لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

بینین 11

11
1 پاشان قامیشێكی وه‌ک داری پێوانه‌م پێدرا، فریشته‌كه‌ وه‌ستا و پێی وتم: “هه‌سته‌، په‌رستگای خودا و قوربانگا و كڕنۆشبه‌ران بپێوه‌. 2 واز له‌ حه‌وشه‌ی په‌رستگا بهێنه‌ و مه‌یپێوه‌، چونكه‌ به‌ نه‌ته‌وه‌كان دراوه‌، چل و دوو مانگیش شاری پارسا پێشێل ده‌كه‌ن. 3 به‌ دوو گه‌واهیده‌ره‌كانم ده‌ده‌م بۆ هه‌زار و دوو سه‌د و شه‌ست ڕۆژ به‌ به‌رگی ماته‌مه‌وه‌ پێشبینی بكه‌ن”. 4 ئه‌مانه‌ ئه‌و دوو دارزه‌یتوونه‌ و ئه‌و دوو چرادانه‌ن كه‌ له‌به‌رده‌م په‌روه‌ردگاری زه‌وی ڕاوه‌ستاون. 5 ئه‌گه‌ر یه‌كێک بیه‌وێت زیانیان پێ بگه‌یێنێت، ئاگر له‌ ده‌میانه‌وه‌ ده‌رده‌چێت و دوژمنانیان ده‌خۆن. ئه‌گه‌ر یه‌كێک بیه‌وێت زیانیان پێ بگه‌یێنێت ده‌بێت ئاوا بكوژرێت. 6 ئه‌مانه‌ ده‌سه‌ڵاتیان هه‌یه‌ له‌ ڕۆژانی پێغه‌مبه‌رایه‌تییان ئاسمان دابخه‌ن، تاكو باران نه‌بارێت. هه‌روه‌ها ده‌سه‌ڵاتیان به‌سه‌ر ئاودا هه‌یه‌ بیكه‌نه‌ خوێن، به‌ هه‌موو ده‌ردێک له‌ زه‌وی بده‌ن، هه‌ر كاتێ بیانه‌وێ. 7 كاتێ گه‌واهییه‌كه‌یان ته‌واو كرد، ئه‌و دڕنده‌یه‌ی له‌ دۆڵی بێبن دێته‌ ده‌ره‌وه‌، له‌گه‌ڵیان ده‌جه‌نگێت، ده‌یانبه‌زێنێت و ده‌یانكوژێت. 8 ته‌رمه‌كانیان له‌سه‌ر شه‌قامی شاره‌ گه‌وره‌كه‌ ده‌بێت كه‌ ناوی ڕووحییان سه‌دوم و میسڕه‌، له‌وێش په‌روه‌ردگارمان له‌خاچدرا. 9 خه‌ڵكی له‌ گه‌ل و هۆز و زمان و نه‌ته‌وه‌كان بۆ ماوه‌ی سێ ڕۆژ و نیو ته‌ماشای ته‌رمه‌كانیان ده‌كه‌ن، ناهێڵن بنێژرێن. 10 دانیشتووانی زه‌وی پێی شاد ده‌بن و شادمان ده‌بن، دیاری بۆ یه‌كتری ده‌نێرن، چونكه‌ ئه‌م دوو پێغه‌مبه‌ره‌ دانیشتووانی سه‌ر زه‌وییان ئازار ده‌دا. 11 پاش سێ ڕۆژ و نیوه‌كه‌، ڕووحی ژیان له‌ خوداوه‌ چووه‌ ناویان، ئه‌وانیش هه‌ستانه‌وه‌ سه‌رپێیانیان و ترسێكی گه‌وره‌ كه‌وته‌ سه‌ر ئه‌وانه‌ی ته‌ماشایان ده‌كرد. 12 ده‌نگێكی مه‌زنیشیان له‌ ئاسمانه‌وه‌ بیست، پێی ده‌فه‌رموون: “سه‌ربكه‌ونه‌ ئێره‌”. ئه‌وانیش له‌به‌رچاوی دوژمنانیان له‌ هه‌وردا بۆ ئاسمان سه‌ركه‌وتن. 13 هه‌ر له‌و كاته‌دا بوومه‌له‌رزه‌یه‌كی مه‌زن ڕوویدا و ده‌یه‌كی شاره‌كه‌ كه‌وت. حه‌وت هه‌زار كه‌س به‌ بوومه‌له‌رزه‌كه‌ كوژران، ئه‌وانی دیكه‌ ترسان، ستایشی خوداوه‌ندی ئاسمانیان كرد. 14 دووه‌م واوه‌یلا به‌سه‌رچوو، ئه‌وه‌تا واوه‌یلای سێیه‌م وا به‌ خێرایی دێت.
15 فریشته‌ی حه‌وته‌میش كه‌ڕه‌ناكه‌ی لێدا و چه‌ند ده‌نگێكی مه‌زن له‌ ئاسمانه‌وه‌ هاتن و وتیان: “پاشایه‌تییه‌كانی جیهان بووه‌ هی په‌روه‌ردگارمان و مه‌سیحه‌كه‌ی، وا تاهه‌تایه‌ فه‌رمانڕه‌وایی ده‌كات”. 16 بیست و چوار پیره‌كه‌ی له‌به‌رده‌م خودا له‌سه‌ر ته‌خته‌كان دانیشتبوون، به‌ ڕوودا كه‌وتن و كڕنۆشیان بۆ خودا برد، 17 وتیان: “سوپاست ده‌كه‌ین، ئه‌ی په‌روه‌ردگار و خوداوه‌ندی توانادار به‌سه‌ر هه‌موو شتێک، ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ و هه‌بووه‌ و دێت، چونكه‌ هێزه‌ مه‌زنه‌كه‌ی خۆت وه‌رگرت و فه‌رمانڕه‌واییت كرد. 18 نه‌ته‌وه‌كان تووڕه‌ بوون، تووڕه‌یی تۆش هاتووه‌. كاتی لێپرسینه‌وه‌ی مردووان هات، بۆ پاداشتكردنی به‌نده‌ پێغه‌مبه‌ره‌كانت و پارساكان و ئه‌وانه‌ی له‌ ناوت ده‌ترسن، گه‌وره‌ و بچووک، هه‌روه‌ها بۆ له‌ناوبردنی ئه‌وانه‌ی زه‌ویان له‌ناوده‌برد”. 19 په‌رستگای خوداش له‌ ئاسماندا كرایه‌وه‌ و چه‌مه‌دانی په‌یمانه‌كه‌ی له‌ په‌رستگاكه‌ی ده‌ركه‌وت. له‌وێدا بووه‌ بروسكه‌ و ده‌نگه‌ده‌نگ و هه‌وره‌تریشقه‌ و بوومه‌له‌رزه‌ و ته‌رزه‌یه‌كی مه‌زن.

دیاریکراوەکانی ئێستا:

بینین 11: PNTZS

بەرچاوکردن

هاوبەشی بکە

لەبەرگرتنەوە

None

دەتەوێت هایلایتەکانت بپارێزرێت لەناو ئامێرەکانتدا> ? داخڵ ببە