لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یه‌كه‌م قۆرنتێ 14

14
1 به‌دوای خۆشویستن بكه‌ون، به‌ڵام تامه‌زرۆی به‌هره‌ ڕووحییه‌كان بن، به‌ تایبه‌تی پێشبینی. 2 چونكه‌ ئه‌وه‌ی به‌ زمان ده‌دوێت، قسه‌ بۆ خه‌ڵك ناكات، به‌ڵكو بۆ خودا، كه‌س لێی تێناگات، چونكه‌ به‌ ڕووح باسی نهێنی ده‌كات. 3 به‌ڵام ئه‌وه‌ی پێشبینی ده‌كات، ئه‌وه‌ بۆ بنیادنان و ئامۆژگاری و دڵنه‌وایی خه‌ڵك ده‌دوێت. 4 ئه‌وه‌ی به‌ زمان ده‌دوێت، خۆی بنیاد ده‌نێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی پێشبینی ده‌كات، ئه‌وا وارگه‌ بنیاد ده‌نێت. 5 ده‌مه‌وێ هه‌مووتان به‌ زمانه‌كان بدوێن، به‌ڵام باشتره‌ پێشبینی بكه‌ن. چونكه‌ ئه‌وه‌ی پێشبینی ده‌كات مه‌زنتره‌ له‌وه‌ی به‌ زمانه‌كان ده‌دوێت، مه‌گه‌ر وه‌ریبگێڕێت، تاكو وارگه‌ بنیادنانی ده‌ست بكه‌وێت. 6 ئێستاش برایان، ئه‌گه‌ر هاتمه‌ لاتان و به‌ زمانه‌كان دووام، چ كه‌ڵكێكم بۆتان ده‌بێت، مه‌گه‌ر به‌ ئاشكراكردن نه‌بێت به‌ زانینێك یان به‌ پێشبینییه‌ك یان به‌ فێركردنێك بۆتان بدوێم؟ 7 ته‌نانه‌ت ئه‌و شته‌ بێ ڕووحانه‌ی ده‌نگ ده‌رده‌كه‌ن: شمشاڵ یان ته‌میره‌، ئه‌گه‌ر ئاوازی جیاواز نه‌دات، چۆن بزانرێت ئه‌وه‌ی ده‌ژه‌نرێت شمشاڵه‌ یان ته‌میره‌یه‌؟ 8 ئه‌گه‌ر كه‌ڕه‌نا ده‌نگێكی ڕوون نه‌دات، كێ بۆ جه‌نگ خۆی ئاماده‌ ده‌كات؟ 9 ئێوه‌ش ئاوا، ئه‌گه‌ر به‌ زمان قسه‌یه‌كی ڕوون نه‌ده‌ن، ئه‌وه‌ی وتراوه‌ چۆن بزانرێت؟ چونكه‌ هه‌ر له‌ بادا ده‌دووێن! 10 هه‌ڵبه‌ت له‌ جیهاندا جۆره‌ها زمان هه‌یه‌ و هیچیان بێ واتا نییه‌. 11 بۆیه‌ ئه‌گه‌ر له‌ واتای زمانێك نه‌زانم، لای قسه‌كه‌ر ده‌بمه‌ بیانی، قسه‌كه‌ریش بیانیه‌ لای من، 12 ئێوه‌ش ئاوا. جا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بۆ به‌هره‌ی ڕووحی په‌رۆشن، داوا بكه‌ن بۆ بنیادنانی وارگه‌ لێی زیاد بكه‌ن. 13 بۆیه‌ ئه‌وه‌ی به‌ زمان ده‌دوێت، با نوێژ بكات تاكو وه‌ریبگێڕێت. 14 چونكه‌ ئه‌گه‌ر به‌ زمانێك نوێژ بكه‌م، ئه‌وا ڕووحم نوێژ ده‌كات، به‌ڵام هزرم بێ به‌روبوومه‌. 15 كه‌واته‌ چییه‌؟ به‌ ڕووح نوێژ ده‌كه‌م، هه‌روه‌ها به‌ هزریشم نوێژ ده‌كه‌م. به‌ ڕووح په‌سنی ده‌ڵێم، هه‌روه‌ها به‌ هزریشم په‌سنی ده‌ڵێم. 16 ئه‌گینا، ئه‌گه‌ر به‌ ڕووح داڕشت بكه‌یت، چۆن یه‌كێكی ده‌ره‌وه‌ به‌ سوپاسكردنه‌كه‌ت بڵێت “ئامین” چونكه‌ نازانێت تۆ چی ده‌ڵێی! 17 سوپاسكردنه‌كه‌ت باشه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی دیكه‌ بنیاد نانرێت. 18 سوپاسی خودا ده‌كه‌م، له‌ هه‌مووتان زیاتر به‌ زمانه‌كان ده‌دوێم، 19 به‌ڵام له‌ وارگه‌دا، پێنج وشه‌م له‌ هزردایه‌ بیڵێم، تاكو خه‌ڵكیش فێر بكه‌م، باشتره‌ له‌ ده‌ هه‌زار وشه‌ی به‌ زمانێک. 20 برایان، له‌ بیركردنه‌وه‌دا منداڵ مه‌بن. له‌ خراپه‌دا وه‌ك منداڵ بن، به‌ڵام له‌ بیركردنه‌وه‌دا پێگه‌یشتوو بن. 21 له‌ ته‌وراتدا نووسراوه‌: {په‌روه‌ردگار ده‌فه‌رمووێ، به‌ زمانی بێگانه‌كان و به‌ لێوی نامۆكان قسه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م گه‌له‌ ده‌كه‌م، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش گوێم لێ ناگرن}. 22 كه‌واته‌ زمانه‌كان په‌رجوون، نه‌ك بۆ باوه‌ڕداران، به‌ڵكو بۆ بێباوه‌ڕان، به‌ڵام پێشبینی بۆ بێباوه‌ڕان نییه‌، به‌ڵكو بۆ باوه‌ڕدارانه‌. 23 بۆیه‌ ئه‌گه‌ر هه‌موو وارگه‌ له‌ یه‌ك شوێن كۆبوونه‌وه‌ و هه‌موو به‌ زمانه‌كان بدوێن، هه‌ر نه‌زانێك یان بێباوه‌ڕێك بێته‌ ژووره‌وه‌، ئایا ناڵێت كه‌ ئێوه‌ وڕێنه‌ ده‌كه‌ن؟ 24 به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌موو پێشبینی بكه‌ن و یه‌كێكی بێباوه‌ڕ یاخود نه‌زان بێته‌ ژووره‌وه‌، له‌ ئاماده‌گی هه‌مووانه‌وه‌ ویژدانی سه‌رزه‌نشتی ده‌كات، له‌لایه‌ن هه‌مووانه‌وه‌ حوكم ده‌درێت، 25 به‌مشێوه‌ نهێنییه‌كانی دڵی ئاشكرا ده‌بێت، به‌سه‌ر ڕوویدا ده‌كه‌وێت و كڕنۆش بۆخودا ده‌بات، ڕاده‌گه‌یه‌نی: به‌ ڕه‌وا خودا له‌نێوتاندایه‌!
26 جا چییه‌ برایان؟ كاتێ كۆده‌بنه‌وه‌ هه‌ر یه‌كێك په‌سنیێكی هه‌یه‌، یان فێركردنێك یان ئاشكراكردنێكی زمانێك یان وه‌رگێڕانێک. با هه‌موو شتێك بۆ بنیادنان بێت. 27 ئه‌گه‌ر كه‌سێك به‌ زمانێك بدوێت، با دووان یان ئه‌وپه‌ڕی سێ كه‌س بێت و له‌دوای یه‌ك بدوێن، یه‌كێكیش وه‌ریبگێڕێت. 28 به‌ڵام ئه‌گه‌ر وه‌رگێڕ نه‌بوو، با له‌ وارگه‌ بێده‌نگ بێت، بۆ خۆی و بۆ خودا بدوێت. 29 به‌ڵام ئه‌وانه‌ی پێشبینی ده‌گه‌ن با دوو یان سێ كه‌س بدوێن، ئه‌وانی دیكه‌ش هه‌ڵده‌سه‌نگێنن. 30 به‌ڵام ئه‌گه‌ر په‌یامێك بۆ یه‌كێك له‌ دانیشتووان ڕاگه‌یه‌نرا، با یه‌كه‌میان بێده‌نگ بێت. 31 چونكه‌ هه‌مووتان ده‌توانن یه‌ك به‌ یه‌ك پێشبینی بكه‌ن، تاكو هه‌مووان فێربن و هه‌مووان دڵنه‌وایی بكرێن. 32 ڕووحی پێغه‌مبه‌ران بۆ پێغه‌مبه‌ران ملكه‌چه‌، 33 چونكه‌ خودا خودای شێواندن نییه‌، به‌ڵكو خودای ئاشتییه‌. وه‌ك له‌ هه‌موو وارگه‌كانی پارساكانه‌، 34 با ژنه‌كانتان له‌ وارگه‌كاندا بێده‌نگ بن، چونكه‌ ڕێیان پێ نه‌دراوه‌ بدوێن، به‌ڵكو وه‌ك ته‌وراتیش ده‌فه‌رمووێ با ملكه‌چ بن. 35 به‌ڵام ئه‌گه‌ر ویستیان شتێك فێربن، با له‌ ماڵه‌وه‌ له‌ مێرده‌كانیان بپرسن. چونكه‌ شوره‌ییه‌ بۆ ژن له‌ وارگه‌دا بدوێت. 36 ئایا وشه‌ی خودا له‌ ئێوه‌وه‌ هاتووه‌؟ یان ته‌نها گه‌یشتۆته‌ ئێوه‌؟ 37 ئه‌گه‌ر یه‌كێك خۆی به‌ پێشبین یان كه‌سێكی ڕووحی بزانێت، با بزانێت ئه‌وه‌ی بۆتانی ده‌نووسم ڕاسپارده‌ی په‌روه‌ردگاره‌. 38 به‌ڵام ئه‌گه‌ر یه‌كێك نه‌زان بێت، با هه‌ر نه‌زانێت! 39 كه‌واته‌ برایان، تێبكۆشن بۆ پێشبینی و ڕێگری مه‌كه‌ن له‌ دووان به‌ زمانه‌كان. 40 با هه‌موو شتێك به‌ دروستی و ڕێك بێت.

دیاریکراوەکانی ئێستا:

یه‌كه‌م قۆرنتێ 14: PNTZS

بەرچاوکردن

هاوبەشی بکە

لەبەرگرتنەوە

None

دەتەوێت هایلایتەکانت بپارێزرێت لەناو ئامێرەکانتدا> ? داخڵ ببە