لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

بینین 1:10-11

بینین 1:10-11 PNTZS

پاشان فریشته‌یه‌كی دیكه‌ی به‌هێزم بینی له‌ ئاسمانه‌وه‌ ده‌هاته‌ خواره‌وه‌، به‌ هه‌ور خۆی پۆشیبوو، په‌لكه‌زێڕینه‌ له‌سه‌ر سه‌ری بوو، ڕووی وه‌ک خۆر بوو، پێیه‌كانی وه‌ک ستوونی ئاگر بوون. سیپاره‌یه‌كی بچووكی كراوه‌ی به‌ده‌سته‌وه‌ بوو. پێی ڕاستی له‌سه‌ر ده‌ریا و چه‌پی له‌سه‌ر وشكایی دانا. به‌ ده‌نگێكی مه‌زن وه‌ک نه‌عره‌ته‌ی شێر نه‌ڕاندی. كاتێ نه‌ڕاندی، حه‌وت هه‌وره‌تریشقه‌ به‌ ده‌نگه‌كانیان هاتنه‌ دوواندن. كاتێ حه‌وت هه‌وره‌تریشقه‌كه‌ هاتنه‌ دوواندن، به‌ته‌مابووم بنووسم، به‌ڵام ده‌نگێكم له‌ ئاسمانه‌وه‌ بیست ده‌یفه‌رموو: “ئه‌وه‌ی حه‌وت هه‌وره‌تریشقه‌كه‌ وتیان مۆری بكه‌ و مه‌یاننووسه‌”. ئه‌و فریشته‌یه‌ی بینیم له‌سه‌ر ده‌ریا و وشكایی ڕاوه‌ستابوو ده‌ستی بۆ ئاسمان به‌رزكرده‌وه‌ و سوێندی به‌ زیندووی جاویدانی خوارد، ئه‌وه‌ی ئاسمان و زه‌وی و ده‌ریا و هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی تیایاندایه‌ ئافراندووه‌، وتی: “دواكه‌وتنی دیكه‌ نابێت!” به‌ڵكو له‌و ڕۆژانه‌ی فریشته‌ی حه‌وته‌م خه‌ریكه‌ كه‌ڕه‌نا لێ ده‌دات و ده‌نگی لێ دێت، نهێنیی خوداش دێته‌ دی، وه‌ک موژده‌ی به‌ به‌نده‌ پێغه‌مبه‌ره‌كانی دا. ئه‌و ده‌نگه‌ی كه‌ له‌ ئاسمانه‌وه‌ بیستم دیسان قسه‌ی له‌گه‌ڵ كردم و فه‌رمووی: “بڕۆ سیپاره‌ كراوه‌كه‌ له‌ فریشته‌ ڕاوه‌ستاوه‌كه‌ی سه‌ر ده‌ریا و سه‌ر وشكایی وه‌ربگره‌”. چوومه‌ لای فریشته‌كه‌ و پێم وت: “سیپاره‌ بچووكه‌كه‌م پێ بده‌”. پێی وتم: “بیبه‌ و بیخۆ. هه‌ناوت تاڵ ده‌كات، به‌ڵام له‌ ده‌متدا وه‌ک هه‌نگوین شیرین ده‌بێت”. سیپاره‌ بچووكه‌كه‌م له‌ ده‌ستی فریشته‌كه‌ برد و خواردم، له‌ ده‌مم وه‌ک هه‌نگوین شیرین بوو، به‌ڵام كه‌ خواردم هه‌ناوی تاڵ كردم. جا پێی وتم: “ده‌بێت دیسان پێشبینی له‌سه‌ر گه‌ل و نه‌ته‌وه‌ و زمان و پاشای زۆر بكه‌یت”.