لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یه‌كه‌م قۆرنتێ 1:14-19

یه‌كه‌م قۆرنتێ 1:14-19 PNTZS

به‌دوای خۆشویستن بكه‌ون، به‌ڵام تامه‌زرۆی به‌هره‌ ڕووحییه‌كان بن، به‌ تایبه‌تی پێشبینی. چونكه‌ ئه‌وه‌ی به‌ زمان ده‌دوێت، قسه‌ بۆ خه‌ڵك ناكات، به‌ڵكو بۆ خودا، كه‌س لێی تێناگات، چونكه‌ به‌ ڕووح باسی نهێنی ده‌كات. به‌ڵام ئه‌وه‌ی پێشبینی ده‌كات، ئه‌وه‌ بۆ بنیادنان و ئامۆژگاری و دڵنه‌وایی خه‌ڵك ده‌دوێت. ئه‌وه‌ی به‌ زمان ده‌دوێت، خۆی بنیاد ده‌نێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی پێشبینی ده‌كات، ئه‌وا وارگه‌ بنیاد ده‌نێت. ده‌مه‌وێ هه‌مووتان به‌ زمانه‌كان بدوێن، به‌ڵام باشتره‌ پێشبینی بكه‌ن. چونكه‌ ئه‌وه‌ی پێشبینی ده‌كات مه‌زنتره‌ له‌وه‌ی به‌ زمانه‌كان ده‌دوێت، مه‌گه‌ر وه‌ریبگێڕێت، تاكو وارگه‌ بنیادنانی ده‌ست بكه‌وێت. ئێستاش برایان، ئه‌گه‌ر هاتمه‌ لاتان و به‌ زمانه‌كان دووام، چ كه‌ڵكێكم بۆتان ده‌بێت، مه‌گه‌ر به‌ ئاشكراكردن نه‌بێت به‌ زانینێك یان به‌ پێشبینییه‌ك یان به‌ فێركردنێك بۆتان بدوێم؟ ته‌نانه‌ت ئه‌و شته‌ بێ ڕووحانه‌ی ده‌نگ ده‌رده‌كه‌ن: شمشاڵ یان ته‌میره‌، ئه‌گه‌ر ئاوازی جیاواز نه‌دات، چۆن بزانرێت ئه‌وه‌ی ده‌ژه‌نرێت شمشاڵه‌ یان ته‌میره‌یه‌؟ ئه‌گه‌ر كه‌ڕه‌نا ده‌نگێكی ڕوون نه‌دات، كێ بۆ جه‌نگ خۆی ئاماده‌ ده‌كات؟ ئێوه‌ش ئاوا، ئه‌گه‌ر به‌ زمان قسه‌یه‌كی ڕوون نه‌ده‌ن، ئه‌وه‌ی وتراوه‌ چۆن بزانرێت؟ چونكه‌ هه‌ر له‌ بادا ده‌دووێن! هه‌ڵبه‌ت له‌ جیهاندا جۆره‌ها زمان هه‌یه‌ و هیچیان بێ واتا نییه‌. بۆیه‌ ئه‌گه‌ر له‌ واتای زمانێك نه‌زانم، لای قسه‌كه‌ر ده‌بمه‌ بیانی، قسه‌كه‌ریش بیانیه‌ لای من، ئێوه‌ش ئاوا. جا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بۆ به‌هره‌ی ڕووحی په‌رۆشن، داوا بكه‌ن بۆ بنیادنانی وارگه‌ لێی زیاد بكه‌ن. بۆیه‌ ئه‌وه‌ی به‌ زمان ده‌دوێت، با نوێژ بكات تاكو وه‌ریبگێڕێت. چونكه‌ ئه‌گه‌ر به‌ زمانێك نوێژ بكه‌م، ئه‌وا ڕووحم نوێژ ده‌كات، به‌ڵام هزرم بێ به‌روبوومه‌. كه‌واته‌ چییه‌؟ به‌ ڕووح نوێژ ده‌كه‌م، هه‌روه‌ها به‌ هزریشم نوێژ ده‌كه‌م. به‌ ڕووح په‌سنی ده‌ڵێم، هه‌روه‌ها به‌ هزریشم په‌سنی ده‌ڵێم. ئه‌گینا، ئه‌گه‌ر به‌ ڕووح داڕشت بكه‌یت، چۆن یه‌كێكی ده‌ره‌وه‌ به‌ سوپاسكردنه‌كه‌ت بڵێت “ئامین” چونكه‌ نازانێت تۆ چی ده‌ڵێی! سوپاسكردنه‌كه‌ت باشه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی دیكه‌ بنیاد نانرێت. سوپاسی خودا ده‌كه‌م، له‌ هه‌مووتان زیاتر به‌ زمانه‌كان ده‌دوێم، به‌ڵام له‌ وارگه‌دا، پێنج وشه‌م له‌ هزردایه‌ بیڵێم، تاكو خه‌ڵكیش فێر بكه‌م، باشتره‌ له‌ ده‌ هه‌زار وشه‌ی به‌ زمانێک.

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان