YouVersion Logo
Search Icon

یوخه‌ننه‌ن 12

12
1 شه‌ش ڕۆژ پێش جه‌ژنی په‌سخه‌ ئیشۆع هاته‌ بتعه‌نیا كه‌ له‌عازه‌ڕی لێبوو، ئه‌وه‌ی مردبوو و له‌نێو مردووان هه‌ستاندیه‌وه‌‌. 2 له‌وێ شێوێكیان بۆی كرد، مه‌رتا ڕاژه‌ی ده‌كرد، له‌عازه‌ڕیش یه‌كێک بوو له‌وانه‌ی له‌گه‌ڵی پاڵیدابووه‌وه‌. 3 مه‌ریه‌میش مه‌نناێک بۆنی ناردینی ساده‌ی گرانبه‌های هێنا و پێی ئیشۆعی چه‌وركرد، ئینجا به‌ قژی پێی سڕییه‌وه‌، ماڵه‌كه‌ش پڕبوو له‌ بۆنه‌ خۆشه‌كه‌. 4 ئیهوودای ئه‌سخه‌ریوتی كه‌ یه‌كێک بوو له‌ قوتابییه‌كانی و به‌ته‌مابوو ڕاده‌ستی بكات، وتی: 5 “بۆچی ئه‌م بۆنه‌ به‌ سێ سه‌د دینار نه‌فرۆشرا و نه‌‌درا هه‌ژاران؟” 6 ئه‌مه‌ی وت نه‌ک له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خه‌می هه‌ژاران ده‌خوات، به‌ڵكو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دز بوو و چه‌مه‌دانی پاره‌شی له‌لا بوو، هه‌رچی تێدا دابنرابایه‌ ده‌یبرد. 7 ئیشۆعیش فه‌رمووی: “لێیگه‌ڕێن، بۆ ڕۆژی كفن كردنم هه‌ڵیگرتبوو، 8 چونكه‌ هه‌ژاران هه‌میشه‌ له‌لاتانن، به‌ڵام من هه‌میشه‌ له‌لاتان نیم”.
9 كاتێ كۆمه‌ڵانێک جوو زانییان ئه‌و له‌وێیه‌، هاتن، نه‌ک ته‌نها له‌به‌ر ئیشۆع، به‌ڵكو بۆ بینینی له‌عازه‌ڕیش كه‌ له‌نێو مردووان هه‌ستاندیه‌وه‌‌. 10 ئه‌وسا كاهینانی باڵا ڕاوێژیان كرد له‌عازه‌ڕیش بكوژن، 11 چونكه‌ زۆر جوو له‌به‌ر ئه‌و ده‌ڕۆیشتن و باوه‌ڕیان به‌ ئیشۆع ده‌هێنا.
12 بۆ به‌یانی، ئه‌و كۆمه‌ڵانه‌ زۆره‌ی هاتبوونه‌ جه‌ژن، بیستیان ئیشۆع دێته‌ یروشلایم. 13 لقه‌ دارخورمایان برد و به‌ره‌وپیری چوون، هاواریان ده‌كرد: “هۆسانا! پیرۆزه‌ ئه‌وه‌ی به‌ ناوی په‌روه‌ردگاره‌وه‌ دێت! پاشای ئیسڕائیل!” 14 ئیشۆع جاشێكی بینی، سواری بوو، وه‌ک نووسراوه‌: 15 {مه‌ترسه‌ ئه‌ی كچی سهیۆن، ئه‌وه‌تا پاشاكه‌ت دێت به‌ سواری جاش ماكه‌رێك}. 16 سه‌ره‌تا قوتابییه‌كانی له‌مانه‌ تێنه‌گه‌یشتن. به‌ڵام كه‌ ئیشۆع شكۆدار بوو، ئه‌وسا بیریان كه‌وته‌وه‌ كه‌ ئه‌مانه‌ ده‌رباره‌ی ئه‌و نووسراون، ئه‌وانیش ئه‌مانه‌یان بۆ ئه‌و كرد. 17 كۆمه‌ڵه‌كه‌ش كه‌ له‌گه‌ڵی بوون كاتێ له‌عازه‌ڕی له‌ گۆڕه‌كه‌وه‌ بانگكرد و له‌نێو مردوواندا هه‌ستاندیه‌وه‌، گه‌واهییان بۆی ده‌دا. 18 بۆیه‌ كۆمه‌ڵه‌كه‌ پێشوازییان كرد، چونكه‌ بیستیان ئه‌و په‌رجوه‌‌ی كردووه‌. 19 په‌ڕیشییه‌كانیش به‌ یه‌كتریان وت: “ده‌بینن! ئێوه‌ هیچتان له‌ ده‌ست نایه‌ت! ئه‌وه‌تا هه‌موو جیهان دوای كه‌وت!”.
20 هه‌ندێک یۆنانی له‌نێو ئه‌وانه‌ بوون كه‌ هاتبوون له‌ جه‌ژندا كڕنۆش ببه‌ن، 21 ئه‌مان هاتنه‌ لای پیلیپوسی خه‌ڵكی بتسه‌یده‌نی گلیلا، پێیان وت: “گه‌وره‌م، ده‌مانه‌وێت ئیشۆع ببینین”. 22 پیلیپوسیش هات و به‌ ئه‌ندراوسی وت، ئینجا ئه‌ندراوس و فلیپۆس هاتن و به‌ ئیشۆعیان وت. 23 به‌ڵام ئیشۆع وه‌ڵامی دانه‌وه‌ و فه‌رمووی: “كاتی شكۆداركردنی ڕۆڵه‌ی مرۆڤ هاتووه‌. 24 ڕه‌وا ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: ده‌نكه‌ گه‌نم ئه‌گه‌ر نه‌كه‌وێته‌ نێو زه‌وی و نه‌مرێت، به‌ ته‌نها ده‌مێنێته‌وه‌. به‌ڵام كه‌ مرد، ئه‌وسا به‌رهه‌می زۆر ده‌دات. 25 ئه‌وه‌ی خۆی خۆشده‌وێت، ده‌یدۆڕێنێت. ئه‌وه‌ش كه‌ له‌م جیهانه‌دا ڕقی له‌ خۆی ده‌بێته‌وه‌، بۆ ژیانی جاویدانی هه‌ڵیده‌گرێت. 26 ئه‌وه‌ی ڕاژه‌م ده‌كات با به‌دوام بكه‌وێت. جا له‌ هه‌ر شوێنێک بم، ڕاژه‌وانیشم له‌وێیه‌. ئه‌گه‌ر یه‌كێک ڕاژه‌م بكات باوک ڕێزی لێ ده‌گرێت. 27 ئێستا دڵم شڵه‌ژاوه‌، چی بڵێم؟ باوكه‌ له‌م كاته‌ ڕزگارم بكه‌؟ به‌ڵام من بۆ ئه‌م كاته‌ هاتووم. 28 باوكه‌، ناوت شكۆدار بكه‌!” جا ده‌نگێک له‌ ئاسمانه‌وه‌ هات: “شكۆدارم كردووه‌ و شكۆداریشی ده‌كه‌مه‌وه‌!”. 29 كۆمه‌ڵه‌كه‌ كه‌ ڕاوه‌ستابوون و گوێیان لێبوو، وتیان: “هه‌وره‌تریشقه‌ بوو!” هه‌ندێكی دیكه‌ وتیان: “فریشته‌یه‌ک قسه‌ی له‌گه‌ڵ كرد!”. 30 ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و فه‌رمووی: “ئه‌م ده‌نگه‌ی هات بۆ من نه‌بوو، به‌ڵكو بۆ ئێوه‌ بوو. 31 ئێستا حوكمدانی ئه‌م جیهانه‌یه‌. ئێستا سه‌رۆكی ئه‌م جیهانه‌ ده‌كرێته‌ ده‌ره‌وه‌. 32 كاتێ منیش له‌ زه‌وییه‌وه‌ به‌رز كرامه‌وه‌، ئه‌وا هه‌مووان بۆ لای خۆم ڕاده‌كێشم”. 33 ئه‌مه‌ی فه‌رموو ئاماژه‌ی ده‌كرد به‌و مردنه‌ی كه‌ خه‌ریكه‌ ده‌مرێت. 34 كۆمه‌ڵه‌كه‌ وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: “ئێمه‌ له‌ ته‌وراتدا بیستوومانه‌ كه‌ مه‌سیح تاهه‌تایه‌ ده‌مێنێته‌وه‌، ئیتر چۆن ده‌ڵێی ڕۆڵه‌ی مرۆڤ ده‌بێت به‌رز بكرێته‌وه‌؟ ئه‌م ڕۆڵه‌ی مرۆڤه‌ كێیه‌؟” 35 ئیشۆعیش پێی فه‌رموون: “ڕووناكییه‌كه‌ كاتێكی كه‌م له‌گه‌ڵتانه‌. ئینجا تا ئه‌وه‌ی ڕووناكییه‌كه‌تان هه‌یه‌ ڕێ بكه‌ن نه‌وه‌ک تاریكیتان به‌سه‌ردا بێت. ئه‌وه‌ی به‌ تاریكیدا ڕێ ده‌كات نازانێ بۆ كوێ ده‌ڕوات. 36 تاوه‌كو ڕووناكییه‌كه‌تان هه‌یه‌ باوه‌ڕ به‌ ڕووناكییه‌كه‌ بهێنن، تاكو ببنه‌ ڕۆڵه‌ی ڕووناكییه‌كه‌”. ئیشۆع ئه‌مانه‌ی فه‌رموو، ڕۆیشت و لێیان شاردرایه‌وه‌.
37 هه‌رچه‌نده‌ زۆر په‌رجوی له‌به‌رده‌میان كرد، باوه‌ڕیان پێ نه‌هێنا، 38 تاكو فه‌رمووده‌ی ئێشه‌عیا پێغه‌مبه‌ر بێته‌ دی كه‌ فه‌رمووی: {ئه‌ی په‌روه‌ردگار، كێ باوه‌ڕی به‌ په‌یامه‌كه‌مان كرد؟ بازووی په‌روه‌ردگار بۆ كێ ده‌ركه‌وت؟} 39 بۆیه‌ نه‌یانتوانی باوه‌ڕ بهێنن، چونكه‌ ئێشه‌عیا فه‌رموویه‌تی: 40 {چاویانی كوێر و دڵیانی ڕه‌ق كردبوو، نه‌وه‌ک به‌ چاویان ببینن و به‌ دڵیان تێبگه‌ن و بگه‌ڕێنه‌وه‌ و منیش چاكیان بكه‌مه‌وه‌}. 41 ئێشه‌عیا ئه‌مانه‌ی فه‌رموو، كاتێ شكۆی ئه‌وی بینی و باسی كرد. 42 هه‌رچه‌نده‌ زۆر له‌ سه‌رۆكه‌كانیش باوه‌ڕیان پێی هێنا، به‌ڵام له‌به‌ر په‌ڕیشییه‌كان ڕایاننه‌ده‌گه‌یاند نه‌وه‌ک له‌ كه‌نیشت ده‌ربكرێن، 43 چونكه‌ زیاتر حه‌زیان له‌ شكۆی خه‌ڵكی بوو نه‌ک شكۆی خودا.
44 ئیشۆعیش هاواری كرد و فه‌رمووی: “ئه‌وه‌ی باوه‌ڕم پێ بهێنێت، باوه‌ڕ به‌ من ناهێنێ، به‌ڵكو به‌وه‌ی ناردوومی، 45 ئه‌وه‌ش كه‌ ده‌مبینێت، ئه‌وه‌ ده‌بینێت كه‌ ناردوومی. 46 من وه‌ک ڕووناكی هاتوومه‌ته‌ جیهان، تاكو هه‌ر كه‌سێک باوه‌ڕم پێ بهێنێت له‌ تاریكیدا نه‌مێنێته‌وه‌. 47 ئه‌گه‌ر یه‌كێک گوێی له‌ وته‌كانم بوو و باوه‌ڕی نه‌هێنا، من حوكمی ناده‌م، چونكه‌ نه‌هاتووم تاكو جیهان حوكم بده‌م، به‌ڵكو جیهان ڕزگار بكه‌م. 48 ئه‌وه‌ی ڕه‌تم بكاته‌وه‌ و وته‌كانم په‌سه‌ند نه‌كات، یه‌كێكی هه‌یه‌ حوكمی بدات، ئه‌و قسه‌یه‌ی كردم له‌ ڕۆژی دوایی حوكمی ده‌دات. 49 چونكه‌ له‌ خۆمه‌وه‌ قسه‌م نه‌كردووه‌، به‌ڵكو باوک كه‌ ناردوومی، ئه‌و ڕایسپاردووم كه‌ چی بڵێم و قسه‌ی چی بكه‌م. 50 ده‌زانم ڕاسپارده‌ی ئه‌و ژیانی جاویدانیه‌، جا هه‌رچی ده‌یڵێم، چۆن باوک پێی فه‌رمووم ئاوا ده‌ڵێم”.

Highlight

Share

Copy

None

Want to have your highlights saved across all your devices? Sign up or sign in