیانپەرستن. لەبەر ئەوە من بۆ شوێنێک ڕاپێچتان دەکەم کە لە بابل دوورترە.﴾ «چادری پەرستنی شایەتیش لە چۆڵەوانیدا لەگەڵ باوباپیرانمان بوو، هەروەک ئەوەی خودا فەرمانی بە موسا کرد لەسەر ئەو نموونەیە دروستی بکات کە بینیویەتی. جا باوباپیرانمان چادری پەرستنیان وەرگرت و لەگەڵ یەشوع بردیانە ناو موڵکی ئەو گەلانەی خودا لەبەردەمی باوکانمان دەریکردن هەتا ڕۆژانی داود، ئەوەی لەلای خودا ڕەزامەندی بەدەستهێنا، ئەویش هەوڵی دا نشینگەیەک بۆ خودای یاقوب دروستبکات. کەچی ئەوە سلێمان بوو کە ماڵێکی بۆ دروستکرد. «بەڵام خودای هەرەبەرز لە ماڵی دەستکرد نیشتەجێ نابێت، هەروەک پێغەمبەر ئیشایا گوتوویەتی: «﴿ئاسمان تەختی منە و زەویش تەختەپێمە، چ ماڵێکم بۆ بنیاد دەنێن؟ یەزدان دەفەرموێ، لەکوێیە شوێنی حەوانەوەم؟ ئایا دەستی من هەموو ئەم شتانەی دروستنەکردووە؟﴾ «ئەی کەللەڕەقان، ئەی دڵ و گوێ خەتەنەنەکراوان! ئێوە وەک باوباپیرانتان هەمیشە بەربەرەکانێی ڕۆحی پیرۆز دەکەن! باوباپیرانتان چ پێغەمبەرێکیان نەچەوساندووەتەوە؟ ئەوانەشیان کوشت کە زوو باسی هاتنی ڕاستودروستەکەیان دەکرد، ئەوەی ئێستا ئێوە بە گرتنتان دا و کوشتتان. ئێوە تەوراتتان بە ڕێنمایی فریشتەکان وەرگرت بەڵام پەیڕەوتان نەکرد.»

هاوبەشی بکە
کردار 7 بخوێنەوە