لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

كردار 20

20
1 دوای نه‌مانی ئاژاوه‌كه‌، پۆڵۆس قوتابییه‌كانی بانگكرد و ماڵئاوایی لێكردن و ده‌رچوو تاكو بڕواته‌ ماقیدۆنیا. 2 كاتێ به‌و ناوچانه‌دا تێپه‌ڕی، به‌ زۆر وته‌ ئامۆژگاریی كردن، هاته‌ یۆنان، 3 له‌وێ سێ مانگی به‌سه‌ربرد. كه‌ به‌ته‌مابوو به‌ بڕواته‌ سوریا، جووه‌كان پیلانیان بۆی گێڕا، بڕیاری دا به‌ ماقیدۆنیادا بگه‌ڕێته‌وه‌. 4 ئه‌مانه‌ی له‌گه‌ڵ بوو: له‌ بیڕووئا‌ سوپاتڕۆسی كوڕی پیڕۆ، له‌ تسلۆنیقێیان ئه‌رستارخۆس و سه‌كوندۆس، گائیوس له‌ ده‌ڕبێ و تیماتیئوس، له‌ ئاسیاش تۆخیقۆس و ترۆپیمۆس. 5 ئه‌مانه‌ پێشمان كه‌وتن و له‌ ترۆئۆسدا چاوه‌ڕێیان ده‌كردین. 6 ئێمه‌ش دوای ڕۆژانی فه‌تیره‌، به‌ ده‌ریاوه‌ له‌ پیلیۆس ده‌رچووین، بۆ ترۆئۆس و به‌ پێنج ڕۆژ گه‌یشتینه‌ لایان و حه‌وت ڕۆژ له‌وێ ماینه‌وه‌.
7 له‌ یه‌كه‌می هه‌فته‌دا بۆ نان له‌تكردن كۆبووینه‌وه‌، پۆڵۆس گفتوگۆی له‌گه‌ڵ ده‌كردن، چونكه‌ به‌ته‌مابوو بۆ به‌یانی بڕوات، تاكو نیوه‌ شه‌و درێژه‌ به‌ قسه‌كانی دا. 8 ئه‌و ژووره‌ی سه‌ره‌وه‌ كه‌ لێی كۆببووینه‌وه‌ چرای زۆری لێبوو. 9 گه‌نجێک ناوی یوتیخۆس بوو له‌ نێو په‌نجه‌ره‌دا دانیشتبوو، خه‌وه‌ێكی قورس ده‌یبرده‌وه‌، پۆڵۆس وتارێكی درێژی ده‌دا، جا خه‌وی لێ كه‌وت و له‌ نهۆمی سێیه‌مڕا كه‌وته‌ خواره‌وه‌، به‌ مردوویه‌تی هه‌ڵگیرایه‌وه‌. 10 جا پۆڵۆس هاته‌ خواره‌وه‌ خۆی به‌سه‌ریدا دا و له‌ باوه‌شی گرت، وتی: “مه‌په‌شۆكێن، ژیانی تێدایه‌!” 11 ئینجا پۆڵۆس چووه‌ سه‌ره‌وه‌، نانی له‌ت كرد و خواردی، تاكو به‌ره‌به‌یان قسه‌ی كرد، پاشان ڕۆیشت. 12 گه‌نجه‌كه‌شیان به‌ زیندوویه‌تی برد و زۆر دڵنه‌وایی كران.
13 ئێمه‌ش به‌ره‌و كه‌شتییه‌كه‌ پێشكه‌وتین و پێی چووینه‌ ئاسۆس، به‌ نیازی ئه‌وه‌ی له‌وێ پۆڵۆس هه‌ڵگرین، چونكه‌ ئاوای ڕێكخستبوو، به‌ نیاز بوو به‌ پێیان بێت. 14 كاتێ له‌ ئاسۆس تووشمان بوو، هه‌ڵمانگرت و هاتینه‌ میتیلینی. 15 له‌وێش به‌ ده‌ریادا ڕۆیشتین و بۆ سبه‌ینێ گه‌یشتینه‌ به‌رامبه‌ر خییۆس، بۆ ڕۆژی پاشتر گه‌یشتینه‌ سامۆس. دوایی له‌ له‌ترۆگیلیۆن ماینه‌وه‌، ڕۆژی دواتر هاتینه‌ میلیتۆس. 16 جا پۆڵۆس بڕیاری دابوو به‌ده‌ریاوه‌ له‌ ئه‌پیسۆسدا تێپه‌ڕێت، نه‌وه‌ک ماوه‌یه‌ک له‌ ئاسیادا بمێنێته‌وه‌، چونكه‌ په‌له‌ی ده‌كرد، به‌ڵكو بتوانێت له‌ ڕۆژی په‌نجایه‌مین بگاته‌ یروشلایم.
17 له‌ میلیتۆسه‌وه‌ ناردی بۆ ئه‌پیسۆس، بانگی قه‌شه‌كانی وارگه‌ی كرد. 18 كاتێ هاتنه‌ لای پێی وتن: “ئێوه‌ ده‌زانن له‌ یه‌كه‌م ڕۆژه‌وه‌ كه‌ هاتمه‌ نێو ئاسیا، به‌ درێژایی كاته‌كه‌ چۆن بووم له‌گه‌ڵتان، 19 به‌و په‌ڕی خاكساری و فرمێسكه‌وه‌ ڕاژه‌ی په‌روه‌ردگارم ده‌كرد، به‌ پیلانی جووه‌كان تووشی ئه‌زموون بوومه‌، 20 چۆن هیچم له‌و شتانه‌ دوانه‌خستووه‌ كه‌ سوودبه‌خشن و بۆم ڕاگه‌یاندوون، به‌ ئاشكرا و ماڵه‌وماڵ فێرم كردوون. 21 گه‌واهیم بۆ جوو و یۆنانییه‌كان داوه‌ بۆ تۆبه‌كردن به‌ره‌و خودا و باوه‌ڕ به‌ ئیشۆعی په‌روه‌ردگارمان. 22 ئه‌وه‌تا من وا به‌ ڕووحی پارسا به‌ستراوم، ده‌ڕۆمه‌ یروشلایم و نازانم چیم به‌سه‌ر دێت. 23 به‌ڵام ڕووحی پارسا له‌ هه‌موو شارێک گه‌واهیم بۆ ده‌دات كه‌ كۆتكردن و ته‌نگانه‌ چاوه‌ڕێم ده‌كات. 24 به‌ڵام باكم به‌ هیچ شتێک نیه‌ و گیانم به‌ گرنگ نازانم، تاكو كۆششی خۆم و ئه‌و ڕاژه‌ی له‌ ئیشۆعی په‌روه‌ردگار وه‌رمگرتووه‌ به‌ دڵشادیه‌وه‌ ته‌واوی بكه‌م، ڕاژه‌ی گه‌واهیدان بۆ موژده‌ی به‌خششی خودا. 25 ئه‌وه‌تا من ده‌زانم ئیتر ڕووم نابیننه‌وه‌، هه‌مووتان كه‌ به‌ نێوتاندا ده‌گه‌ڕام بانگه‌وازی پاشایه‌تی خودام ده‌دا. 26 بۆیه‌ ئه‌مڕۆ گه‌واهیتان بۆ ده‌ده‌م، كه‌ له‌ خوێنی هه‌مووان بێتاوانم، 27 چونكه‌ له‌ ڕاگه‌یاندنی ته‌واوی خواستی خودا بۆتان دوانه‌كه‌وتم. 28 كه‌واته‌ ئاگاتان له‌ خۆتان و له‌ هه‌موو مێگه‌له‌كه‌ بێت، ئه‌وه‌ی ڕووحی پارسا به‌ چاودێری داناون بۆی، تاكو شوانایه‌تی وارگه‌ی خودا بكه‌ن، ئه‌وه‌ی به‌ خوێنی خۆی كڕیویه‌تی. 29 چونكه‌ ده‌زانم پاش ڕۆیشتنم گورگی ڕفێنه‌ر دێنه‌ نێوتان، به‌زه‌ییان به‌ مێگه‌له‌كه‌ نایه‌ته‌وه‌. 30 هه‌روه‌ها له‌نێو خۆتاندا پیاوانێک په‌یدا ده‌بن، باسی شتی چه‌وت ده‌كه‌ن، تاكو قوتابییه‌كان به‌دوای خۆیاندا ڕابكێشن. 31 بۆیه‌ بێدار بن، له‌ یادتان بێت ماوه‌ی سێ ساڵ شه‌و و ڕۆژ به‌ فرمێسكه‌وه‌ سارد نه‌بوومه‌ته‌وه‌ له‌ ئاگاداركردنه‌وه‌ی هه‌ر یه‌كێكتان. 32 ئێستاش به‌ خودا و وشه‌ی به‌خششه‌كه‌یتان ده‌سپێرم، كه‌ توانای هه‌یه‌ بنیادتان بنێت و له‌گه‌ڵ هه‌موو پارساكان میراتتان پێ ببه‌خشێت. 33 ئاره‌زووی زیو و زێڕ و جلی كه‌سم نه‌كردووه‌. 34 خۆتان ده‌زانن پێویستی خۆم و یاوه‌رانم، ئه‌م ده‌ستانه‌ ڕاژه‌یان كردووه‌. 35 هه‌موو شتێكم پیشانتان دا كه‌ پێویسته‌ ئاوا ڕه‌نج بده‌ن بۆ یارمه‌تیدانی لاوازان، وشه‌كانی ئیشۆعی په‌روه‌ردگارتان له‌یاد بێت كه‌ فه‌رمووی: به‌خشین له‌ وه‌رگرتن به‌خته‌وه‌ریتره‌”. 36 كه‌ ئه‌مانه‌ی وت، له‌گه‌ڵ هه‌موویان چۆكی دادا و نوێژی كرد. 37 هه‌موو زۆر گریان، باوه‌شیان به‌ پۆڵۆسه‌وه‌ كردبوو و ماچیان ده‌كرد، 38 به‌و قسه‌ی كردی خه‌مبار بوون كه‌ وتی جارێكی دیكه‌ ڕووی نابیننه‌وه‌. ئینجا تاكو لای كه‌شتییه‌كه‌ ڕه‌وانه‌یان كرد.

دیاریکراوەکانی ئێستا:

كردار 20: PNTZS

بەرچاوکردن

هاوبەشی بکە

لەبەرگرتنەوە

None

دەتەوێت هایلایتەکانت بپارێزرێت لەناو ئامێرەکانتدا> ? داخڵ ببە