لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

په‌سنییه‌كان 106

106
هه‌لیلویا.
1 سوپاسی په‌روه‌ردگار بكه‌ن چونكه‌ چاكه‌، چونكه‌ میهره‌بانیه‌كه‌ی جاویدانیه‌.
2 كێ‌ باسی پاڵه‌وانێتی په‌روه‌ردگار ده‌كات؟ كێ هه‌موو ستایشه‌كانی ڕاده‌گه‌یه‌نێت؟
3 به‌خته‌وه‌ری بۆ پارێزه‌رانی ڕه‌وا، بۆ ئه‌وانه‌ی هه‌موو كاتێ دروستكارن.
4 ئه‌ی په‌روه‌ردگار، له‌ كاتی ڕه‌زامه‌ندیت له‌ گه‌له‌كه‌ت یادم بكه‌وه‌. له‌ ڕزگاریه‌كه‌ت به‌سه‌رم بكه‌وه‌.
5 تا خۆشگوزه‌رانی هه‌ڵبژێردراوانت ببینم. تا به‌ دڵخۆشی نه‌ته‌وه‌كه‌ت دڵخۆشبم. تا له‌گه‌ڵ میراته‌كه‌ت شانازی بكه‌م.
6 ئێمه‌ وه‌ک باوكانمان گوناهمان كرد. خراپه‌ و تاوانمان كرد.
7 كاتێ باوكانمان له‌ میسڕ بوون. له‌ په‌رجوه‌كانی تۆ تێنه‌گه‌یشتن. یادی زۆریی میهره‌بانیه‌كه‌ی تۆیان نه‌كرده‌وه‌، به‌ڵكو یاخیبوون له‌لای ده‌ریا. له‌لای ده‌ریای سووف.
8 جا له‌پێناوی ناوی خۆی ڕزگاری كردن. تا پاڵه‌وانێتیی بزانرێت.
9 له‌ ده‌ریای سووفی ڕاخوری، وشک بوو. به‌ نێو قووڵاییه‌كه‌یدا بردنی. وه‌ک له‌ بیابان.
10 له‌ ده‌ست ناحه‌ز ڕزگاری كردن. له‌ ده‌ست دوژمن كڕینیه‌وه‌.
11 ئاو دوژمنانی ئه‌وانه‌ی داپۆشی. یه‌كیان ده‌رباز نه‌بوو.
12 ئه‌وسا باوه‌ڕیان به‌ فه‌رمووده‌ی هێنا. گورانییان بۆ ستایشی وت.
13 به‌ڵام هه‌ر زوو كرده‌وه‌كانییان له‌یادچوو. چاوه‌ڕێی ڕاوێژی ئه‌ویان نه‌كرد.
14 به‌ڵكو له‌ چۆڵه‌وانی نه‌وسیان هه‌ستا و له‌ بیاباندا خودایان تاقیكرده‌وه‌.
15 ئه‌وه‌ی داوایان كرد، پێیدان. به‌ڵام نه‌خۆشی له‌ڕی بۆ ناردن.
16 له‌ ئۆردوگا ئیره‌ییان برد به‌ موشێ و به‌ هارونی پارسای په‌روه‌ردگار.
17 زه‌وی لێک بووه‌وه‌ و داتانی قووت دا. به‌سه‌ر تاقمه‌كه‌ی ئه‌بیڕامدا هاته‌وه‌یه‌ک.
18 ئاگر به‌ربووه‌ تاقمه‌كه‌یان. گڕ به‌دكارانی سووتاند.
19 له‌ حۆرێڤ گوێره‌كه‌یه‌كیان دروست كرد، كڕنۆشیان بۆ په‌یكه‌رێكی داڕژاو برد.
20 شكۆیان گۆڕییه‌وه‌ به‌ په‌یكه‌ری گای گیا خۆر.
21 خودای ڕزگاریده‌ریان له‌بیركرد. كه‌ له‌ میسڕ كاری مه‌زنی كردبوو.
22 په‌رجوه‌كان له‌ وڵاتی حام. كاره‌ سامناكه‌كان له‌لای ده‌ریای سووف.
23 ئینجا فه‌رمووی له‌ناوده‌چن. ئه‌گه‌ر موشێی هه‌ڵبژارده‌ی خۆی، له‌ كه‌لێنه‌كه‌ له‌ به‌رده‌می نه‌وه‌ستایه‌، تا نه‌هێڵێ‌ تووڕه‌یی ئه‌و دایانڕزێنێ‌.
24 زه‌ویی په‌سه‌ندیان به‌ سووک زانی. باوه‌ڕیان به‌ فه‌رمووده‌ی ئه‌و نه‌كرد.
25 به‌ڵكو له‌نێو خێوه‌ته‌كانیاندا كه‌وتنه‌ بۆڵه‌بۆڵ. گوێیان له‌ قسه‌ی په‌روه‌ردگار نه‌گرت.
26 ئه‌ویش سوێندی بۆ خواردن. كه‌ له‌ بیابان بیانخات.
27 نه‌وه‌كانیان له‌نێو نه‌ته‌وه‌كاندا بخات و له‌ زه‌ویه‌كاندا په‌رتیان بكات.
28 ده‌ستیان به‌ به‌علی په‌عۆڕه‌وه‌ گرت. قوربانیی مردووانیان خوارد.
29 به‌ كرده‌وه‌كانیان په‌ستیان كرد، ده‌رد به‌نێویاندا بڵاوبووه‌وه‌.
30 ئه‌وسا فینحاس هه‌ستا و كه‌وته‌ به‌ینه‌وه. ده‌رد ڕاگیرا.
31 به‌ بێتاوانی بۆی دانرا. نه‌وه‌ دوای نه‌وه‌ تا جاویدانی.
32 له‌ لای ئاوی مه‌ریبا تووڕه‌یان كرد، موشێ به‌هۆی ئه‌وانه‌وه‌ بوو كه‌وته‌ ناخۆشی.
33 چونكه‌ ڕووحیان تاڵ كرد. زاری خۆی لێیان نه‌گرت.
34 نه‌ته‌وه‌كانیان له‌ناونه‌برد، وه‌ک په‌روه‌ردگار فه‌رمانی پێكردبوون.
35 به‌ڵكو تێكه‌ڵی نه‌ته‌وه‌كان بوون و فێری كرده‌وه‌كانیان بوون.
36 بته‌كانی ئه‌وانیان په‌رست و بوو به‌ داو بۆیان.
37 ڕۆڵه‌كانی خۆیان سه‌ربڕی بۆ بته‌كان.
38 خوێنێكی بێگه‌ردیان ڕشت. خوێنی كوڕ و كچه‌كانیان. ئه‌وانه‌ی بۆ بته‌كانی كه‌نعان سه‌ریان بڕین، زه‌وی گڵاو بوو به‌ خوێن.
39 گڵاو بوون به‌ كرده‌وه‌كانیان. داوێنپیس بوون به‌ كاره‌كانیان.
40 تووڕه‌یی په‌روه‌ردگار له‌ گه‌له‌كه‌ی جۆشا. ڕقی له‌ میراته‌كه‌ی بووه‌وه‌.
41 ژێرده‌ستی نه‌ته‌وه‌كانی كردن. ناحه‌زانیان به‌سه‌ریاندا زاڵبوون.
42 دوژمنه‌كانیان ته‌نگیان پێ‌ هه‌ڵچنین. زه‌لیلی ژێر ده‌ستیان بوون.
43 زۆر جار ده‌ربازی كردن، به‌ڵام یاخیبوون به‌ ڕاوێژه‌كانیان. داڕووخان به‌ گوناهه‌كانیان.
44 له‌ ته‌نگانه‌یان ئاوڕی لێدانه‌وه‌. كه‌ گوێی له‌ ده‌نگی هاواریان بوو.
45 په‌یمانی خۆی بۆیان هێنایه‌وه‌ یاد. به‌گوێره‌ی گه‌وره‌یی میهره‌بانیه‌كه‌ی پاشگه‌ز بووه‌وه‌.
46 وایكرد ئه‌وانه‌ی به‌ دیل گرتوویانن. دڵیان پێیان بسووتێت.
47 ئه‌ی په‌روه‌ردگاری خوداوه‌ندمان، ڕزگارمان بكه‌. له‌نێو نه‌ته‌وه‌كان كۆمان بكه‌وه‌، تاكو دانبنێین به‌ ناوی پارسای تۆ، شانازی به‌ ستایشكردنی تۆ بكه‌ین.
48 پیرۆزه‌ په‌روه‌ردگار، خوداوه‌ندی ئیسڕائیل، له‌ ئه‌زه‌له‌وه‌ تا جاویدانی. با هه‌موو گه‌ل بڵێن: “ئامین”. هه‌لیلویا.

دیاریکراوەکانی ئێستا:

په‌سنییه‌كان 106: PNTZS

بەرچاوکردن

هاوبەشی بکە

لەبەرگرتنەوە

None

دەتەوێت هایلایتەکانت بپارێزرێت لەناو ئامێرەکانتدا> ? داخڵ ببە