لۆقا 14

14
1 ئه‌وه‌بوو له‌ شه‌ممه‌دا كاتێ ئیشۆع بۆ نانخواردن چووه‌ ماڵی یه‌كێک له‌ سه‌ركرده‌ په‌ڕیشییه‌كان، چاودێرییان ده‌كرد. 2 پیاوێكیش نه‌خۆشی ئاوبه‌ندی هه‌بوو له‌ به‌رامبه‌ری بوو. 3 ئیشۆع له‌ ته‌وراتزان و په‌ڕیشییه‌كانی پرسی و فه‌رمووی: “ئایا له‌ شه‌ممه‌دا چاككردنه‌وه‌ دروسته‌؟” 4 ئه‌وان بێده‌نگ بوون. ئه‌ویش كابرای گرت و چاكیكرده‌وه‌ و به‌ڕێی كرد. 5 ئینجا پێی فه‌رموون: “كامه‌تان كه‌ره‌كه‌ی یان گاكه‌ی له‌ ڕۆژی شه‌ممه‌دا بكه‌وێته‌ بیره‌وه‌ یه‌كسه‌ر ده‌ریناهێنێت؟” 6 نه‌یانتوانی وه‌ڵامی ئه‌و شته‌ بده‌نه‌وه‌.
7 په‌ندێكی بۆ بانگهێشتكراوان هێنایه‌وه‌ كه‌ سه‌رنجی دا چۆن ڕیزی پێشه‌وه‌ ده‌گرن، پێی فه‌رمون: 8 “كاتێ یه‌كێک بۆ شایی بانگهێشتت ده‌كات، له‌ ڕیزی پێشه‌وه‌ دامه‌نیشه‌، نه‌وه‌ک له‌ تۆ ڕێزدارتریشی بانگهێشت كردبێت. 9 ئینجا ئه‌وه‌ی تۆ و ئه‌وی بانگهێشت كردووه‌، دێت و پێت ده‌ڵێ: شوێنه‌كه‌ت بۆ ئه‌مه‌ چۆڵ بكه‌، تۆش ته‌ریق ده‌بیته‌وه‌ و ڕیزی دواوه‌ ده‌گریت. 10 به‌ڵكو كاتێ بانگهێشت ده‌كرێیت بڕۆ له‌ دواوه‌ دانیشه‌، تاكو كاتێ ئه‌وه‌ی بانگهێشتی كردوویت، بێت و پێت بڵێت: براده‌ر، هه‌سته‌ وه‌ره‌ پێشه‌وه‌. ئه‌وسا له‌به‌رچاوی دانیشتووان شكۆدار ده‌بیت. 11 چونكه‌ ئه‌وه‌ی خۆی به‌رز بكاته‌وه‌ نزم ده‌كرێته‌وه‌، ئه‌وه‌ش خۆی نزم بكاته‌وه‌ به‌رز ده‌كرێته‌وه‌”.
12 ئینجا به‌وه‌ی وت كه‌وا بانگهێشتی كردووه‌: “كاتێ چێشت یان شێو ده‌كه‌یت، هاوڕێ و برا و خزم و دراوسێ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانت بانگ مه‌كه‌، نه‌وه‌ک ئه‌وانیش بانگت بكه‌نه‌وه‌، بۆت ده‌بێته‌ پاداشت.
13 به‌ڵكو ئه‌گه‌ر میواندارییه‌كت كرد، هه‌ژار و په‌ككه‌وته‌ و شه‌ل و كوێر بانگ بكه‌. 14 به‌خته‌وه‌ری بۆ تۆ، چونكه‌ نییانه‌ پاداشتت بده‌نه‌وه‌، تۆش له‌ هه‌ستانه‌وه‌ی خوداناسان پاداشت ده‌درێیته‌وه‌”.
15 كاتێ یه‌كێک له‌ دانیشتووان ئه‌مه‌ی بیست، وتی: “به‌خته‌وه‌ری بۆ ئه‌وه‌ی له‌ پاشایه‌تیی خودا نان ده‌خوات”. 16 ئه‌ویش پێی فه‌رموو: “كابرایه‌ک شێوێكی گه‌وره‌ی كرد و خه‌ڵكێكی زۆری بانگكرد. 17 كاتی نانخواردن كۆیله‌یه‌كی خۆی نارد تاكو به‌ بانگكراوان بڵێت: فه‌رموون، هه‌موو شتێک ئاماده‌یه‌. 18 به‌ڵام هه‌موو وه‌ک یه‌ک داوای لێبوردنیان كرد. یه‌كه‌میان پێی وت: من كێڵگه‌یه‌كم كڕیوه‌ و پێویسته‌ بڕۆم بیبینم، تكایه‌ لێم ببوره‌. 19 یه‌كێكی دیكه‌ وتی: پێنج جووت مانگام كڕیوه‌ و ده‌چم تاقییان ده‌كه‌مه‌وه‌، تكایه‌ لێم ببوره‌. 20 یه‌كێكی دیكه‌شیان وتی: ژنم هێناوه‌، بۆیه‌ ناتوانم بێم. 21 كۆیله‌كه‌ش هاته‌وه‌ و ئه‌مانه‌ی به‌ گه‌وره‌كه‌ی ڕاگه‌یاند. خاوه‌ن ماڵ تووڕه‌ بوو و به‌ كۆیله‌كه‌ی وت: خێرا بڕۆ بۆ شه‌قام و كۆڵانه‌كانی شار، هه‌ژار و په‌ككه‌وته‌ و كوێر و شه‌له‌كان بهێنه‌ ئێره‌. 22 كۆیله‌كه‌ وتی: گه‌وره‌م ئه‌وه‌ی فه‌رمانت دا كرا، هێشتا شوێن ماوه‌. 23 گه‌وره‌كه‌ به‌ كۆیله‌كه‌ی وت: بڕۆ ده‌ره‌وه‌ بۆ ڕێگا و ڕێچكۆڵه‌كان به‌ زۆر خه‌ڵک بهێنه‌ ژووره‌وه‌، تاكو ماڵه‌كه‌م پڕبێت. 24 چونكه‌ پێتان ده‌ڵێم، له‌وانه‌ی بانگهێشت كرابوون كه‌س تامی شێوه‌كه‌م ناكات”.
25 كۆمه‌ڵانێكی زۆری له‌گه‌ڵ بوو، ئاوڕی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموون: 26 “ئه‌گه‌ر یه‌كێک بێته‌ لام و ڕقی له‌ دایک و باوكی، ژن و منداڵی، برا و خوشكه‌كانی نه‌بێته‌وه‌، ته‌نانه‌ت له‌ خۆشی، ناتوانێت ببێته‌ قوتابی من. 27 ئه‌وه‌ی خاچه‌كه‌ی هه‌ڵنه‌گرێت و دوام نه‌كه‌وێت، ناتوانێت ببێته‌ قوتابی من. 28 كێ له‌ ئێوه‌ ئه‌گه‌ر بیه‌وێت قوللـه‌یه‌ک دروست بكات، یه‌كه‌مجار دانانیشێت و خه‌رجییه‌كه‌ی ناخه‌مڵێنێت، ئاخۆ ئه‌وه‌نده‌ی هه‌یه‌ بۆ ته‌واوكردنی؟ 29 نه‌وه‌ک بناغه‌كه‌ دابنێت و نه‌توانێت ته‌واوی بكات، ئه‌وسا هه‌موو ته‌ماشاكاران گاڵته‌ی پێ ده‌كه‌ن، 30 ده‌ڵێن: ئه‌م كابرایه‌ ده‌ستی پێكرد بینا بكات و نه‌یتوانی ته‌واوی بكات. 31 یان چ پاشایه‌ک ده‌چێته‌ جه‌نگی پاشایه‌كی دیكه‌ و یه‌كه‌مجار دانانیشێت و ڕاوێژ ناكات، ئایا به‌ ده‌ هه‌زار ده‌توانێت به‌ره‌نگاری ئه‌وه‌ ببێته‌وه‌ كه‌ به‌ بیست هه‌زاره‌وه‌ دێته‌ سه‌ری؟ 32 ئه‌گینا خۆ تاكو دووره‌، په‌یامنێری بۆ ده‌نێرێت و داوای ئاشتی ده‌كات. 33 به‌م شێوه‌یه‌، هه‌ر یه‌كێكتان ئه‌گه‌ر واز له‌ هه‌موو شتێک نه‌هێنێ كه‌ هه‌یه‌تی، ناتوانێت ببێته‌ قوتابی من. 34 خوێ باشه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر سوێرییه‌كه‌ی نه‌ما، به‌ چی سوێر ده‌كرێته‌وه‌؟ 35 ئه‌وسا نه‌ به‌كه‌ڵكی زه‌وی و نه‌ په‌یین دێت، به‌ڵكو فڕێده‌درێته‌ ده‌ره‌وه‌. ئه‌وه‌ی دوو گوێی بۆ بیستن هه‌یه‌، با ببیستێت”.

Айни замон обунашуда:

لۆقا 14: PNTZS

Лаҳзаҳои махсус

Паҳн кунед

Нусха

None

Want to have your highlights saved across all your devices? Sign up or sign in