جا موسا گەلەکەی لە میسر هێنایە دەرەوە، پەرجوو و نیشانەی کرد لە خاکی میسر، لە دەریای سوور، هەروەها لە ماوەی چل ساڵدا لە چۆڵەوانی. «ئەمە ئەو موسایەیە کە بە نەوەی ئیسرائیلی گوت: ﴿خودا لەنێو براکانتان پێغەمبەرێکی وەک منتان بۆ دادەنێت.﴾ هەر ئەویش بوو لە چۆڵەوانی لەناو کڵێساکەدا بوو، لەگەڵ ئەو فریشتەیەی لە شاخی سینا قسەی لەگەڵی دەکرد، لەگەڵ باوباپیرانیشمان، ئەوەی وشە زیندووەکانی وەرگرت تاکو بمانداتێ. «بەڵام باوباپیرانمان نەیانویست گوێڕایەڵی بن. ئەویان ڕەتکردەوە و دڵیان بۆ میسر لێی دەدا. بە هارونیان گوت: ﴿چەند خوداوەندێکمان بۆ دروستبکە تاکو پێشڕەویمان بکەن، چونکە ئەم موسایە، ئەو پیاوەی ئێمەی لە خاکی میسرەوە دەرهێنا نازانین چی لێهات.﴾ لەو ڕۆژانەدا بتێکیان لە شێوەی گۆلک دروستکرد و قوربانییان بۆ کرد، بە دەستکردی خۆیان دڵشاد بوون. بەڵام خودا ڕووی لێ وەرگێڕان و وازی لێ هێنان ئەستێرەکانی ئاسمان بپەرستن، وەک لە پەڕتووکی پێغەمبەراندا نووسراوە: «﴿ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، ئایا بۆ ماوەی چل ساڵ لە چۆڵەوانی قوربانی سەربڕاو و پێشکەشکراوتان بۆ هێنام؟ نەخێر، بەڵکو نزرگەی بتی مۆلەختان لەگەڵ ئەستێرەی خوداوەندەکەتان هەڵگرت، ڕێفان، ئەو پەیکەرانەی دروستتان کرد تاکو بیانپەرستن. لەبەر ئەوە من بۆ شوێنێک ڕاپێچتان دەکەم کە لە بابل دوورترە.﴾ «چادری پەرستنی شایەتیش لە چۆڵەوانیدا لەگەڵ باوباپیرانمان بوو، هەروەک ئەوەی خودا فەرمانی بە موسا کرد لەسەر ئەو نموونەیە دروستی بکات کە بینیویەتی. جا باوباپیرانمان چادری پەرستنیان وەرگرت و لەگەڵ یەشوع بردیانە ناو موڵکی ئەو گەلانەی خودا لەبەردەمی باوکانمان دەریکردن هەتا ڕۆژانی داود، ئەوەی لەلای خودا ڕەزامەندی بەدەستهێنا، ئەویش هەوڵی دا نشینگەیەک بۆ خودای یاقوب دروستبکات. کەچی ئەوە سلێمان بوو کە ماڵێکی بۆ دروستکرد. «بەڵام خودای هەرەبەرز لە ماڵی دەستکرد نیشتەجێ نابێت، هەروەک پێغەمبەر ئیشایا گوتوویەتی: «﴿ئاسمان تەختی منە و زەویش تەختەپێمە، چ ماڵێکم بۆ بنیاد دەنێن؟ یەزدان دەفەرموێ، لەکوێیە شوێنی حەوانەوەم؟ ئایا دەستی من هەموو ئەم شتانەی دروستنەکردووە؟﴾ «ئەی کەللەڕەقان، ئەی دڵ و گوێ خەتەنەنەکراوان! ئێوە وەک باوباپیرانتان هەمیشە بەربەرەکانێی ڕۆحی پیرۆز دەکەن! باوباپیرانتان چ پێغەمبەرێکیان نەچەوساندووەتەوە؟ ئەوانەشیان کوشت کە زوو باسی هاتنی ڕاستودروستەکەیان دەکرد، ئەوەی ئێستا ئێوە بە گرتنتان دا و کوشتتان. ئێوە تەوراتتان بە ڕێنمایی فریشتەکان وەرگرت بەڵام پەیڕەوتان نەکرد.»
کردار 7 بخوێنەوە
گوێگرتن لە کردار 7
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: کردار 36:7-53
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان