YouVersion Logo
Search Icon

په‌سنییه‌كان 18

18
هی پێشه‌وای گۆرانیبێژانه‌. داویدی به‌نده‌ی په‌روه‌ردگار. ئه‌م سرووده‌ی بۆ په‌روه‌ردگار وت له‌و ڕۆژه‌ی كه‌ په‌روه‌ردگار له‌ ده‌ستی هه‌موو دوژمنه‌كانی و له‌ ده‌ستی شاول ڕزگاری كرد. وتی:
1 خۆشمده‌وێی په‌روه‌ردگار، ئه‌ی هێزی من.
2 په‌روه‌ردگار تاشه‌به‌ردی منه‌، قه‌ڵامه‌ و ده‌ربازگه‌رمه‌. خوداوه‌ندم تاشه‌به‌ردی منه‌ كه‌ په‌نای بۆ ده‌به‌م. قه‌ڵغانمه‌، قۆچی ڕزگاریمه‌، په‌ناگامه‌.
3 له‌ په‌روه‌ردگاری ستایشكراو ده‌پاڕێمه‌وه‌، له‌ دوژمنه‌كانم ڕزگارم ده‌كات.
4 په‌ته‌كانی مه‌رگ شه‌ته‌كیان داوم، لێشاوه‌كانی له‌ناوچوون زه‌نده‌قیان بردم.
5 په‌ته‌كانی دۆڵی بێبن به‌ ده‌ورمدا ته‌نیوه‌. بۆسه‌كانی مه‌رگ پێمه‌وه‌ لكاون.
6 له‌ ته‌نگانه‌مدا له‌ په‌روه‌ردگار پاڕامه‌وه‌، هاوارم بۆ خوداوه‌ندم كرد، له‌ په‌رستگاكه‌ی گوێی له‌ده‌نگم بوو، هاوارم گه‌یشته‌ به‌ر گوێی.
7 ئینجا زه‌وی له‌رزی و هه‌ژا، بناغه‌ی چیاكانیش ڕاژه‌نین و له‌رزین چونكه‌ تووڕه‌ بوو.
8 دووكه‌ڵ له‌ لووتی به‌رزبووه‌وه‌، ئاگر له‌ ده‌می هه‌ستا. پشكۆی داگیرساوی لێوه‌ ده‌رچوو.
9 ئاسمانانی لێككرده‌وه‌ و دابه‌زییه‌ خواره‌وه‌، ته‌م له‌ژێر پێی بوون.
10 سواری كه‌ڕوب بوو و فڕی، به‌سه‌ر باڵی بادا به‌رز بووه‌وه‌.
11 تاریكی كرده‌ په‌رده‌ له‌ ده‌وری خۆیدا، ته‌می پڕ ئاو و تاریكی هه‌وری كرده‌ به‌ چه‌تری خۆی.
12 له‌ تیشكی به‌رده‌می هه‌وره‌كان شه‌قبوون. ته‌رزه‌ و پشكۆی ئاگر.
13 په‌روه‌ردگار له‌ ئاسماناندا گرمه‌ی هات، هه‌ره‌به‌رز ده‌نگی هات، ته‌رزه‌ و پشكۆی ئاگر.
14 تیره‌كانی هاویشت و بڵاوه‌ی پێ كردن، به‌ بروسكه‌ی زۆر په‌رێشانی كردن.
15 بنی ده‌ریاكان ده‌ركه‌وتن، بناغه‌كانی زه‌وی ده‌ركه‌وتن، له‌ سه‌رزه‌نشتی تۆ ئه‌ی په‌روه‌ردگار، له‌ هه‌ناسه‌ی لووتی تۆ.
16 له‌ به‌رزاییه‌وه‌ ده‌ستی درێژ كرد و منی گرت، له‌نێو ئاوه‌ قووڵه‌كان ده‌ری كردم.
17 له‌ دوژمنه‌ به‌هێزه‌كه‌م ده‌ربازی كردم، له‌ ناحه‌زه‌كانم كه‌ زۆر له‌ من به‌هێزترن.
18 له‌ ڕۆژی لێقه‌ومانم هاتنه‌ سه‌رم، به‌ڵام په‌روه‌ردگار پشت و په‌نام بوو.
19 هێنامیه‌ جێگایه‌كی به‌رین، ڕزگاری كردم، چونكه‌ دڵخۆشه‌ پێم.
20 په‌روه‌ردگار به‌گوێره‌ی بێتاوانیم پاداشتی دامه‌وه‌، به‌گوێره‌ی پاكی ده‌ستم پێی دامه‌وه‌.
21 چونكه‌ ڕێگاكانی په‌روه‌ردگارم پاراست، له‌ خوداوه‌ندی خۆم یاخی نه‌بووم.
22 هه‌موو حوكمه‌كانی له‌ به‌رده‌مم بووه‌، سه‌رپێچی فه‌رزه‌كانیم نه‌كردووه‌.
23 له‌گه‌ڵیدا ته‌واو بووم و خۆم له‌ خراپه‌ پاراستووه‌.
24 په‌روه‌ردگار به‌گوێره‌ی بێتاوانیم، به‌گوێره‌ی ده‌ست پاكیم له‌ به‌رده‌میدا پاداشتی داومه‌ته‌وه‌.
25 له‌گه‌ڵ به‌زه‌ییدار به‌به‌زه‌ییت. له‌گه‌ڵ پیاوی ته‌واو ته‌واویت،
26 له‌گه‌ڵ بێگه‌رد بێگه‌ردیت، له‌گه‌ڵ چه‌وه‌ته‌كانیشدا پێچاوپێچی ده‌بیت.
27 چونكه‌ تۆ گه‌لی به‌دبه‌خت ڕزگار ده‌كه‌یت، لووتی لووتبه‌رزانیش ده‌شكێنیت.
28 چونكه‌ تۆ ئه‌ی په‌روه‌ردگار چراكه‌م داده‌گیرسێنیت، خودام تاریكیم بۆ ڕووناكی ده‌كه‌یته‌وه‌.
29 چونكه‌ به‌ یارمه‌تی تۆ ده‌توانم له‌شكرێک تێكبشكێنم، له‌گه‌ڵ خودای خۆم ده‌توانم به‌سه‌ر شووره‌كاندا سه‌ربكه‌وم.
30 ڕێگای خودا ته‌واوه‌. فه‌رمووده‌ی په‌روه‌ردگار خاوێنه‌. ئه‌و قه‌ڵغانه‌ بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی په‌نای بۆ ده‌به‌ن.
31 چونكه‌ له‌ په‌روه‌ردگار زیاتر كێ‌ خوداوه‌نده‌؟ له‌ خودا زیاتر كێ‌ تاشه‌به‌رده‌كه‌یه‌؟
32 خوداوه‌نده‌، كه‌ كه‌مه‌رمی به‌ هێز به‌ستووه‌، ڕێگای من ته‌واو ده‌كات.
33 پێیه‌كانم وه‌ک پێی ئاسک لێده‌كات، له‌سه‌ر به‌رزاییه‌كانم ڕامده‌گرێت.
34 ده‌سته‌كانم فێری جه‌نگ ده‌كات، تا بتوانم به‌ بازووم كه‌وانی مس بچه‌مێنمه‌وه‌.
35 قه‌ڵغانی ڕزگاری خۆت پێ‌ به‌خشیوم، به‌ ده‌ستی ڕاستت پشتم ده‌گریت، به‌ نیانیی خۆت گه‌وره‌م ده‌كه‌یت.
36 جێی هه‌نگاوه‌كانم به‌رین ده‌كه‌یت، تا پاژنه‌م نه‌خلیسكێت.
37 دوژمنه‌كانم ڕاونا و پێشم لێ‌ گرتن، تا له‌ناوم نه‌بردن نه‌گه‌ڕامه‌وه‌.
38 وردوخاشیان ده‌كه‌م كه‌ نه‌توانن هه‌ستنه‌وه‌، له‌ ژێر پێم ده‌كه‌ون.
39 كه‌مه‌رم به‌ هێز ده‌به‌ستیت بۆ جه‌نگ، وا له‌ دوژمنه‌كانم ده‌كه‌ی له‌به‌ر پێم بكه‌ون.
40 دوژمنه‌كانم پشتم تێده‌كه‌ن، ناحه‌زانم له‌ناوده‌به‌م.
41 هاواریان كرد، به‌ڵام كه‌س به‌ هاواریانه‌وه‌ نه‌چوو. هاواری په‌روه‌ردگاریان كرد به‌ڵام به‌ ده‌نگیانه‌وه‌ نه‌چوو.
42 وه‌ک تۆزی به‌ر با وردیان ده‌كه‌م. وه‌ک قوڕی سه‌ر ڕێگا فڕێیان ده‌ده‌م.
43 له‌ هێرشی گه‌ل ڕزگارت كردم، منت كرد به‌ سه‌رۆكی نه‌ته‌وه‌كان، گه‌لێک كه‌ نه‌مده‌ناسین ڕاژه‌م ده‌كه‌ن.
44 هه‌ر كه‌ ده‌نگم ده‌بیستن یه‌كسه‌ر گوێڕایه‌ڵم ده‌بن. بێگانه‌كان لێم ده‌پاڕێنه‌وه‌.
45 بێگانه‌كان وره‌یان به‌ردا و به‌ له‌رزه‌وه‌ له‌ قه‌ڵاكانیان هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌.
46 په‌روه‌ردگار زیندووه‌، تاشه‌به‌رده‌كه‌م پیرۆزه‌، خودای ڕزگاریده‌رم به‌رزه‌،
47 خوداوه‌ندێک كه‌ تۆڵه‌م بۆ ده‌كاته‌وه‌، گه‌لانی ملكه‌چی من كرد.
48 له‌ دوژمنه‌كانم ده‌ربازی كردم. به‌رزی كردمه‌وه‌ به‌سه‌ر ناحه‌زانم. له‌ ده‌ست پیاوی سته‌مكار ده‌ربازت كردم.
49 بۆیه‌ ئه‌ی په‌روه‌ردگار له‌نێو نه‌ته‌وه‌كان سوپاست ده‌كه‌م، په‌سنی بۆ ناوت ده‌ڵێم.
50 سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌ به‌ پاشای خۆی ده‌به‌خشێت، میهره‌بانی بۆ مه‌سیحه‌كه‌ی دروست ده‌كات، بۆ داوید و نه‌وه‌كانی تاهه‌تایه‌.

Highlight

Share

Copy

None

Want to have your highlights saved across all your devices? Sign up or sign in