لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

عیبڕانییه‌كان 9

9
1 ئیتر په‌یمانه‌ یه‌كه‌مه‌كه‌ ڕێوڕه‌سمی ڕاژه‌ و پارساگای زه‌مینیی هه‌بوو. 2 چونكه‌ نشینگه‌ی یه‌كه‌م ڕاخرا، چرادان و مێز و نانی ته‌رخانكراوی تێدابوو، كه‌ پێی ده‌ووترێ “پارساگا”. 3 پشتی په‌رده‌ی دووه‌م، ژوورێک هه‌بوو پێی ده‌ووترێ “هه‌ره‌پارساگا”، 4 بخووردانێكی زێڕین و چه‌مه‌دانی په‌یمانی تێدایه‌ كه‌ له‌ هه‌موو لایه‌ک به‌ زێڕ ڕووپۆش كراوه‌، له‌نێو ئه‌مه‌ش گۆزه‌یه‌كی زێڕین هه‌بوو مه‌نی تێدابوو، له‌گه‌ڵ گۆچانه‌كه‌ی هاڕون، كه‌ گه‌ڵای سه‌وزی كردبوو، هه‌روه‌ها ته‌خته‌ به‌ردینه‌كانی په‌یمان. 5 له‌سه‌ریشی كه‌ڕوبه‌كانی شكۆ سێبه‌ریان كردبووه‌ سه‌ر قه‌پاغه‌كه‌وه‌. لێره‌دا به‌ وردی ناتوانین باسی ئه‌مانه‌ بكه‌ین. 6 كاتێ شته‌كان ئاوا ڕێكخرابوون، كاهینان هه‌موو كاتێ ده‌چنه‌ ژووری یه‌كه‌م بۆ جێبه‌جێكردنی ڕاژه‌. 7 به‌ڵام بۆ ژووری دووه‌م ته‌نها كاهینی باڵا ساڵی جارێک ده‌چێت، ئه‌ویش بێ خوێن نابێت، كه‌ پێشكه‌ش ده‌كات بۆ خۆی و بۆ گوناهه‌كانی گه‌ل كه‌ به‌ نه‌زانی كردوویانه‌. 8 به‌مه‌ش ڕووحی پارسا ئاماژه‌ ده‌كات، كه‌ ڕێگای هه‌ره‌پارساگا جارێ ئاشكرا نه‌بووه‌، كه‌ هێشتا نشینگه‌ی یه‌كه‌م هه‌یه‌. 9 ئه‌مه‌ش هێمایه‌ بۆ ئه‌م سه‌رده‌مه‌، كه‌ تیایدا قوربانی و سه‌ربڕاو پێشكه‌ش ده‌كرێت، ناتوانێت ویژدانی ئه‌وه‌ی ده‌یپه‌رستێت پاک بكات. 10 ئه‌مانه‌ ته‌نها ڕێوڕه‌سمی ڕواڵه‌تیانه‌ن كه‌ چڕده‌بێته‌وه‌ له‌سه‌ر خواردن و خواردنه‌وه‌ و شوشتنی جۆراوجۆر، تا كاتی داڕشتنی نوێ دانرابوو.
11 به‌ڵام كاتێ مه‌سیح هات وه‌ک كاهینی باڵا بۆ شته‌ باشه‌كانی داهاتوو، چووه‌ نێو نشینگه‌ی مه‌زنتر و ته‌واوتر كه‌ ده‌ستكرد نییه‌، واتا هی ئافریده‌ نییه‌. 12 به‌ خوێنی بزن و گوێره‌كه‌ نه‌چوو، به‌ڵكو به‌ خوێنی خۆی، به‌ جارێک چووه‌ نێو هه‌ره‌پارساگا و قوربانیدانی جاویدانی بینی. 13 چونكه‌ ئه‌گه‌ر خوێنی گا و بزن و خۆڵه‌مێشی گوێره‌كه‌ كه‌ به‌سه‌ر گڵاوه‌كاندا ده‌پرژێندرێت، پارسا بكات بۆ بێگه‌ردكردنی جه‌سته‌، 14 ئیتر خوێنی مه‌سیح چه‌ند زیاتره‌، ئه‌وه‌ی به‌ ڕووحێكی ئه‌زه‌لی بێ كه‌موكوڕی خۆی پێشكه‌شی خودا كرد، ئه‌وه‌ی ویژدانتان له‌ كرداره‌ مردووه‌كان پێگه‌رد ده‌كاته‌وه‌، تاكو ڕاژه‌ی خودای زیندوو بكه‌ن!
15 له‌به‌ر ئه‌مه‌ نێوانگری په‌یمانی نوێیه‌، تاكو بانگكراوان به‌ڵێنی میراتی جاویدانی وه‌ربگرن، چونكه‌ مردنی قوربانیدانی گوناهه‌كانه‌ كه‌ له‌ په‌یمانی یه‌كه‌م دا كردوویانه‌. 16 ئه‌گه‌ر وه‌سیه‌تنامه‌ هه‌بێ، پێویسته‌ مردنی وه‌سیه‌تكار بسه‌لمێندرێ، 17 چونكه‌ وه‌سیه‌تنامه‌ له‌گه‌ڵ مردن ده‌كه‌وێته‌ كار، هیچ هێزیشی نییه‌ كه‌ وه‌سیه‌تكار زیندوو بێ. 18 بۆیه‌ په‌یمانه‌كه‌ی یه‌كه‌میش بێ خوێن جێبه‌جێ نه‌كرا. 19 چونكه‌ مووشێ، دوای ئه‌وه‌ی هه‌موو ڕاسپارده‌كانی به‌گوێره‌ی ته‌ورات به‌ هه‌موو گه‌لی ڕاگه‌یاند، خوێنی گوێره‌كه‌ و بزنی هێنا له‌گه‌ڵ ئاو و خوریی سوور و زوفا، به‌سه‌ر ته‌ورات و هه‌موو گه‌لدا پرژاندی. 20 وتی: “ئه‌مه‌ خوێنی ئه‌و په‌یمانه‌یه‌ كه‌ خودا فه‌رمانی پێ كردن”. 21 هه‌روه‌ها خوێنه‌كه‌ی پرژانده‌ سه‌ر نشینگه‌كه‌ و هه‌موو هیرباره‌كانی ڕاژه‌ كردن. 22 به‌گوێره‌ی ته‌ورات نزیكه‌ی هه‌موو شتێک به‌ خوێن پێگه‌رد ده‌بێته‌وه‌، لێخۆشبوونی گوناهیش بێ خوێنڕشتن نابێت!
23 بێگه‌ردكردنه‌وه‌ی وێنه‌ی شته‌ ئاسمانییه‌كان ده‌بووایه‌ ئاوا بكرێت، به‌ڵام خودی شته‌ ئاسمانییه‌كان به‌ قوربانیی باشتر له‌مانه‌ بێگه‌رد ده‌بنه‌وه‌. 24 چونكه‌ مه‌سیح نه‌چووه‌ پارساگای ده‌ستكرد كه‌ له‌به‌رگیراوه‌ی شته‌ ڕاسته‌قینه‌كه‌یه‌، به‌ڵكو بۆ خودی ئاسمان، ئێستاش له‌به‌ر ڕووی خودا له‌پێناوی ئێمه‌ ده‌رده‌كه‌وێت. 25 نه‌ک تاكو چه‌ند جارێک خۆی پێشكه‌ش بكات، وه‌ک كاهینی باڵا ساڵی جارێک به‌ خوێنێكی دیكه‌ ده‌چێته‌ نێو هه‌ره‌پارساگا. 26 ده‌بووایه‌ مه‌سیح له‌ دامه‌زراندنی جیهانه‌وه‌ چه‌ندین جار ئازاری بچێژتایه‌. به‌ڵام ئێستا له‌ پایانی ڕۆژگار ته‌نها جارێک ده‌ركه‌وت تاكو گوناه‌ پووچه‌ڵ بكات، به‌وه‌ی خۆی كرده‌ قوربانی. 27 وه‌ک بۆ مرۆڤ دانراوه‌ جارێک بمرێت، دواتر لێپرسینه‌وه‌یه‌، 28 مه‌سیحیش جارێک پێشكه‌ش كرا، تاكو گوناهی زۆر كه‌س هه‌ڵبگرێت. بێ گوناهیش ده‌رده‌كه‌وێته‌وه‌ بۆ ڕزگاریی ئه‌وانه‌ی چاوه‌ڕێی ده‌كه‌ن.

دیاریکراوەکانی ئێستا:

عیبڕانییه‌كان 9: PNTZS

بەرچاوکردن

هاوبەشی بکە

لەبەرگرتنەوە

None

دەتەوێت هایلایتەکانت بپارێزرێت لەناو ئامێرەکانتدا> ? داخڵ ببە