لۆقا 12

12
1 له‌و كاته‌دا كه‌ گه‌ل به‌ هه‌زاران كۆببوونه‌وه‌، به‌ جۆرێک یه‌كتریان پێشێل ده‌كرد، به‌ قوتابییه‌كانی فه‌رموو: “ئاگاداری هه‌وێنی په‌ڕیشییه‌كان بن، كه‌ ڕووپاماییه‌. 2 شاردراوه‌ نییه‌ ئاشكرا نه‌بێت و نهێنی نییه‌ ده‌رنه‌كه‌وێت. 3 بۆیه‌ هه‌رچی له‌ تاریكی وتوتانه‌، له‌ ڕووناكی ده‌بیسترێت، ئه‌وه‌ش كه‌ له‌ ماڵ به‌ چرپه‌ وتوتانه‌، له‌ سه‌ربانان بانگه‌واز ده‌كرێت. 4 به‌ڵام خۆشه‌ویستانم پێتان ده‌ڵێم: له‌وانه‌ مه‌ترسن كه‌ له‌ش ده‌كوژن و پاش ئه‌وه‌ هیچی دیكه‌یان نییه‌ بیكه‌ن. 5 به‌ڵام ئه‌وه‌تان پیشان ده‌ده‌م كه‌ ده‌بێ لێی بترسن: له‌وه‌ بترسن كه‌ ده‌سه‌ڵاتی هه‌یه‌ پاش كوشتن فڕێبداته‌ نێو دۆزه‌خ. به‌ڵێ، پێتان ده‌ڵێم: له‌مه‌ بترسن! 6 ئایا پێنج چۆله‌كه‌ به‌ دوو فلس نافرۆشرێت؟ خوداش یه‌كێک له‌وانی له‌ بیر ناچێت. 7 ته‌نانه‌ت هه‌موو مووی سه‌ریشتان ژمێردراوه‌. كه‌واته‌ مه‌ترسن! ئێوه‌ زۆر له‌ چۆله‌كه‌ باشترن!. 8 پێشتان ده‌ڵێم: ئه‌وه‌ی له‌به‌رده‌م خه‌ڵكی دانم پیابنێت، ڕۆڵه‌ی مرۆڤیش له‌به‌رده‌م فریشته‌كانی خودا دانی پیاده‌نێت. 9 ئه‌وه‌ش كه‌ له‌لای خه‌ڵک نكۆڵیم لێ بكات، له‌به‌رده‌م فریشته‌كانی خودا نكۆڵی لێ ده‌كرێت. 10 ئه‌وه‌ی وشه‌یه‌ک به‌ ڕۆڵه‌ی مرۆڤ بڵێت، ده‌به‌خشرێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ی كفر به‌ ڕووحی پارسا بكات، نابه‌خشرێت. 11 كاتێ ده‌تانهێننه‌ به‌رده‌م كه‌نیشت و فه‌رمانڕه‌وا و ده‌سه‌ڵاتداران، بێباک بن له‌وه‌ی چی بدوێن یان چی بڵێن. 12 چونكه‌ ڕووحی پارسا هه‌ر له‌و كاته‌دا فێرتان ده‌كات پێویسته‌ چی بڵێن”.
13 یه‌كێكی نێو كۆمه‌ڵه‌كه‌ پێی وت: “ڕابی، به‌ براكه‌م بفه‌رموو میراتم له‌گه‌ڵ به‌ش بكات”. 14 ئه‌ویش پێی فه‌رموو: “كابرا، كێ منی كردووه‌ به‌ دادوه‌ر یان به‌شكار به‌سه‌رتانه‌وه‌؟” 15 به‌ خه‌ڵكه‌كه‌ی فه‌رموو: “ئاگاداربن و خۆتان له‌ چڵێسی بپارێزن، چونكه‌ ژیانی مرۆڤ به‌ زۆری سامانه‌كه‌ی نییه‌”. 16 ئینجا په‌ندێكی بۆ هێنانه‌وه‌ و فه‌رمووی: “مرۆڤێكی ده‌وڵه‌مه‌ند، زه‌وییه‌كه‌ی به‌رهه‌مێكی زۆری دا. 17 له‌ دڵی خۆیدا وتی: چی بكه‌م كه‌ شوێنم نه‌بێ به‌رهه‌مه‌كه‌می لێ كۆبكه‌مه‌وه‌؟ 18 جا وتی: وا ده‌كه‌م، عه‌مباره‌كانم تێكده‌ده‌م و گه‌وره‌تری ده‌كه‌م، له‌وێدا هه‌موو دانه‌وێڵه‌ و ماڵه‌كه‌م كۆده‌كه‌مه‌وه‌. 19 به‌ خۆشم ده‌ڵێم: ئه‌ی گیانم، ئه‌وه‌تا ماڵێكی زۆرت هه‌ڵگرتووه‌، بۆ چه‌ندین ساڵ. بحه‌سێوه‌ و بخۆ و بخۆوه‌ و دڵشادبه‌! 20 به‌ڵام خودا پێی فه‌رموو: ئه‌ی گه‌مژه‌! هه‌ر ئه‌م شه‌و گیانت ده‌رده‌چێت. باشه‌ ئه‌وه‌ی ئاماده‌ت كردووه‌، بۆ كێ ده‌بێت؟ 21 به‌ هه‌مان شێوه‌ ده‌بێ بۆ ئه‌وه‌ی بۆ خۆی كۆده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام له‌لای خودا ده‌وڵه‌مه‌ند نییه‌”.
22 به‌ قوتابییه‌كانی فه‌رموو: “بۆیه‌ پێتان ده‌ڵێم: بۆ ژیان خه‌م مه‌خۆن چی ده‌خۆن، بۆ له‌ش چی ده‌پۆشن. 23 ژیان له‌ خواردن باشتره‌ و له‌شیش له‌ پۆشاک. 24 بڕواننه‌ قه‌له‌ڕه‌ش: نه‌ تۆو ده‌كات و نه‌ دروێنه‌ ده‌كات، نه‌ خانووی هه‌یه‌ و نه‌ كۆگا، به‌ڵام خودا به‌خێوی ده‌كات. ده‌بێ ئێوه‌ چه‌ند له‌ باڵنده‌ باشتربن! 25 كێ له‌ ئێوه‌ ئه‌گه‌ر خه‌می خوارد، ده‌توانێت یه‌ک كاژێر له‌ ته‌مه‌نی خۆی زیاد بكات؟ 26 جا كه‌ ئێوه‌ بۆ شتێكی بچووک تواناتان نییه‌، بۆچی خه‌می شته‌كانی ده‌خۆن؟ 27 بڕواننه‌ گوڵاڵه‌ چۆن گه‌شه‌ ده‌كات: نه‌ ماندوو ده‌بێت و نه‌ ده‌ڕێسێت. به‌ڵام پێتان ده‌ڵێم: ته‌نانه‌ت شلیمونیش له‌وپه‌ڕی شكۆمه‌ندیدا وه‌ک یه‌كێک له‌وانه‌ی نه‌پۆشیوه‌. 28 ئه‌گه‌ر خودا گیا ئاوا بپۆشێت، كه‌ ئه‌مڕۆ له‌ كێلگه‌دایه‌ و سبه‌ینێ ده‌خرێته‌ ته‌نووره‌وه‌. ده‌بێ ئێوه‌ چه‌ند باشتربن، ئه‌ی كه‌م باوه‌ڕینه‌؟ 29 جا داوا مه‌كه‌ن چی بخۆن و چی بخۆنه‌وه‌، نیگه‌رانیش مه‌بن. 30 هه‌موو ئه‌مانه‌ نه‌ته‌وه‌كانی جیهان داوای ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئێوه‌ باوكتان ده‌زانێت پێویستتان به‌مانه‌ هه‌یه‌. 31 به‌ڵكو داوای پاشایه‌تی خودا بكه‌ن، هه‌موو ئه‌مانه‌تان بۆ زیاد ده‌بێت.
32 مه‌ترسه‌ ئه‌ی مێگه‌لی بچووک، چونكه‌ باوكتان خۆشحاڵه‌ پاشایه‌تیه‌كه‌تان بداتێ. 33 ئه‌وه‌ی هه‌تانه‌ بیفرۆشن و بیبه‌خشن. بۆ خۆتان تووره‌گه‌یه‌ک كه‌ له‌ناونه‌چێت و گه‌نجینه‌یه‌ک له‌ ئاسماندا كه‌ له‌بن نایه‌ت دروست بكه‌ن، له‌وێ نه‌ دز لێی نزیک ده‌بێته‌وه‌ و نه‌ مۆرانه‌ لێی ده‌دات. 34 چونكه‌ گه‌نجینه‌تان له‌كوێ بێت، دڵیشتان له‌وێ ده‌بێت. 35 با پشتێنتان به‌ستراو و چراتان هه‌ڵكراو بێت، 36 وه‌ک ئه‌وانه‌ بن كه‌ چاوه‌ڕێی گه‌وره‌كه‌یان ده‌كه‌ن تاكو له‌ شایی بگه‌ڕێته‌وه‌، كه‌ هاته‌وه‌ و له‌ ده‌رگای دا، یه‌كسه‌ر لێی بكه‌نه‌وه‌. 37 به‌خته‌وه‌ری بۆ ئه‌و كۆیلانه‌ی كه‌ گه‌وره‌ دێته‌وه‌ ده‌بینێت بێدارن. ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: ناوقه‌دی خۆی ده‌به‌ستێت و دایانده‌نیشێنێت، دێت و ڕاژه‌یان ده‌كات. 38 جا ئه‌گه‌ر له‌ به‌تڵی دووه‌م یان سێیه‌می شه‌ودا بێته‌وه‌ و ئاوا ببینێت، به‌خته‌وه‌ری بۆ ئه‌و كۆیلانه‌. 39 به‌ڵام ئه‌وه‌ش بزانن: ئه‌گه‌ر خاوه‌ن ماڵ بزانێت له‌ چ كاژێرێک دز دێته‌ سه‌ری ئه‌وا بێدار ده‌بێت و نایه‌ڵێت ماڵه‌كه‌ی ببڕدرێت. 40 ئێوه‌ش ئاماده‌بن، چونكه‌ ڕۆڵه‌ی مرۆڤ له‌ كاتێكدا دێته‌وه‌ كه‌ بیری لێ ناكه‌نه‌وه‌”.
41 په‌تڕۆس پێی وت: “په‌روه‌ردگار، ئه‌م په‌نده‌ به‌ ئێمه‌ ده‌ڵێی یان به‌ هه‌مووانیش؟” 42 په‌روه‌ردگار فه‌رمووی: “ئه‌و سه‌ركاره‌ دڵسۆز و دانایه‌ كێیه‌ كه‌ گه‌وره‌كه‌ی له‌سه‌ر ڕاژه‌وانه‌كانی دایده‌نێت، تاكو له‌ كاتی خۆیدا به‌شه‌ خۆراكیان بداتێ؟ 43 به‌خته‌وه‌ری بۆ ئه‌و كۆیله‌یه‌، ئه‌وه‌ی كاتێ گه‌وره‌كه‌ی دێته‌وه‌ ده‌بینێت ئاوا ده‌كات! 44 ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: به‌سه‌ر هه‌موو ماڵه‌كه‌یدا دایده‌نێت. 45 به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌و كۆیله‌ له‌ دڵی خۆیدا وتی: گه‌وره‌كه‌م دره‌نگ دێته‌وه‌، ئیتر ده‌ست بكات به‌ لێدانی كۆیله‌كان و كاره‌كه‌ران، هه‌روه‌ها بخوات و بخواته‌وه‌ و سه‌رخۆش بێت، 46 ئه‌وسا گه‌وره‌ی ئه‌و كۆیله‌یه‌ له‌ ڕۆژێكدا دێته‌وه‌ كه‌ مه‌زه‌نده‌ی ناكات و له‌ كاژێرێک كه‌ نایزانێت، ئینجا پارچه‌ پارچه‌ی ده‌كات و به‌شی له‌گه‌ڵ ناپاكان ده‌بێت. 47 ئه‌و كۆیله‌ش كه‌ خواستی گه‌وره‌كه‌ی ده‌زانێت، ئاماده‌ش نابێت و به‌ خواستی ئه‌و ناكات، زۆری لێ ده‌درێت. 48 به‌ڵام ئه‌وه‌ی نازانێت و كرده‌وه‌كه‌ی شایانی لێدانه‌، ئه‌وا كه‌می لێ ده‌درێ. ئه‌وه‌ی زۆری دراوه‌تێ داوای زۆری لێ ده‌كرێت، ئه‌وه‌ش زۆری له‌لا دانراوه‌ داوای زیاتری لێ ده‌كرێت.
49 هاتووم تاكو ئاگر هه‌ڵده‌مه‌ سه‌ر زه‌وی، چه‌نده‌ ده‌خوازم گڕی گرتبێت! 50 عه‌مادی ئازارم هه‌یه‌ ده‌بێ پێیدا تێپه‌ڕم، چه‌ند ناڕه‌حه‌تم تاكو ته‌واو ده‌بێت. 51 واده‌زانن من هاتووم ئاشتی بهێنمه‌ سه‌ر زه‌وی؟ نه‌خێر، پێتان ده‌ڵێم: به‌ڵكو دووبه‌ره‌كی. 52 چونكه‌ له‌مه‌وپاش له‌ ماڵێكدا پێنجی تێدا ده‌بێت جیا ده‌بنه‌وه‌، سێ له‌ دوو و دوو له‌ سێ. 53 باوک له‌ كوڕ و كوڕ له‌ باوک، دایک له‌ كچ و كچ له‌ دایک، خه‌سوو له‌ بووک و بووک له‌ خه‌سوو جیا ده‌بنه‌وه‌”.
54 ئینجا به‌ كۆمه‌ڵه‌كه‌ی فه‌رموو: “كاتێ هه‌ورێک ده‌بینن له‌ خۆرئاواوه‌ به‌ده‌رده‌كه‌وێت، خێرا ده‌ڵێن: بارانی به‌ده‌مه‌وه‌یه‌، ئاواش ده‌بێت. 55 كاتێكیش ده‌بینن بای باشوور هه‌ڵده‌كات، ده‌ڵێن: گه‌رم ده‌بێت، ئاواش ده‌بێت. 56 ئه‌ی ڕووپاماكان! ده‌زانن ڕووی زه‌وی و ئاسمان بناسنه‌وه‌، چۆن نازانن ئه‌م سه‌رده‌مه‌ بناسنه‌وه‌؟ 57 هه‌روه‌ها بۆچی بۆ خۆتان به‌ ڕه‌وا حوكم ناده‌ن؟ 58 كاتێ له‌گه‌ڵ ناحه‌زه‌كه‌ت به‌ ڕێگاوه‌ی بۆ لای دادوه‌ر، له‌ ڕێگا هه‌وڵبده‌ له‌گه‌ڵی ببڕێنیته‌وه‌، ئه‌گینا ڕاتده‌كێشێته‌ لای فه‌رمانڕه‌وا و فه‌رمانڕه‌واش ڕاده‌ستی دادوه‌رت ده‌كات و داده‌وه‌ریش فڕێت ده‌داته‌ زیندان. 59 پێت ده‌ڵێم: له‌وێ ده‌رناچیت تاكو دوایین پوول نه‌ده‌یته‌وه‌”.

Айни замон обунашуда:

لۆقا 12: PNTZS

Лаҳзаҳои махсус

Паҳн кунед

Нусха

None

Want to have your highlights saved across all your devices? Sign up or sign in