لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

ڕۆما 8

8
1 كه‌واته‌ ئێستا تاوانباركردن بۆ ئه‌وانه‌ نییه‌ كه‌ له‌ ئیشۆعی مه‌سیحدان، ئه‌وانه‌ی به‌پێی جه‌سته‌ ڕه‌فتار ناكه‌ن، به‌ڵكو به‌پێی ڕووح 2 چونكه‌ یاسای ڕووحی ژیان له‌ ئیشۆعی مه‌سیحدا، له‌ یاسای گوناه‌ و مه‌رگ ئازادی كردم. 3 چونكه‌ ئه‌وه‌ی له‌ توانای ته‌وراتدا نه‌بوو، له‌وه‌ی به‌ جه‌سته‌ لاواز بوو، خودا به‌ ناردنی ڕۆڵه‌كه‌ی خۆی له‌ شێوه‌ی جه‌سته‌ی گوناهبار و له‌پێناوی گوناه‌. له‌ جه‌سته‌دا گوناهی تاوانبار كرد، 4 تاكو حوكمی ته‌ورات له‌ ئێمه‌دا بێته‌ دی، كه‌ به‌گوێره‌ی جه‌سته‌ ڕه‌فتار ناكه‌ین، به‌ڵكو به‌گوێره‌ی ڕووح. 5 چونكه‌ ئه‌وانه‌ی به‌گوێره‌ی جه‌سته‌ن بایه‌خ به‌ كاروباری جه‌سته‌ ده‌ده‌ن، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی به‌گوێره‌ی ڕووحن، بایه‌خ به‌ كاروباری ڕووح ده‌ده‌ن. 6 چونكه‌ بایه‌خی جه‌سته‌ مه‌رگه‌، به‌ڵام بایه‌خی ڕووح ژیان و ئاشتییه‌. 7 بایه‌خی جه‌سته‌ دوژمنایه‌تیی خودایه‌، چونكه‌ ملكه‌چی ته‌وراتی خودا نابێت، چونكه‌ ناتوانێت. 8 جا ئه‌وانه‌ی له‌ جه‌سته‌دان ناتوانن خودا ڕازی بكه‌ن. 9 به‌ڵام ئێوه‌، ئه‌گه‌ر ڕووحی خودا له‌نێوتاندا نیشته‌جێ بێت، ئه‌وا له‌ جه‌سته‌دا نین، به‌ڵكو له‌ ڕووحدان. به‌ڵام ئه‌گه‌ر یه‌كێكیش ڕووحی مه‌سیحی نه‌بێت، ئه‌وا هی مه‌سیح نییه‌. 10 ئه‌گه‌ر مه‌سیح له‌ ئێوه‌دا بێت، ئه‌وا له‌ش به‌هۆی گوناه‌ مردووه‌، به‌ڵام ڕووح به‌هۆی بێتاوانی زیندووه‌. 11 ئه‌گه‌ر ڕووحی ئه‌وه‌ی ئیشۆعی له‌نێو مردووان هه‌ستانده‌وه‌ له‌ ئێوه‌دا نیشته‌جێ بێت، ئه‌وا ئه‌وه‌ی مه‌سیحی له‌نێو مردووان هه‌ستانده‌وه‌ به‌ ڕووحی خۆی كه‌ له‌ ئێوه‌دا نیشته‌جێیه‌ له‌شی مردووشتان زیندوو ده‌كاته‌وه‌. 12 كه‌واته‌ برایان، ئێمه‌ قه‌رزارین به‌ڵام هی جه‌سته‌ نا، تاكو به‌گوێره‌ی جه‌سته‌ بژین. 13 چونكه‌ ئه‌گه‌ر ئێوه‌ به‌گوێره‌ی جه‌سته‌ بژین ده‌مرن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌ ڕووح كرداره‌كانی له‌شتان مراند ئه‌وا ده‌ژین. 14 چونكه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی به‌ ڕووحی خودا ده‌هاژوورێن، ئه‌وانه‌ ڕۆڵه‌ی خودان. 15 چونكه‌ ڕووحی كۆیله‌ییتان وه‌رنه‌گرتووه‌ بۆ ترس، به‌ڵكو ڕووحی ڕۆڵه‌یێتیتان وه‌رگرتووه‌، كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ هاوار ده‌كه‌ین: “بابه‌! باوكه‌!” 16 ڕووح خۆی گه‌واهیی بۆ ڕووحمان ده‌دات كه‌ ئێمه‌ ڕۆڵه‌ی خوداین. 17 ئه‌گه‌ر ڕۆڵه‌ بین، میراتگریشین، میراتگری خودا و هاومیراتی مه‌سیح، ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌و ئازار بچێژین، بۆ ئه‌وه‌ی تاكو له‌گه‌ڵ ئه‌و شكۆدار بین.
18 پێم وایه‌ ئازاره‌كانی ئێستا له‌گه‌ڵ شكۆی داهاتوو كه‌ تیاماندا ئاشكرا ده‌كرێت به‌راورد ناكرێت. 19 چونكه‌ ئافریده‌ چاوه‌ڕێ ده‌كات ڕۆڵه‌كانی خودا ئاشكرا بكرێن. 20 چونكه‌ ئافریده‌ بۆ وه‌ڕسبوون ملكه‌چ كرا، نه‌ک به‌ ئاره‌زوو، به‌ڵكو له‌پێناوی ئه‌وه‌ی ملكه‌چی كرد، به‌ هیوای ئه‌وه‌ی 21 ئافریده‌ له‌ كۆیلایه‌تی گه‌نده‌ڵی ئازاد بكرێت به‌ره‌و سه‌ربه‌ستیی شكۆمه‌ندی ڕۆڵه‌كانی خودا. 22 ده‌زانین هه‌موو ئافریده‌ تا ئێستا به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت و ژانیگرتووه‌. 23 نه‌ک ته‌نها ئه‌مه‌، به‌ڵكو ئێمه‌ش كه‌ نۆبه‌ره‌ی ڕووحمان هه‌یه‌، خۆشمان له‌ ناخماندا ده‌ناڵێنین كه‌ به‌ په‌رۆشه‌وه‌‌ چاوه‌ڕێی ڕۆڵه‌یێتین، به‌ قوربانیدانی جه‌سته‌مان. 24 چونكه‌ به‌ هیواوه‌ ڕزگارمان بوو. به‌ڵام هیوای بینراو هیوا نییه‌. چونكه‌ ئه‌وه‌ی ده‌یبینی هیوای چی پێ ده‌خوازیت؟ 25 به‌ڵام ئه‌گه‌ر هیوای شتێک بخوازین كه‌ بینراو نییه‌، ئه‌وا به‌ دانبه‌خۆداگرتنه‌وه‌ چاوه‌ڕێی ده‌كه‌ین. 26 به‌ هه‌مان شێوه‌ ڕووح له‌ لاوازییه‌كانماندا یارمه‌تیمان ده‌دات. چونكه‌ نازانین پێویسته‌ له‌پێناوی چی نوێژ بكه‌ین، به‌ڵام ڕووح خۆی به‌ ناڵه‌وه‌ داكۆكیمان لێده‌كات به‌ شێوه‌یه‌ک كه‌ باس ناكرێت. 27 به‌ڵام ئه‌وه‌ی دڵ ده‌پشكنێت، ده‌زانێت بایه‌خی ڕووح چییه‌، چونكه‌ به‌گوێره‌ی خواستی خودا داكۆكی له‌ پارساكان ده‌كات. 28 ئێمه‌ ده‌زانین كه‌ هه‌موو شته‌كان بێگه‌وه‌ كارده‌كه‌ن بۆ چاكه‌ی ئه‌وانه‌ی خودایان خۆشده‌وێت، ئه‌وانه‌ی به‌گوێره‌ی مه‌به‌ستی ئه‌و بانگكراون. 29 چونكه‌ ئه‌وانه‌ی پێشتر ناسیبوونی، پێشتر دیاری كردن بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ک وێنه‌ی ڕۆڵه‌كه‌ی ئه‌ویان لێ بێت، تاكو له‌نێو برایانی زۆردا ئه‌و ببێته‌ نۆبه‌ره‌. 30 ئه‌وانه‌ی پێشتر دیاری كردن بانگیشی كردن، ئه‌وانه‌ی بانگی كردن بێتاوانیشی كردن، ئه‌وانه‌ی بێتاوانی كردن شكۆداریشی كردن.
31 ئیتر چی به‌مه‌ بڵێین؟ ئه‌گه‌ر خودا له‌گه‌ڵمان بێت كێ دژمانه‌؟ 32 ئه‌وه‌ی به‌زه‌‌یی به‌ ڕۆڵه‌كه‌ی خۆی نه‌هاته‌وه‌، به‌ڵكو له‌ پێناوی هه‌موومان به‌ختی كرد، ئیتر چۆن له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو شتێكمان پێ نابه‌خشێت؟ 33 كێ سكاڵا له‌ بژارده‌كانی خودا ده‌كات؟ خودایه‌ ئه‌وه‌ی بێتاوان ده‌كات. 34 كێیه‌ تاوانبار ده‌كات؟ مه‌سیحه‌ كه‌وا مرد، به‌ڵكو هه‌ستاشه‌وه‌، هه‌ر ئه‌ویش له‌لای ڕاستی خودایه‌ و داكۆكیمان لێده‌كات. 35 كێ له‌ خۆشویستنی مه‌سیح جیامان ده‌كاته‌وه‌؟ توندی یان ته‌نگانه‌ یان چه‌وسانه‌وه‌ یان برسیێتی یان ڕووتی یان مه‌ترسی یاخود شمشێر؟ 36 وه‌ک نووسراوه‌: {له‌ پێناوی تۆ به‌ درێژایی ڕۆژ ڕووبه‌ڕووی مه‌رگ ده‌بینه‌وه‌، وه‌ک كاوڕ بۆ سه‌ربڕین داده‌نرێین}. 37 به‌ڵام له‌ هه‌موو ئه‌مانه‌دا سه‌ركه‌وتنمان مه‌زن ده‌بێت به‌وه‌ی خۆشیویستووین. 38 چونكه‌ دڵنیام نه‌ مه‌رگ و نه‌ ژیان، نه‌ فریشته‌كان و نه‌ سه‌رۆكه‌كان و نه‌ هێزه‌كان، نه‌ شته‌كانی ئێستا و نه‌ شته‌كانی داهاتوو 39 نه‌ به‌رزی و نه‌ قووڵی، نه‌ ئافریده‌ی دیكه‌، ناتوانێت له‌ خۆشویستنی خودا جیامان بكاته‌وه‌ ئه‌وه‌ی له‌ ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگارمانه‌.

دیاریکراوەکانی ئێستا:

ڕۆما 8: PNTZS

بەرچاوکردن

هاوبەشی بکە

لەبەرگرتنەوە

None

دەتەوێت هایلایتەکانت بپارێزرێت لەناو ئامێرەکانتدا> ? داخڵ ببە