لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

تتوس 3

3
1 یادیان بخه‌ره‌وه‌ ملكه‌چی فه‌رمانڕه‌وایان و ده‌سه‌ڵاتداران بن، گوێڕایه‌ڵ بن، بۆ هه‌موو كارێكی چاک ئاماده‌بن، 2 قسه‌ به‌ كه‌س نه‌ڵێن، ناكۆک نه‌بن، هه‌ستیار بن، له‌گه‌ڵ هه‌موو خه‌ڵک دڵنه‌رمی پیشان بده‌ن. 3 چونكه‌ پێشتر ئێمه‌ش گێل و یاخی و گومڕا بووین، به‌نده‌ی هه‌وه‌س و چێژی جۆراوجۆر بووین، له‌ كینه‌ و ئیره‌یی ده‌ژیاین، ئێسكگران، ڕقمان له‌ یه‌كتری بوو. 4 به‌ڵام، كاتێ نیانیی خودای ڕزگاریده‌رمان و خۆشویستنه‌كه‌ی ده‌ركه‌وت، 5 نه‌ک به‌هۆی كاری خوداناسی كه‌ ئێمه‌ كردوومانه‌، به‌ڵكو به‌گوێره‌ی میهره‌بانیی خۆی ڕزگاری كردین، به‌ شوشتنی له‌دایكبوونه‌وه‌ و نوێكردنه‌وه‌ی ڕووحی پارسا، 6 ئه‌وه‌ی به‌ ئیشۆعی مه‌سیحی ڕزگاریده‌رمان به‌ ده‌ستفراوانی به‌سه‌رمانیدا ڕشت، 7 تاكو، پاش ئه‌وه‌ی به‌ به‌خششی ئه‌و بێتاوان كراین، به‌گوێره‌ی هیوای ژیانی جاویدانی ده‌بینه‌ میراتگر. 8 ئه‌م وشه‌یه‌ ڕاسته‌. سه‌باره‌ت به‌م شتانه‌ ده‌مه‌وێ سووربیت، تاكو ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕیان به‌ خودا هێنا بایه‌خ به‌ كرداری چاک بده‌ن. ئه‌م شتانه‌ باش و سوودبه‌خشه‌ بۆ خه‌ڵک. 9 به‌ڵام له‌ گفتوگۆی گێلانه‌ و ڕه‌چه‌ڵه‌ک و ناكۆكی و جه‌نگ له‌سه‌ر ته‌ورات دووربكه‌وه‌، چونكه‌ بێ كه‌ڵک و ناڕه‌وایه‌. 10 ناكۆكیكار ئاگادار بكه‌وه‌، له‌دوای جارێک و دووان، لێی دووربكه‌وه‌. 11 ده‌زانیت وه‌ک ئه‌مه‌ لاده‌ره‌ و گوناه‌ ده‌كات، خۆی حوكمی به‌سه‌ر خۆی داوه‌.
12 كاتێ ئه‌رتیماس یان تۆخیقۆس ده‌نێرمه‌ لات، هه‌وڵ بده‌ له‌ نیكۆپۆلیس وه‌ره‌ لام، چونكه‌ به‌ته‌مام له‌ زستاندا له‌وێ بم. 13 هه‌وڵبده‌ زیناسی پارێزه‌ر و ئه‌پۆلۆس بنێری،
تاكو پێوستیان به‌ هیچ نه‌بێت. 14 پێویسته‌ خه‌ڵكه‌كه‌مان فێربن خۆیان ته‌رخان بكه‌ن
بۆ كرداری چاک بۆ پێداویستییه‌ گرنگه‌كان، تاكو بێبه‌رهه‌م نه‌بن.
15 هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵمدان سڵاوت لێده‌كه‌ن.
سڵاو له‌وانه‌ بكه‌ كه‌ له‌ باوه‌ڕدا ئێمه‌یان خۆشده‌وێت.
به‌خشش له‌گه‌ڵ هه‌مووتان بێت.
ئامین.

دیاریکراوەکانی ئێستا:

تتوس 3: PNTZS

بەرچاوکردن

هاوبەشی بکە

لەبەرگرتنەوە

None

دەتەوێت هایلایتەکانت بپارێزرێت لەناو ئامێرەکانتدا> ? داخڵ ببە