لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یه‌كه‌م قۆرنتێ 15

15
1 برایان، ئینجیلتان بیر ده‌خه‌مه‌وه‌ كه‌ موژده‌كه‌م پێ به‌خشین، ئه‌وه‌ی په‌سه‌ندتان كرد و تا ئێستا په‌یڕه‌وی ده‌كه‌ن و، 2 پێی ڕزگارتان ده‌بێت، ئه‌گه‌ر ئه‌و په‌یامه‌تان له‌یاد بوو كه‌ پێم ڕاگه‌یاندن. ئه‌گینا به‌خۆڕایی باوه‌ڕتان هێناوه‌! 3 چونكه‌ ئه‌وه‌م ڕاده‌ست كردن كه‌ منیش وه‌رمگرتبوو: كه‌وا مه‌سیح له‌ پێناوی گوناهه‌كانمان مرد به‌گوێره‌ی سیپاره‌كان و 4 نێژرا و له‌ ڕۆژی سێیه‌م هه‌ستایه‌وه‌ به‌گوێره‌ی سیپاره‌كان، 5 ئینجا بۆ كیپه‌ و دوایی بۆ دوازده‌كه‌ ده‌ركه‌وت. 6 پاش ئه‌وه‌ به‌ یه‌ك جار بۆ زیاتر له‌ پێنج سه‌د برا ده‌ركه‌وت، زۆربه‌یان تا ئێستا ماون، به‌ڵام هه‌ندێكیان نووستن، 7 دوای ئه‌وه‌ بۆ یاقوو ده‌ركه‌وت، ئینجا بۆ هه‌موو په‌یامبه‌ران، 8 پاش هه‌مووان بۆ منیش ده‌ركه‌وت، من وه‌ك منداڵێكی له‌ كاتی نائاسایی له‌دایكبوو بووم. 9 چونكه‌ من بچووكترینی په‌یامبه‌رانم، كه‌وا شایانی ئه‌وه‌ نیم به‌ په‌یامبه‌ر ناوببردرێم، چونكه‌ من وارگه‌ی خودام چه‌وسانده‌وه‌. 10 به‌ڵام به‌ به‌خششی خودا من ئێستا وام، هه‌روه‌ها به‌خششی ئه‌و بۆ من بێ سوود نه‌بوو، به‌ڵكو من له‌ هه‌موویان ماندووتر بووم، به‌ڵام من نا، به‌ڵكو به‌خششی خودا بوو كه‌ له‌گه‌ڵمدایه‌. 11 ئیتر من بم یاخود ئه‌وان، ئاوا بانگه‌واز ده‌كه‌ین و ئاواش باوه‌ڕتان هێنا.
12 به‌ڵام ئه‌گه‌ر بانگه‌واز ده‌كرێت كه‌ مه‌سیح له‌نێو مردووان هه‌ستاوه‌ته‌وه‌، ئیتر چۆن هه‌ندێكتان ده‌ڵێن كه‌ هه‌ستانه‌وه‌ی مردووان نییه‌؟ 13 ئه‌گه‌ر هه‌ستانه‌وه‌ی مردووان نه‌بێت، ته‌نانه‌ت مه‌سیحیش نه‌هه‌ستاوه‌ته‌وه‌! 14 ئه‌گه‌ر مه‌سیح نه‌هه‌ستابێته‌وه‌، ئه‌وسا موژده‌دانمان ناڕه‌وایه‌، باوه‌ڕی ئێوه‌ش ناڕه‌وایه‌. 15 ئێمه‌ش ده‌بینه‌ گه‌واهیده‌ری درۆزن بۆ خودا، چونكه‌ ئێمه‌ سه‌باره‌ت به‌ خودا گه‌واهیمان دا، كه‌ مه‌سیحی هه‌ستاندۆته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر مردووان هه‌ڵنه‌ستنه‌وه‌، ئه‌وا نه‌یهه‌ستاندۆته‌وه‌‌. 16 چونكه‌ ئه‌گه‌ر مردووان هه‌ڵنه‌ستنه‌وه‌، كه‌واته‌ مه‌سیحیش نه‌هه‌ستاوه‌ته‌وه‌. 17 ئه‌گه‌ر مه‌سیح نه‌هه‌ستابێته‌وه‌، ئه‌وسا باوه‌ڕتان ناڕه‌وایه‌ و ئێوه‌ هێشتا له‌ گوناهه‌كانتان دان! 18 كه‌واته‌ ئه‌وانه‌ش كه‌ له‌ مه‌سیحدا نووستن له‌ناوچوونه‌! 19 ئه‌گه‌ر بێتو ته‌نها له‌م ژیانه‌ هیوامان به‌ مه‌سیح بێت، ئه‌وا ئێمه‌ نه‌گبه‌تترین خه‌ڵك ده‌بین. 20 به‌ڵام مه‌سیح له‌نێو مردووان هه‌ستایه‌وه‌ و بووه‌ نۆبه‌ره‌ی نووستووان. 21 جا چۆن مه‌رگ به‌ مرۆڤێك بوو، هه‌ستانه‌وه‌ی مردووانیش به‌ مرۆڤێكه‌. 22 هه‌روه‌ها چۆن هه‌موو له‌ ئاده‌مدا ده‌مرن، به‌ هه‌مان شێوه‌ هه‌موو له‌ مه‌سیحدا زیندوو ده‌كرێنه‌وه‌. 23 به‌ڵام هه‌ر یه‌كه‌ به‌ نۆره‌ی خۆی: یه‌كه‌مجار مه‌سیح وه‌ك نۆبه‌ره‌، ئینجا له‌ كاتی هاتنی، ئه‌وانه‌ی سه‌ر به‌ مه‌سیحن، 24 دوای ئه‌مه‌ پایان دێت، كاتێ پاشایه‌تییه‌كه‌ ده‌داته‌ خودای باوک، پاش ئه‌وه‌ی هه‌موو سه‌رۆكایه‌تی و هه‌موو ده‌سه‌ڵات و هه‌موو هێزێك پۆچه‌ڵ ده‌كاته‌وه‌. 25 چونكه‌ ده‌بێ پاشایه‌تی بكات، تاكو هه‌موو دوژمنانی ده‌خاته‌ ژێر پێیه‌وه‌. 26 دوا دوژمن كه‌ پووچه‌ڵ ده‌كرێت، مه‌رگه‌. 27 چونكه‌ هه‌موو شتێكی خستۆته‌ ژێر پێی. به‌ڵام كاتێ ده‌فه‌رمووێ: {هه‌موو شتێك ملكه‌چ بووه‌}، ڕوونه‌ كه‌وا جگه‌ له‌ خودایه‌ كه‌ ئه‌وه‌ی هه‌مووی ملكه‌چی مه‌سیح كردووه‌. 28 كاتێ هه‌مووی ملكه‌چی ده‌بێت، ئه‌وسا ڕۆڵه‌ش خۆی ملكه‌چی ئه‌وه‌ ده‌بێت كه‌ هه‌مووی ملكه‌چی كردووه‌، تاكو خودا ببێته‌ هه‌موو شتێك له‌ هه‌موو شتێكدا.
29 ئه‌گینا ئه‌وانه‌ی له‌ پێناو مردووان عه‌ماد ده‌كرێن چی ده‌كه‌ن؟ ئه‌گه‌ر مردووان هه‌رگیز هه‌ڵناستێنه‌وه‌، جا بۆچی له‌ پێناو مردووان عه‌ماد ده‌كرێن؟ 30 بۆچی ئێمه‌ هه‌موو كاتێ خۆمان ده‌خه‌ینه‌ مه‌ترسییه‌وه‌؟ 31 من ڕۆژانه‌ ده‌مرم، وه‌ك شانازیتان پێوه‌ ده‌كه‌م، به‌ ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگارمان. 32 ئه‌گه‌ر بێتو وه‌ك مرۆڤێك له‌ ئه‌پیسۆسدا به‌ره‌نگاری دڕندان بوومایه‌وه‌، ئه‌وسا چ سوودێكم ده‌بوو؟ ئه‌گه‌ر بێت و مردووان هه‌ڵنه‌ستنه‌وه‌: “با بخۆین و بخۆینه‌وه‌، چونكه‌ سبه‌ی ده‌مرین”. 33 هه‌ڵمه‌خه‌ڵه‌تێن: “په‌یوه‌ندی خراپ، ڕه‌وشتی جوان تێكده‌دات” 34 هۆشمه‌ند بن بۆ خوداناسی و گوناه‌ مه‌كه‌ن، چونكه‌ هه‌ندێكتان زانینتان سه‌باره‌ت به‌ خودا نییه‌. ئه‌مه‌ بۆ شه‌رمه‌زاربوونتان ده‌ڵێم!
35 له‌وانه‌یه‌ یه‌كێك بڵێت: “مردووان چۆن هه‌ڵده‌ستێندرێنه‌وه‌؟ به‌ چ جۆره‌ له‌شێك دێن؟” 36 ئه‌ی گێل! ئه‌وه‌ی ده‌یچێنیت زیندوو نابێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر نه‌مرێت. 37 ئه‌وه‌ی ده‌یچێنیت ئه‌و له‌شه‌ نییه‌ كه‌وا ده‌رده‌كه‌وێت، به‌ڵكو ته‌نها ده‌نكێكه‌، له‌وانه‌یه‌ گه‌نمه‌ یاخود هه‌ر تۆوێكی دیكه‌. 38 به‌ڵام خودا ئه‌و له‌شه‌ی ده‌داتێ كه‌ خۆی ده‌یه‌وێ، هه‌ر جۆره‌ تۆوێك له‌شێكی تایبه‌تی داوه‌تێ. 39 هه‌موو جه‌سته‌یه‌ك یه‌ك شێوه‌ی نییه‌، به‌ڵكو مرۆڤ جه‌سته‌یه‌كی هه‌یه‌، ئاژه‌ڵ جه‌سته‌یه‌كی دیكه‌، ماسی جه‌سته‌یه‌ك و باڵنده‌ جه‌سته‌یه‌كی دیكه‌. 40 جه‌سته‌ی ئاسمانی هه‌یه‌ و جه‌سته‌ی زه‌ویش هه‌یه‌، به‌ڵام شكۆ ئاسمانییه‌كان شتێكه‌ و شكۆی زه‌ویش شتێكی دیكه‌یه‌. 41 شكۆی خۆر شتێكه‌ و شكۆی مانگ شتێكه‌، شكۆی ئه‌ستێره‌ش شتێكی دیكه‌یه‌، ئه‌ستێره‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌ستێره‌ شكۆی جیاوازی خۆیان هه‌یه‌. 42 به‌م جۆره‌ش هه‌ستانه‌وه‌ی مردووانیش: له‌ له‌ناوچوون ده‌چێندرێت، له‌ له‌ناونه‌چوون هه‌ڵده‌ستێندرێته‌وه‌. 43 له‌ سووكایه‌تی ده‌چێندرێت، له‌ شكۆمه‌ندی هه‌ڵده‌ستێندرێته‌وه‌. له‌ لاوازی ده‌چێندرێت، له‌ هێز هه‌ڵده‌ستێندرێته‌وه‌. 44 به‌ له‌شی ئاژه‌ڵی ده‌چێندرێت، به‌ له‌شی ڕووحی هه‌ڵده‌ستێندرێته‌وه‌. له‌شی ئاژه‌ڵی هه‌یه‌ و له‌شی ڕووحیش هه‌یه‌. 45 ئاواش نووسراوه‌: {ئاده‌م مرۆڤی یه‌كه‌مین بووه‌ گیانێكی زیندوو. به‌ڵام دوا ئاده‌م، ڕووحێكی ژیانبه‌خشه‌}. 46 به‌ڵام ڕووحییه‌كه‌ ئه‌وه‌ی یه‌كه‌م نییه‌، به‌ڵكو له‌شی ئاژه‌ڵیه‌ و ئه‌وه‌ی دواتر ڕووحییه‌. 47 مرۆڤی یه‌كه‌م له‌ گڵ زه‌وی بوو، مرۆڤی دووه‌م له‌ ئاسمانه‌وه‌یه‌. 48 وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ گڵ بوو، ئه‌وانه‌ش له‌ گڵن. ئه‌وه‌ش له‌ ئاسمانه‌وه‌یه‌، ئاسمانییه‌كان به‌م جۆره‌ ده‌بن. 49 وه‌ك چۆن ئه‌و وێنه‌یه‌مان وه‌رگرتووه‌ كه‌ له‌ گڵ بوو، به‌ هه‌مان شێوه‌ وێنه‌ی ئاسمانی وه‌رده‌گرین. 50 برایان، ئه‌مه‌تان پێ ده‌ڵێم: گۆشت و خوێن ناتوانێت ببێته‌ میراتگری پاشایه‌تیی خودا، هه‌روه‌ها له‌ناوچوو نابێته‌ میراتگری له‌ناونه‌چوو.
51 ئه‌وه‌تا نهێنییه‌كتان پێ ده‌ڵێم: هه‌موومان ناخه‌وین، به‌ڵكو هه‌موومان ده‌گۆڕێین، 52 له‌ ساتێكدا له‌ چاوتروكانێک، له‌ دوا كه‌ڕه‌نادا. چونكه‌ كه‌ڕه‌نا ده‌نگ ده‌داته‌وه‌، مردووانی له‌ناونه‌چووش هه‌ڵده‌ستێنه‌وه‌، ئێمه‌ش ده‌گۆڕدرێین. 53 چونكه‌ هه‌ر ده‌بێ ئه‌م له‌ناوچووه‌ له‌ناونه‌چوویی بپۆشێت وئه‌م مردووه‌ نه‌مری بپۆشێت. 54 كاتێ له‌ناوچوو له‌ناونه‌چوویی ده‌پۆشێت و مردوو نه‌مری ده‌پۆشێت، ئه‌وسا وشه‌ی نووسراو دێته‌ دی: {مه‌رگ به‌ سه‌ركه‌وتن قووت درا}. 55 {ئه‌ی مه‌رگ، كوا ده‌سه‌ڵاتت؟ ئه‌ی گۆڕ، كوا سه‌ركه‌وتنت؟} 56 جا ده‌سه‌ڵاتی مه‌رگ گوناهه‌، هێزی گوناهیش ته‌وراته‌. 57 به‌ڵام سوپاس بۆ خودا! كه‌ به‌ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگارمان سه‌ركه‌وتنمان پێ ده‌به‌خشێت. 58 كه‌واته‌، برایانی خۆشه‌ویستم، جێگیر بن، نه‌هه‌ژێن. هه‌میشه‌ خۆتان بۆ كاری په‌روه‌ردگار ته‌رخان بكه‌ن، بزانن ڕه‌نجتان بۆ په‌روه‌ردگار بێ سوود نییه‌.

دیاریکراوەکانی ئێستا:

یه‌كه‌م قۆرنتێ 15: PNTZS

بەرچاوکردن

هاوبەشی بکە

لەبەرگرتنەوە

None

دەتەوێت هایلایتەکانت بپارێزرێت لەناو ئامێرەکانتدا> ? داخڵ ببە