لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

كردار 20:7-43

كردار 20:7-43 PNTZS

له‌و كاته‌دا مووشێ له‌دایكبوو. زۆر جوان بوو، سێ مانگ له‌ ماڵی باوكی به‌خێوكرا، كاتێ دوور خرایه‌وه‌، كچی پڕعون هه‌ڵیگرته‌وه‌ و كردییه‌ كوڕی خۆی و به‌خێوی كرد. مووشێش له‌نێو هه‌موو دانایی میسڕییه‌كان په‌روه‌رده‌ كرا، به‌ توانا له‌ قسه‌ و كرداردا. كاتێ ته‌مه‌نی بووه‌ چل ساڵ، هاته‌ سه‌ر دڵی سه‌ردانی براكانی بكات، نه‌وه‌ی ئیسڕائیل. یه‌كێكی بینی سته‌می لێ ده‌كرێت، به‌رگری لێكرد و دادوه‌ری بۆ سته‌م لێكراو كرد، میسڕییه‌كه‌ی كوشت. وایزانی برایانی تێده‌گه‌ن كه‌ خودا له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌و قورتاریان ده‌كات. به‌ڵام تێنه‌گه‌یشتن. ڕۆژی دووه‌م دوو له‌ برایانی بۆی ده‌ركه‌وتن و به‌شه‌ڕده‌هاتن، هه‌وڵی ده‌دا ئاشتیان بكاته‌وه‌، وتی: ئێوه‌ بران، بۆچی ده‌ست بۆ یه‌كتری درێژ ده‌كه‌ن؟ به‌ڵام ئه‌وه‌ی سته‌می له‌ نزیكه‌كه‌ی ده‌كرد، پاڵێكی پێوه‌ نا و وتی: {كێ تۆی كردووه‌ به‌ سه‌رۆک و دادوه‌ر به‌سه‌رمان؟ ده‌ته‌وێ بمكوژیت وه‌ک دوێنێ میسڕییه‌كه‌ت كوشت؟} مووشێش به‌هۆی ئه‌م قسه‌یه‌وه‌ هه‌ڵات، له‌ زه‌ویی میدیان بووه‌ بێگانه‌ و له‌وێ دوو كوڕی بوو. دوای ئه‌وه‌ی چل ساڵ ته‌واوبوو، فریشته‌ی خوداوه‌ند له‌ بیابانی شاخی سینه‌ی له‌نێو ده‌وه‌نێكی داگیرساودا بۆی ده‌ركه‌وت. مووشێش ئه‌مه‌ی بینی و له‌ دیمه‌نه‌كه‌ سه‌رسام بوو، ده‌چووه‌ پێش تاكو له‌ نزیكه‌وه‌ سه‌یر بكات، ده‌نگی په‌روه‌ردگار هات: {منم خودای باوكانت، خودای ئه‌وڕاهه‌م و ئسخه‌ق و یاقوو} . به‌ڵام مووشێ له‌رز گرتی و نه‌یوێرا سه‌یر بكات. {جا په‌روه‌ردگار پێی فه‌رموو: سۆله‌كانت له‌ پێت دابكه‌نه‌، چونكه‌ ئه‌و شوێنه‌ی تۆ له‌سه‌ری وه‌ستاوی زه‌ویه‌كی پارسا‌یه‌. من نه‌هامه‌تیی گه‌لی خۆم له‌ میسڕ بینی و ناڵه‌یانم بیست، دابه‌زیم تاكو قورتاریان بكه‌م. ئێستاش وه‌ره‌، ده‌تنێرمه‌ میسڕ} . ئه‌وه‌ مووشێیه‌ كه‌ ڕه‌تیان كرده‌وه‌ و وتیان: {كێ تۆی كردووه‌ به‌ سه‌رۆک و دادوه‌ر به‌سه‌رمان؟} هه‌ر ئه‌و بوو خودا وه‌ک سه‌رۆک و قوربانیده‌ر به‌ ده‌ستی ئه‌و فریشته‌یه‌ ناردی كه‌ له‌ ده‌وه‌نه‌كه‌دا بۆی ده‌ركه‌وت. ئه‌م ده‌ریهێنان، له‌ ماوه‌ی چل ساڵدا په‌رجو و نیشانه‌ی له‌ خاكی میسڕ و ده‌ریای سوور و چۆڵه‌وانیش كرد. ئه‌مه‌ ئه‌و مووشێیه‌ كه‌ به‌ نه‌وه‌ی ئیسڕائیلی وت: {خودا له‌نێو برایانتان پێغه‌مبه‌رێكی وه‌كو منتان بۆ په‌یداده‌كات، گوێی لێ بگرن} . هه‌ر ئه‌ویش بوو له‌ چۆڵه‌وانی له‌نێو وارگه‌كه‌دا بوو، له‌گه‌ڵ ئه‌و فریشته‌یه‌ی له‌ شاخی سینه‌ی قسه‌ی له‌گه‌ڵی ده‌كرد، له‌گه‌ڵ باوكانیشمان، ئه‌وه‌ی وته‌ زیندووه‌كانی وه‌رگرت تاكو بمانداتێ. به‌ڵام باوكانمان نه‌یانویست گوێڕایه‌ڵی بن. به‌ڵكو ڕه‌تیانكرده‌وه‌ و دڵیان بۆ میسڕ ده‌گه‌ڕایه‌وه‌. به‌ هاڕونیان وت: {خوداوه‌ندێكمان بۆ دروست بكه‌ له‌پێشمانه‌وه‌ بێت، چونكه‌ ئه‌م مووشێیه‌ی له‌ زه‌ویی میسڕه‌وه‌ ده‌ریهێناین نازانین چی لێهات!} . له‌و ڕۆژانه‌دا بتێكیان له‌ شێوه‌ی گۆلک دروستكرد و قوربانییان بۆ كرد، به‌ ده‌ستكردی خۆیان دڵشاد بوون. خوداش ڕووی لێ وه‌رگێڕان و وازی لێ هێنان ئه‌ستێره‌كانی ئاسمان بپه‌رستن، وه‌ک له‌ سیپاره‌ی پێغه‌مبه‌راندا نووسراوه‌: {ئه‌ی ماڵی ئیسڕائیل، ئایا به‌ درێژایی چل ساڵ له‌ چۆڵه‌وانی قوربانیی سه‌ربڕاو و پێشكه‌شكراوتان بۆ من كرد؟ نه‌خێر، به‌ڵكو ڕه‌شماڵی بتی مۆلۆختان له‌گه‌ڵ ئه‌ستێره‌ی خوداوه‌ندی خۆتان هه‌ڵگرت، ڕه‌مفان، ئه‌و په‌یكه‌رانه‌ی دروستتان كرد تاكو كڕنۆشی بۆ ببه‌ن. بۆیه‌ بۆ دوورتر له‌ باڤل دوورتان ده‌خه‌مه‌وه‌} .