YouVersion Logo
Search Icon

یوخه‌ننه‌ن 11

11
1 پیاوێک به‌ ناوی له‌عازڕ له‌ بتعه‌نیا نه‌خۆش بوو، خه‌ڵكی گونده‌كه‌ی مه‌ریه‌م و مه‌رتای خوشكی بوو. 2 مه‌ریه‌م ئه‌وه‌بوو كه‌ په‌روه‌ردگاری به‌ بۆن چه‌وركرد و به‌ پرچی پێیه‌كانی سڕییه‌وه‌، له‌عازه‌ڕی براشی نه‌خۆش بوو. 3 خوشكه‌كان هه‌واڵیان بۆ نارد و وتیان: “گه‌وره‌م، ئه‌وه‌تا ئه‌وه‌ی خۆشتده‌وێت نه‌خۆشه‌”.
4 كاتێ ئیشۆع ئه‌مه‌ی بیست فه‌رمووی: “ئه‌م نه‌خۆشییه‌ بۆ مه‌رگ نییه‌، به‌ڵكو بۆ شكۆداری خودایه‌، تاكو به‌هۆیه‌وه‌ ڕۆڵه‌ی خودا شكۆدار بێت”. 5 ئیشۆعیش مه‌رتا و خوشكه‌كه‌ی و له‌عازه‌ڕی خۆشده‌ویست، 6 بۆیه‌ كاتێ بیستی نه‌خۆشه‌، له‌و شوێنه‌ی لێیبوو دوو ڕۆژ مایه‌وه‌. 7 دوای ئه‌مه‌ به‌ قوتابییه‌كانی فه‌رموو: “با بچینه‌وه‌ ئیهوود”. 8 قوتابییه‌كان پێیان وت: “ڕابی، ئێستا جوو به‌ته‌مابوون به‌ردبارانت بكه‌ن، دیسان ده‌چیته‌وه‌ ئه‌وێ؟” 9 ئیشۆعیش وه‌ڵامی دایه‌وه‌: “ئایا ڕۆژ دوازده‌ كاژێر نییه‌؟ ئه‌وه‌ی به‌ ڕۆژ ڕێ بكات ساتمه‌ ناكات، چونكه‌ ڕووناكی ئه‌م جیهانه‌ ده‌بینێت. 10 به‌ڵام ئه‌وه‌ی به‌ شه‌و ڕێ بكات ساتمه‌ ده‌كات، چونكه‌ ڕووناكیی تێدا نییه‌”. 11 ئه‌مانه‌ی فه‌رموو، پاشان پێی فه‌رموون: “له‌عازه‌ڕی خۆشه‌ویستمان نووست، به‌ڵام ده‌چم تاكو به‌خه‌به‌ری بهێنمه‌وه‌”. 12 قوتابییه‌كان وتیان: “گه‌وره‌م، ئه‌گه‌ر نووستووه‌، ئه‌وا چاكده‌بێته‌وه‌”. 13 ئیشۆع باسی مه‌رگی ئه‌وی كرد، به‌ڵام ئه‌وان وایانزانی باسی نووستنی خه‌وتن ده‌كات. 14 ئیتر ئیشۆع به‌ ئاشكرا پێی فه‌رموون: “له‌عازه‌ڕ مرد. 15 له‌به‌ر ئێوه‌ دڵشادم كه‌ له‌وێ نه‌بووم، تاكو باوه‌ڕ بهێنن. به‌ڵام با بڕۆینه‌ لای!” 16 تۆما كه‌ به‌ دووانه‌ بانگ ده‌كرا، به‌ قوتابییه‌ هاوه‌ڵه‌كانی وت: “با ئێمه‌ش بڕۆین تاكو له‌گه‌ڵ ئه‌ودا بمرین!”.
17 كاتێ ئیشۆع هات، زانی وا چوار ڕۆژه‌ له‌ گۆڕدایه‌. 18 بتعه‌نیاش نزیكه‌ی پازده‌ تیرهاوێژ له‌ یروشلایمه‌وه‌ دوور بوو. 19 زۆر جوو هاتنه‌ لای مه‌رتا و مه‌ریه‌م تاكو سه‌ره‌خۆشی براكه‌یان لێ بكه‌ن. 20 كاتێ مه‌رتا بیستی ئیشۆع هاتووه‌، به‌ره‌وپیری چوو، مه‌ریه‌میش له‌ ماڵ مایه‌وه‌. 21 ئینجا مه‌رتا به‌ ئیشۆعی وت: “گه‌وره‌م، ئه‌گه‌ر لێره‌ بووای، براكه‌م نه‌ده‌مرد! 22 به‌ڵام من ئێستاش ده‌زانم هه‌رچی له‌ خودا داوا بكه‌یت، خودا ده‌تداتێ”. 23 ئیشۆع پێی فه‌رموو: “براكه‌ت هه‌ڵده‌ستێته‌وه‌”. 24 مه‌رتاش پێی وت: “ده‌زانم له‌ هه‌ستانه‌وه‌ی ڕۆژی دوایی هه‌ڵده‌ستێته‌وه‌”. 25 ئیشۆع پێی فه‌رموو: “منم هه‌ستانه‌وه‌ و ژیان. ئه‌وه‌ی باوه‌ڕم پێ بهێنێت، ئه‌گه‌ر بشمرێت ده‌ژیێته‌وه‌. 26 هه‌ر كه‌سێكیش كه‌ زیندووه‌ و باوه‌ڕم پێ بهێنێت تاهه‌تایه‌ نامرێت. باوه‌ڕ به‌مه‌ ده‌كه‌یت؟” 27 پێی وت: “به‌ڵێ گه‌وره‌م. باوه‌ڕم هێناوه‌ كه‌ تۆ مه‌سیحه‌كه‌یت، ڕۆڵه‌ی خودای، ئه‌وه‌ی بۆ جیهان دێت”.
28 كه‌ ئه‌مه‌ی وت، چوو مه‌ریه‌می خوشكی بانگكرد و به‌ نهێنی وتی: “ڕابی هاتووه‌، بانگت ده‌كات”. 29 ئه‌ویش كه‌ ئه‌مه‌ی بیست خێرا هه‌ستا و هاته‌ لای. 30 ئیشۆع هێشتا نه‌هاتبووه‌ نێو گونده‌كه‌، به‌ڵكو له‌و شوێنه‌ بوو كه‌ مه‌رتای لێ بینی. 31 ئه‌و جووانه‌ی له‌ ماڵه‌وه‌ له‌گه‌ڵی بوون و دڵنه‌واییان ده‌كرد، بینییان مه‌ریه‌م خێرا هه‌ستا و چووه‌ ده‌ره‌وه‌، دوای كه‌وتن و وتیان: “دیاره‌ ده‌چێته‌ سه‌ر گۆڕه‌كه‌ تاكو له‌وێ بگریێت”. 32 كاتێ مه‌ریه‌م گه‌یشته‌ ئه‌و شوێنه‌ی ئیشۆعی لێبوو و ئه‌وی بینی، به‌سه‌ر پێیدا كه‌وت و پێی وت: “گه‌وره‌م، ئه‌گه‌ر لێره‌ بووای، براكه‌م نه‌ده‌مرد”. 33 ئیشۆعیش كه‌ بینی ده‌گریێت و ئه‌و جووانه‌ش كه‌ له‌گه‌ڵی هاتبوون ده‌گریێن، كاری له‌ ڕووحی كرد و په‌شۆكا، 34 فه‌رمووی: “له‌كوێتان داناوه‌؟” پێیان وت: “گه‌وره‌م، وه‌ره‌ و ببینه‌”. 35 ئیشۆع گریا. 36 جووه‌كانیش وتیان: “سه‌یركه‌ن چه‌ند خۆشیده‌ویست!” 37 هه‌ندێكیان وتیان: “ئه‌مه‌ كه‌ چاوی نابیناكه‌ی كرده‌وه‌، ئایا نه‌یده‌توانی وای بكردایه‌ ئه‌میش نه‌مردایه‌؟”.
38 دیسان ئیشۆع له‌ ناخه‌وه‌ كاری تێكرد و هاته‌ لای گۆڕه‌كه‌، كه‌ ئه‌شكه‌وتێک بوو به‌ردێكی پێوه‌ نرابوو. 39 ئیشۆع فه‌رمووی: “به‌رده‌كه‌ لاده‌ن”. مه‌رتای خوشكی مردووه‌كه‌ پێی وت: “گه‌وره‌م، بۆنی كردووه‌، چونكه‌ چوار ڕۆژه‌”. 40 ئیشۆع پێی فه‌رموو: “ئه‌ی پێم نه‌ووتی: ئه‌گه‌ر باوه‌ڕ بهێنیت شكۆی خودا ده‌بینیت؟” 41 ئه‌وسا به‌رده‌كه‌یان لابرد، ئیشۆعیش چاوی هه‌ڵبڕیه‌ سه‌ره‌وه‌ و فه‌رمووی: “باوكه‌، سوپاست ده‌كه‌م كه‌ گوێت لێ گرتم. 42 زانیم كه‌ تۆ هه‌میشه‌ گوێم لێ ده‌گریت. به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ی له‌م ناوه‌ ڕاوه‌ستاون ئه‌مه‌م وت، تاكو باوه‌ڕ بهێنن كه‌ تۆ منت ناردووه‌”. 43 كه‌ ئه‌مه‌ی فه‌رموو به‌ ده‌نگێكی مه‌زن هاواری كرد: “له‌عازه‌ڕ، وه‌ره‌ ده‌ره‌وه‌!” 44 ئه‌وسا مردووه‌كه‌ هاته‌ ده‌ره‌وه‌، ده‌ست و قاچی به‌ كفن به‌سترابوو، ڕووشی به‌ ده‌سماڵێک پێچرابوو. ئیشۆع پێی فه‌رموون: “بیكه‌نه‌وه‌، با بڕوات”.
45 زۆر له‌ جووه‌كان، كه‌ بۆ لای مه‌ریه‌م هاتبوون، كاتێ ئه‌وه‌یان بینی كه‌ ئیشۆع كردی، باوه‌ڕیان پێی هێنا. 46 به‌ڵام هه‌ندێكیان چوونه‌ لای په‌ڕیشییه‌كان و ئه‌وه‌ی ئیشۆع كردبووی پێیان وتن. 47 بۆیه‌ كاهینانی باڵا و په‌ڕیشییه‌كان سه‌نهه‌دریمیان كۆكرده‌وه‌. وتیان: “چی بكه‌ین؟ چونكه‌ ئه‌م پیاوه‌ په‌رجوی زۆر ده‌كات. 48 ئه‌گه‌ر ئاوا لێیگه‌ڕێین هه‌مووان باوه‌ڕی پێ ده‌هێنن، جا ڕۆمانییه‌كان دێن، شوێن و نه‌ته‌وه‌مان ده‌به‌ن”. 49 یه‌كێک له‌وان، كه‌ قه‌یاپایه‌، ئه‌و ساڵه‌ كاهینی باڵا بوو، پێی وتن: “ئێوه‌ هیچ نازانن، 50 تێناگه‌ن، باشتر وایه‌ بۆتان پیاوێک له‌ جیاتی گه‌ل بمرێت، له‌وه‌ی گه‌له‌كه‌ هه‌مووی له‌ناوبچێت!”. 51 ئه‌و له‌ خۆیه‌وه‌ ئه‌مه‌ی نه‌ووت، به‌ڵكو له‌و ساڵه‌دا كاهینی باڵا بوو، پێشبینیی كردبوو كه‌ ئیشۆع خه‌ریكه‌ له‌ جیاتی نه‌ته‌وه‌ ده‌مرێت، 52 نه‌ک ته‌نها له‌ جیاتی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه‌، به‌ڵكو تاكو ڕۆڵه‌كانی خوداش كه‌ په‌رته‌وازه‌ بوونه‌ بۆ یه‌ک كۆبكاته‌وه‌.
53 ئیتر له‌و ڕۆژه‌وه‌ ڕاوێژیان كرد بیكوژن. 54 بۆیه‌ چیتر ئیشۆع به‌ ئاشكرا به‌ نێو جووه‌كاندا نه‌ده‌گه‌ڕا، به‌ڵكو له‌وێوه‌ چووه‌ ناوچه‌كانی نزیک چۆڵه‌وانی، بۆ شارێک ناوی ئه‌فڕایم بوو، له‌گه‌ڵ قوتابییه‌كانی له‌وێ مایه‌وه‌.
55 جه‌ژنی په‌سخه‌ی جوو نزیک بوو، زۆر كه‌س له‌ گونده‌كانه‌وه‌ پێش په‌سخه‌ بۆ یروشلایم سه‌ركه‌وتن تاكو خۆیان بێگه‌رد بكه‌نه‌وه‌. 56 جا داوای ئیشۆعیان ده‌كرد، له‌ په‌رستگا ڕاوه‌ستابوون به‌ یه‌كتریان ده‌ووت: “ڕاتان چییه‌؟ نایه‌ته‌ جه‌ژن؟” 57 كاهینانی باڵا و په‌ڕیشییه‌كانیش فه‌رمانیان ده‌ركردبوو ئه‌گه‌ر یه‌كێک بزانێت ئه‌و له‌كوێیه‌، ده‌بێت ئاشكرای بكات، تاكو بیگرن.

Highlight

Share

Copy

None

Want to have your highlights saved across all your devices? Sign up or sign in