یه‌كه‌م تیماتیئوس 1
1
1 پۆڵۆس، په‌یامبه‌ری ئیشۆعی مه‌سیح به فه‌رمانی خودای ڕزگاریده‌رمان و ئیشۆعی مه‌سیحی هیوامان، 2 بۆ تیماتیئوس، ڕۆڵه‌ی ڕاسته‌قینه‌م له باوه‌ڕ: به‌خشش و میهره‌ربانی و ئاشتی له خودای باوكمان و ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگارمان.
3 كاتێ ده‌چوومه ماقیدۆنیا، ڕامسپاردی له ئه‌پیسۆس بمێنیته‌وه، تاكو خه‌ڵكێک ڕاسپێری فێركردنێكی جیاواز نه‌ده‌ن و 4 گوێ نه‌ده‌نه ئه‌فسانه و ڕه‌چه‌ڵه‌كی بێ پایان، چونكه ده‌مه‌قاڵه‌ی لێ ده‌كه‌وێته‌وه، له‌جیاتی بنیادنانی خودایی ئه‌وه‌ی له باوه‌ڕه. 5 ئامانجی ئه‌م ڕاسپارده‌یه: خۆشویستنه له دڵێكی بێگه‌رد و ویژدانێكی چاک و باوه‌ڕێكی بێ ڕووپامایی. 6 هه‌ندێک له‌مانه لایانداوه، به‌لای قسه‌ی ناڕه‌وا‌دا ڕۆیشتوون، 7 ده‌یانه‌وێ ببنه ڕابیی ته‌ورات، ناشزانن چی ده‌ڵێن و بڕیاری چی ده‌ده‌ن. 8 به‌ڵام ئێمه ده‌زانین ته‌ورات چاكه، ئه‌گه‌ر یه‌كێک به دروستی به‌كاری بهێنێت، 9 هه‌روه‌ها ده‌زانین ته‌ورات بۆ مرۆڤی بێ‌تاوان دانه‌نراوه، به‌ڵكو بۆ سه‌رپێچیكار و یاخیبووان، خوانه‌ناس و گوناهباران، پیس و گڵاوه‌كان، دایک و باوک كوژان، خه‌ڵک كوژان، 10 داوێنپیسان و نێربازان، بازرگانانی كۆیله، درۆزن و سوێندخۆرانی به درۆ، هه‌ر شتێكیش دژی فێركردنی دروست بێت، 11 به‌گوێره‌ی ئینجیلی شكۆی خودای پیرۆز، ئه‌وه‌ی به من سپێردراوه. 12 سوپاسی ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگارمان ده‌كه‌م، ئه‌وه‌ی به‌هێزی كردم و به سه‌رڕاستی داناوم و بۆ ڕاژه‌كردن ده‌ستنیشانی كردم. 13 كه جاران كفركار و چه‌وسێنه‌ر و توندڕه‌و بووم، به‌ڵام به‌زه‌یی پێم هاته‌وه، چونكه به نه‌زانی و بێباوه‌ڕی كردوومه. 14 به‌خششی په‌روه‌ردگارمان زۆر زیاد بووه‌وه له‌گه‌ڵ باوه‌ڕ و خۆشویستن له ئیشۆعی مه‌سیحدا. 15 ئه‌م وشه‌یه ڕاسته و شایانی ته‌واوی په‌سه‌ندكردنه: ئیشۆعی مه‌سیح بۆ ڕزگاركردنی گوناهباران هاته جیهان منیش یه‌كه‌میانم. 16 به‌ڵام به‌زه‌یی پێم‌دا هاته‌وه، تاكو یه‌كه‌مجار له مندا ئیشۆعی مه‌سیح به‌وپه‌ڕی پشوودرێژیی ده‌ربكه‌وێت، وه‌ک په‌ندێک بۆ ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕی پێ ده‌هێنن بۆ ژیانی جاویدانی. 17 بۆ پاشای جاویدانی، نه‌مر و نه‌بینراو، تاقه خودای دانا، ڕێز و شكۆی تاهه‌تایه بۆ ئه‌وه! ئامین.
18 تیماتیئوس، ڕۆڵه، ئه‌م ڕاسپارده‌یه‌ت پێ ده‌سپێرم، به‌گوێره‌ی ئه‌و پێشبینییانه‌ی پێشتر ده‌رباره‌ی تۆ وتراوه، تاكو به‌هۆیانه‌وه جه‌نگێكی باش بجه‌نگی، 19 باوه‌ڕ و ویژدانێكی چاكت هه‌یه. هه‌ندێک ڕه‌تیان كرده‌وه، جا له‌لایه‌نی باوه‌ڕه‌وه كه‌شتییان تێكشكا، 20 له‌وانه هیمینایۆس و ئه‌سكه‌نده‌ر، ئه‌وانم دایه ده‌ستی شه‌یتان، بۆ ئه‌وه‌ی فێربن كه كفر نه‌كه‌ن.
دیاریکراوەکانی ئێستا:
یه‌كه‌م تیماتیئوس 1: PNTZS
بەرچاوکردن
هاوبەشی بکە
لەبەرگرتنەوە
![None](/_next/image?url=https%3A%2F%2Fimageproxy.youversionapi.com%2F58%2Fhttps%3A%2F%2Fweb-assets.youversion.com%2Fapp-icons%2Fckb.png&w=128&q=75)
دەتەوێت هایلایتەکانت بپارێزرێت لەناو ئامێرەکانتدا> ? داخڵ ببە
© Bible Society in Lebanon (2017)
کۆمەڵگەی پەرتووکی پیرۆز لە لوبنان ٢٠١٧