لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

بینین 17

17
1 ئینجا یه‌كێک له‌و حه‌وت فریشته‌یه‌ی حه‌وت جامه‌كه‌یان پێبوو پێی وتم: “وه‌ره‌ با سزای داوێنپیسه‌ مه‌زنه‌كه‌ت پیشان بده‌م كه‌ له‌سه‌ر ئاوه‌ زۆره‌كان دانیشتووه‌. 2 ئه‌وه‌ی پاشاكانی زه‌وی داوێنپیسییان له‌گه‌ڵ كردووه‌، دانیشتووانی زه‌وی به‌ مه‌یی داوێنپیسییه‌كه‌ی سه‌رخۆش بوون”. 3 ئه‌ویش له‌ ڕووحدا بردمییه‌ چۆڵه‌وانیه‌ک، بینیم ژنێک له‌سه‌ر دڕنده‌یه‌كی قرمزی دانیشتووه‌ كه‌ به‌ ناوی كفر داپۆشرابوو، حه‌وت سه‌ر و ده‌ قۆچی هه‌بوو. 4 ژنه‌كه‌ به‌ ئه‌رخه‌وانی و قرمزی پۆشرا بوو، به‌ زێڕ و به‌ردی گرانبه‌ها و مرواری ڕازابووه‌وه‌، جامێكی زێڕینی به‌ده‌سته‌وه‌ بوو، پڕ له‌ قێز و گڵاویی داوێنپیسییه‌كه‌ی. 5 له‌سه‌ر نێوچه‌وانیشی ناوێک نووسرابوو: “نهێنیه‌ک. باڤلی مه‌زن، دایكی داوێنپیسان و قێزه‌وه‌نانی زه‌وی”. 6 هه‌روه‌ها بینیم كه‌ ژنه‌كه‌ به‌ خوێنی پارساكان و خوێنی شه‌هیدانی ئیشۆع سه‌رخۆش ببوو. به‌ بینینی زۆر سه‌رسام بووم!
7 فریشته‌كه‌ پێی وتم: “بۆچی سه‌رسام بوویت؟ نهێنی ژنه‌كه‌ و ئه‌و دڕنده‌یه‌ی هه‌ڵیگرتووه‌ پێت ده‌ڵێم، كه‌ حه‌وت سه‌ر و ده‌ قۆچی هه‌یه‌: 8 ئه‌و دڕنده‌یه‌ی بینیت هه‌بووه‌ و ئێستا نییه‌، خه‌ریكه‌ له‌ دۆڵی بێبن ده‌رده‌چێت و بۆ له‌ناوچوون ده‌ڕوات. دانیشتووانی زه‌وی، ئه‌وانه‌ی له‌ دامه‌زراندنی جیهانه‌وه‌ ناویان له‌ سیپاره‌ی ژیاندا نه‌نووسراوه‌، سه‌رسامیان ده‌كات كه‌ ده‌بینن دڕنده‌كه‌ هه‌بووه‌ و ئێستا نییه‌ كه‌ دێته‌وه‌ش. 9 ئه‌مه‌یه‌ هزری دانا! حه‌وت سه‌ره‌كه‌: حه‌وت چیان كه‌ ژنه‌كه‌ له‌سه‌ریان دانیشتووه‌، 10 حه‌وت پاشاكه‌ش: پێنجیان كه‌وتن و یه‌كێكیان هه‌یه‌ و ئه‌وی دیكه‌ هێشتا نه‌هاتووه‌. كاتێكیش دێت پێویسته‌ كه‌مێک بمێنێته‌وه‌. 11 ئه‌و دڕنده‌یه‌ی هه‌بووه‌ و ئێستا نییه‌ هه‌شته‌مینه‌، به‌ڵام له‌ حه‌وته‌كه‌یه‌ و بۆ له‌ناوچوون ده‌ڕوات. 12 ئه‌و ده‌ قۆچه‌ی بینیت ده‌ پاشان، هێشتا پاشایه‌تییان وه‌رنه‌گرتووه‌، به‌ڵام بۆ ماوه‌ی یه‌ک كاژێر له‌گه‌ڵ دڕنده‌كه‌ وه‌كو پاشا ده‌سه‌ڵات وه‌رده‌گرن. 13 ئه‌وانه‌ یه‌ک مه‌به‌ستیان هه‌یه‌، هێز و ده‌سه‌ڵاتی خۆیان ده‌ده‌نه‌ دڕنده‌كه‌. 14 ئه‌وانه‌ له‌گه‌ڵ كاوڕه‌كه‌ ده‌جه‌نگێن، كاوڕه‌كه‌ ده‌یانبه‌زێنێت، چونكه‌ په‌روه‌ردگاری په‌روه‌ردگارانه‌ و پاشای پاشایانه‌، ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵیدان بانگكراو و بژارده‌ و باوه‌ڕدارن”. 15 ئینجا پێی وتم: “ئه‌و ئاوانه‌ی بینیت، كه‌ داوێنپیسه‌كه‌ له‌وێ دانیشتووه‌، گه‌ل و خه‌ڵک و نه‌ته‌وه‌ و زمانن. 16 ده‌ قۆچه‌كه‌ و دڕنده‌كه‌ی كه‌وا بینیت، ئه‌وانه‌ ڕق له‌ داوێنپیسه‌كه‌ هه‌ڵده‌گرن، وێران و ڕووتی ده‌كه‌نه‌وه‌، گۆشته‌كه‌ی ده‌خۆن و به‌ ئاگر ده‌یسووتێنن. 17 چونكه‌ خودا خستووه‌ته‌ دڵیان به‌ مه‌به‌ستی بكه‌ن و ڕێک بكه‌ون، ده‌سه‌ڵاتیان بده‌نه‌ دڕنده‌كه‌، تاكو وشه‌كانی خودا بێته‌ دی. 18 ئه‌و ژنه‌ی بینیشت، ئه‌و شاره‌ مه‌زنه‌یه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر پاشاكانی زه‌ویدا هه‌یه‌”.

دیاریکراوەکانی ئێستا:

بینین 17: PNTZS

بەرچاوکردن

هاوبەشی بکە

لەبەرگرتنەوە

None

دەتەوێت هایلایتەکانت بپارێزرێت لەناو ئامێرەکانتدا> ? داخڵ ببە