لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

په‌سنییه‌كان 104

104
1 ئه‌ی گیانی من. ستایشی په‌روه‌ردگار بكه‌. ئه‌ی په‌روه‌ردگاری خودام، تۆ زۆر مه‌زنیت. شكۆمه‌ندی و پایه‌به‌رزیت پۆشیوه‌.
2 وه‌ک به‌رگ ڕووناكیت پۆشیوه‌. وه‌ک خێوه‌ت ئاسمانانت هه‌ڵداوه‌.
3 وه‌ک كاریته‌ به‌رزاییه‌كه‌ت له‌سه‌ر ئاو داناوه‌. هه‌وری ئاسمان بووه‌ته‌ گالیسكه‌ت. به‌سه‌ر باڵی باوه‌ ده‌ڕۆیت.
4 باكانت كردۆته‌ فریشته‌كانت. بڵێسه‌ی ئاگر به‌نده‌كانت.
5 زه‌ویت له‌سه‌ر بناغه‌ی خۆی دامه‌زراندووه‌. تاهه‌تایه‌ و تا جاویدانی ناله‌قێت.
6 تۆ وه‌ک كراس زه‌ویت به‌ ده‌ریای قووڵ داپۆشی. له‌سه‌ر چیاكان ئاو ڕاده‌وه‌ستێت.
7 به‌ڵام له‌ سه‌رزه‌نشتی تۆ هه‌ڵدێن. له‌ گرمه‌ی گه‌واره‌ی تۆ ڕاده‌كه‌ن.
8 به‌سه‌ر چیاكان كه‌وتن و شۆڕ ده‌بنه‌وه‌ نێو دۆڵه‌كان، بۆ ئه‌و شوێنه‌ی تۆ بۆت دامه‌زراندووه‌.
9 سنوورێكت دانا لێی تێنه‌په‌ڕن. نه‌گه‌ڕێنه‌وه‌ تا زه‌وی داپۆشن.
10 كانیاو ده‌ته‌قێنیه‌وه‌ له‌نێو دۆڵه‌كان. تا له‌ نێوان چیاكاندا ڕێ بكه‌ن.
11 هه‌موو زینده‌وه‌رێكی ده‌شتوده‌ر ئاوده‌ده‌ن. كه‌ره‌كێوییه‌كان تینوویه‌تی خۆیانی پێ ده‌شكێنن.
12 باڵنده‌ی ئاسمان دڵنیا ده‌بێت پێیان و هێلانه‌ ده‌كات. له‌نێو چڵه‌كان ده‌خوێنێت.
13 له‌ به‌رازایی خۆته‌وه‌ چیاكان ئاو ده‌ده‌یت. زه‌وی له‌ به‌روبوومی كرده‌وه‌كانت تێر ده‌بێت.
14 گیا بۆ ئاژه‌ڵی ماڵی ده‌ڕوێنیت، سه‌وزه‌ بۆ خزمه‌تی مرۆڤ، بۆ ده‌رهێنانی نان له‌ زه‌وییه‌وه‌.
15 مه‌ییش دڵی مرۆڤ خۆش ده‌كات. ڕۆن بۆ دره‌وشانه‌وه‌ی زیاتری ڕووی. نانێكه‌ بۆ پته‌وكردنی دڵی مرۆڤ.
16 دره‌خته‌كانی په‌روه‌ردگار تێر ده‌بن، ئه‌و ئورزه‌ی لوبنان كه‌ چاندی.
17 ئه‌وه‌ی چۆله‌كه‌ هێلانه‌ی تێدا ده‌كات. له‌قله‌قیش سنه‌وبه‌ر ماڵیه‌تی.
18 چیای به‌رزیش بۆ بزنه‌ كێوی. تاشه‌به‌رده‌كانیش په‌ناگای گۆڕهه‌ڵكه‌نه‌.
19 مانگی دروستكرد بۆ كاته‌كان. خۆریش ئاوابوونی خۆی ده‌زانێت.
20 تاریكی دادێنێت ده‌بێت به‌ شه‌و. هه‌موو زینده‌وه‌ری دارستان تیای ده‌كه‌ونه‌ جموجۆڵ.
21 به‌چكه‌ شێر بۆ نێچیر ده‌نه‌ڕێنن، بۆ داواكردنی خواردنیان له‌ خودا.
22 كه‌ خۆر هه‌ڵدێت ده‌كشێنه‌وه‌. له‌نێو لانه‌كانیان خۆیان مات ده‌كه‌ن.
23 مرۆڤ ده‌رده‌چێت بۆ ئیش و كاری، بۆ ڕه‌نجكێشیه‌كه‌ی تاكو ئێواره‌.
24 ئه‌ی په‌روه‌ردگار، كرده‌وه‌كانت چه‌ند مه‌زنن! هه‌موویت به‌ دانایی دروستكردووه‌. زه‌وی پڕه‌ له‌ ده‌ستكردی تۆ.
25 ئه‌م ده‌ریا گه‌وره‌ و فراوانه‌. كه‌ بێشومار گیانداری گه‌وره‌ و بچووكی تێدا جمه‌ی دێت.
26 له‌وێ‌ كه‌شتییه‌كان ڕێ ده‌كه‌ن. لیڤیاتان. ئه‌مه‌ت ئافراندووه‌ تا یاری تێدا بكات.
27 ئه‌مانه‌ هه‌مووی چاویان له‌ تۆیه‌. تا له‌ كاتی خۆی خواردنیان بده‌یتێ.
28 پێیان ده‌ده‌یت و ده‌یقۆزنه‌وه‌. ده‌ستت ده‌كه‌یته‌وه‌ تێر چاكه‌ ده‌بن.
29 ڕوو وه‌رده‌گێڕیت، ده‌تۆقن. هه‌ناسه‌یان لێده‌بڕیت و ده‌مرن، ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ گڵی خۆیان.
30 كاتێ ڕووحی خۆت ده‌نێریت، ئافریده‌ ده‌بن‌. ڕووی زه‌وی نوێ‌ ده‌كه‌یته‌وه‌‌.
31 با شكۆی په‌روه‌ردگار تاهه‌تایه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت. با په‌روه‌ردگار به‌ كاره‌كانی خۆی دڵخۆش بێت.
32 ئه‌وه‌ی سه‌یری زه‌وی ده‌كات، له‌رز ده‌یگرێت. ده‌ستت ده‌داته‌ چیاكان. دووكه‌ڵ ده‌كه‌ن.
33 به‌ درێژایی ژیانم گۆرانی بۆ په‌روه‌ردگار ده‌ڵێم. تاكو ماوم په‌سنی بۆ خوداوه‌ندم ده‌ڵێم.
34 با سروودم شیرین بێت له‌ لای. منیش به‌ په‌روه‌ردگار دڵخۆش ده‌بم.
35 با گوناهباران له‌سه‌ر زه‌وی دواییان ببڕێته‌وه‌. با به‌دكاران ئیتر نه‌مێنن. ئه‌ی گیانی من. ستایشی په‌روه‌ردگار بكه‌. هه‌لیلویا.

دیاریکراوەکانی ئێستا:

په‌سنییه‌كان 104: PNTZS

بەرچاوکردن

هاوبەشی بکە

لەبەرگرتنەوە

None

دەتەوێت هایلایتەکانت بپارێزرێت لەناو ئامێرەکانتدا> ? داخڵ ببە