لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

كردار 14

14
1 ئه‌وه‌بوو له‌ ئیقانون پێكه‌وه‌ چوونه‌ نێو كه‌نیشتی جووه‌كان و ئاوا قسه‌یان كرد تاكو جه‌ماوه‌رێكی زۆر له‌ جوو و یۆنانییه‌كان باوه‌ڕیان هێنا. 2 به‌ڵام ئه‌و جووانه‌ی باوه‌ڕیان نه‌هێنا، نه‌ته‌وه‌كانیان جۆش دا و دژ به‌ برایان مێشكیان پڕ كردن. 3 جا پۆڵۆس و به‌رنڤا ماوه‌یه‌كی دوورودرێژ له‌وێ مانه‌وه‌ و به‌ئاشكرا باسی په‌روه‌ردگاریان ده‌كرد، ئه‌ویش گه‌واهیی بۆ وشه‌ی به‌خششی خۆی ده‌دا و ڕێی دابوو په‌رجوو و نیشانه‌ له‌سه‌ر ده‌ستیان بكرێت. 4 ئیتر دانیشتووانی ئیقانون بوونه‌ دوو به‌ش، هه‌ندێكیان له‌گه‌ڵ جوو بوون و هه‌ندێكیان له‌گه‌ڵ په‌یامبه‌ران. 5 جا كاتێ نه‌ته‌وه‌كان و جوو و سه‌رۆكه‌كانیان هێرشیان كرده‌ سه‌ر په‌یامبه‌ران تاكو به‌ردبارانیان بكه‌ن، 6 په‌یامبه‌ران هه‌ستیان كرد و بۆ شاری لیستره‌ و ده‌ڕبێی لیكاونیه‌ و بۆ ده‌ڤه‌ره‌كانی ده‌وروپشتیان هه‌ڵاتن و 7 له‌وێش موژده‌یان ده‌دا.
8 له‌ لیستره‌ كابرایه‌ک دانیشتبوو، هێز له‌ پێیه‌كانی نه‌بوو، به‌ زگماک ئیفلیج بوو، هه‌رگیز ڕێی نه‌كردبوو. 9 پۆڵۆسی بیست كه‌ قسه‌ی ده‌كرد، پۆڵۆسیش چاوی تێبڕی، كاتێک بینی باوه‌ڕی هه‌یه‌ چاكبێته‌وه‌، 10 به‌ ده‌نگێكی مه‌زن وتی: “هه‌سته‌ به‌ پێوه‌ ڕاوه‌سته‌!” كابرا یه‌كسه‌ر هه‌ڵبه‌زییه‌وه‌ و ڕێی كرد. 11 كاتێ كۆمه‌ڵانه‌كه‌ بینییان پۆڵۆس چی كرد، به‌ زمانی لیكاونیه‌ هاواریان كرد و وتیان: “خوداوه‌نده‌كان شێوه‌ی مرۆڤیان وه‌رگرتووه‌ و هاتوونه‌ته‌ خواره‌وه‌ بۆ نێومان!” 12 جا به‌رنڤایان ناونا زییۆس، پۆڵۆسیش هرمس، چونكه‌ قسه‌كه‌ری سه‌ره‌كی بوو. 13 ئینجا كاهینی زییۆس، كه‌ په‌رستگاكه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ی شار بوو، له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵه‌كه‌ گا و تاجه‌گوڵینه‌ی هێنابوو و ده‌یویست قوربانی پێشكه‌ش بكات. 14 كاتێ په‌یامبه‌ره‌كان، به‌رنڤا و پۆڵۆس، ئه‌مه‌یان بیست، جله‌كانیان دڕاند، خێرا چوونه‌ لای خه‌ڵكه‌كه‌، هاواریان كرد و وتیان: 15 “خه‌ڵكینه‌، بۆچی ئه‌مه‌ ده‌كه‌ن؟ ئێمه‌ش مرۆڤین، له‌ ژێر هه‌مان ئازارداین وه‌ک ئێوه‌، موژده‌تان ده‌ده‌ینێ واز له‌م شته‌ ناڕه‌وایانه‌ بهێنن و بۆ لای خودای زیندوو بگه‌ڕێنه‌وه‌، ئافرێنه‌ری ئاسمان و زه‌وی و ده‌ریا و هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی تیایه‌تی. 16 ئه‌وه‌ی له‌ نه‌وه‌كانی ڕابردوودا، هێشتی هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان به‌ ڕێگای خۆیان بڕۆن. 17 له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی خۆی به‌ بێ گه‌واهیی نه‌هێشته‌وه‌، چاكه‌ ده‌كات، له‌ ئاسمانه‌وه‌ باران و وه‌رزی به‌روبووممان ده‌داتێ و دڵمان له‌ خواردن و له‌ شادی تێر ده‌كات”. 18 به‌ وتنی ئه‌م قسانه‌ و هه‌وڵدانێكی زۆر توانییان وا له‌ كۆمه‌ڵه‌كه‌ بكه‌ن كه‌ قوربانییان بۆ نه‌كه‌ن. 19 هه‌ندێک جوو له‌ ئینتیاكیا و ئیقانونه‌وه‌ هاتن، قه‌ناعه‌تیان به‌ كۆمه‌ڵه‌كه‌ هێنا، ئه‌وانیش پۆڵۆسیان به‌ردباران كرد و ڕایانكێشایه‌ ده‌ره‌وه‌ی شار، وایانزانی مردووه‌. 20 به‌ڵام كاتێ قوتابییه‌كان ده‌وریان دا، هه‌ستا و گه‌ڕایه‌وه‌ نێو شار. بۆ ڕۆژی دواتر له‌گه‌ڵ به‌رنڤا بۆ ده‌ڕبێ ڕۆیشت. 21 موژده‌یان به‌و شاره‌ دا زۆر كه‌سیان كرده‌ قوتابی. ئینجا گه‌ڕانه‌وه‌ لیستره‌ و ئیقانون و ئینتیاكیا.
22 وره‌ی قوتابییه‌كانیان به‌رز ده‌كرده‌وه‌ هانیان ده‌دان له‌ باوه‌ڕ جیگیر بن: پێویسته‌ به‌ ته‌نگانه‌ی زۆردا بچینه‌ نێو پاشایه‌تیی خودا. 23 قه‌شه‌یان بۆ هه‌ر وارگه‌یه‌ک هه‌ڵبژاردن، ئینجا به‌ ڕۆژوگرتنه‌وه‌ نوێژیان كرد و خه‌ڵكه‌كه‌یان دایه‌ ده‌ست په‌روه‌ردگار كه‌ باوه‌ڕیان پێی هێناوه‌. 24 ئینجا به‌ پیسیدیه‌دا تێپه‌ڕین و گه‌یشتنه‌ په‌مپۆلیا. 25 له‌ په‌رجه‌ دا وشه‌كه‌یان ڕاگه‌یاند و بۆ ئیتالیا دابه‌زین. 26 له‌وێشه‌وه‌ به‌ ڕێگای ده‌ریا بۆ ئینتیاكیا گه‌ڕانه‌وه‌، ئه‌و شوێنه‌ی لێوه‌ی درانه‌ ده‌ست به‌خششی خودا بۆ ئه‌و كاره‌ی جێبه‌جێیان كرد. 27 كاتێ ئاماده‌بوون و وارگه‌یان كۆكرده‌وه‌، باسی هه‌موو ئه‌و شتانه‌یان كرد كه‌ خودا له‌گه‌ڵیان كردبووی، هه‌روه‌ها كه‌ ده‌رگای باوه‌ڕی بۆ نه‌ته‌وه‌كانیش كردۆته‌وه‌. 28 جا له‌وێ ماوه‌یه‌كی زۆر له‌گه‌ڵ قوتابییه‌كان مانه‌وه‌.

دیاریکراوەکانی ئێستا:

كردار 14: PNTZS

بەرچاوکردن

هاوبەشی بکە

لەبەرگرتنەوە

None

دەتەوێت هایلایتەکانت بپارێزرێت لەناو ئامێرەکانتدا> ? داخڵ ببە