Logoja YouVersion
Ikona e kërkimit

یوخه‌ننه‌ن 9

9
1 كاتێ تێده‌په‌ڕی، پیاوێكی بینی كه‌ به‌ زگماک نابینا بوو، 2 قوتابییه‌كانی لێیان پرسی، وتیان: “ڕابی، كێ گوناهی كردووه‌، ئه‌م پیاوه‌ یان دایک و باوكی، وا به‌ زگماک نابینایه‌؟” 3 ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌: “نه‌ ئه‌مه‌ گوناهی كردووه‌ نه‌ دایک و باوكیشی، به‌ڵكو تاكو كاره‌كانی خودای تێدا ده‌ربكه‌وێت. 4 تاكو ڕۆژه‌، ده‌بێ‌ كاری ئه‌وه‌ بكه‌م كه‌ ناردوومی. ئه‌گینا شه‌و دادێت و كه‌س ناتوانێت كاری تێدا بكات. 5 ئه‌وه‌نده‌ی له‌ جیهاندام، منم ڕووناكیی جیهان”.
6 ئه‌مه‌ی فه‌رموو و تفی له‌سه‌ر زه‌وی كرد، به‌ تفه‌كه‌ قوڕی گرته‌وه‌، به‌ قوڕه‌كه‌ش چاوی سواخ دا. 7 پێی فه‌رموو: “بڕۆ له‌ گۆمی شیلۆیا ـ واتا: په‌پامبه‌ر ـ خۆت بشۆ”. جا ڕۆیشت، شۆردی و به‌ چاوكراوه‌یی هاته‌وه‌.
8 دراوسێ و ئه‌وانه‌ی پێشتر بینیبوویان سواڵ ده‌كات وتیان: “ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ نییه‌ داده‌نیشت و سواڵی ده‌كرد؟” 9 هه‌ندێک وتیان: “خۆیه‌تی”. هه‌ندێكی دیكه‌ وتیان: “له‌و ده‌چێت”. به‌ڵام ئه‌و وتی: “من ئه‌وم”. 10 ئینجا پێیان وت: “ئه‌ی چۆن چاوت كرایه‌وه‌؟” 11 وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و وتی: “كابرایه‌ک پێی ده‌ووترێ ئیشۆع، قوڕی گرته‌وه‌ و چاومی سواخ دا، پێی فه‌رمووم: بڕۆ له‌ گۆمی شیلۆیا خۆت بشۆ. منیش ڕۆیشتم، شۆردم و بینیم”. 12 پێیان وت: “ئه‌و له‌كوێیه‌؟” وتی: “نازانم”.
13 جا ئه‌وه‌ی پێشتر نابینا بوو هێنایانه‌ لای په‌ڕیشییه‌كان. 14 ئه‌و ڕۆژه‌ی ئیشۆع قوڕه‌كه‌ی گرته‌وه‌ و چاوی كرده‌وه‌ شه‌ممه‌ بوو. 15 په‌ڕیشییه‌كانیش لێیان پرسی چۆن بینیت. پێی وتن: “قوڕی خسته‌ سه‌ر چاوم، منیش شوشتم و وا ده‌بینم”. 16 هه‌ندێک له‌ په‌ڕیشییه‌كان وتیان: “ئه‌م پیاوه‌ له‌ خوداوه‌ نییه‌، چونكه‌ شه‌ممه‌ ناپارێزێت”. هه‌ندێكی دیكه‌ وتیان: “چۆن پیاوێكی گوناهبار ده‌توانێت په‌رجوی ئاوا بكات؟” ئیتر دووبه‌ره‌كییان تێدابوو. 17 دیسان به‌ نابیناكه‌یان وت: “تۆ ده‌رباره‌ی ئه‌و چی ده‌ڵێی، كه‌ چاوی تۆی كرده‌وه‌؟” وتی: “پێغه‌مبه‌ره‌!”. 18 جووه‌كان بڕوایان نه‌كرد كه‌ ئه‌مه‌ نابینا بووه‌ و وا ده‌بینێت، تاكو دایبابی ئه‌وه‌یان بانگكرد كه‌ ده‌بینێت. 19 لێیان پرسین و وتیان: “ئایا ئه‌مه‌ كوڕتانه‌ كه‌ ده‌ڵێن به‌ زگماک نابینا بووه‌؟ ئه‌ی ئێستا چۆن ده‌بینێت؟” 20 دایبابی وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: “ده‌زانین ئه‌مه‌ كوڕمانه‌ و به‌ زگماک نابینا بوو. 21 به‌ڵام نازانین ئێستا چۆن ده‌بینێت، یان نازانین كێ چاوی كردووه‌ته‌وه‌. خۆی به‌ته‌مه‌نه‌، پرسی لێ بكه‌ن، با باسی خۆی بكات”. 22 دایبابی له‌ ترسی جووه‌كان ئه‌مه‌یان وت، چونكه‌ جوو ته‌گبیریان كردبوو هه‌ر كه‌سێک دان بنێت كه‌ ئیشۆع مه‌سیحه‌كه‌یه‌، له‌ كه‌نیشت ده‌ریده‌كه‌ن. 23 بۆیه‌ دایبابی وتیان: “خۆی به‌ته‌مه‌نه‌، پرسی لێ بكه‌ن”.
24 دیسان ئه‌و پیاوه‌ی پێشتر نابینا بوو بانگكرد و پێیان وت: “خودا شكۆدار بكه‌! ئێمه‌ ده‌زانین ئه‌م پیاوه‌ گوناهباره‌”. 25 كابرا وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و وتی: “ئه‌گه‌ر گوناهباره‌، نازانم، به‌ڵام یه‌ک شت ده‌زانم، نابینا بووم و ئێستا ده‌بینم”. 26 پێیان وت: “چی لێ كردیت؟ چۆن چاوی تۆی كرده‌وه‌؟” 27 وه‌ڵامی دانه‌وه‌: “پێم وتن گوێتان لێ نه‌گرتم. بۆچی دیسان ده‌تانه‌وێ ببیستن؟ ئێوه‌ش ده‌تانه‌وێ ببنه‌ قوتابیی ئه‌و؟” 28 جنێویان پێیدا و وتیان: “تۆ قوتابیی ئه‌ویت، به‌ڵام ئێمه‌ قوتابیی مووشێین. 29 ئێمه‌ ده‌زانین مووشێ خودا له‌گه‌ڵی دوواوه‌، به‌ڵام نازانین ئه‌مه‌ له‌كوێوه‌ هاتووه‌”. 30 پیاوه‌كه‌ وه‌ڵامی دانه‌وه‌ و پێی وتن: “ئه‌مه‌ شتێكی سه‌یره‌! ئه‌و چاوی كردوومه‌ته‌وه‌، ئێوه‌ش نازانن له‌كوێوه‌ هاتووه‌. 31 ده‌شزانین خودا گوێ له‌ گوناهباران ناگرێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر یه‌كێک له‌خواترس بێت و به‌ خواستی بكات، ئه‌وا گوێی لێ ده‌گرێت. 32 هه‌رگیز نه‌بیستراوه‌ یه‌كێک چاوی مرۆڤێكی به‌ زگماک نابینای كردبێته‌وه‌. 33 ئه‌گه‌ر ئه‌م كه‌سه‌ له‌ خوداوه‌ نه‌بێت، نه‌یده‌توانی هیچ بكات”. 34 پێیان وت: “تۆ به‌ ته‌واوی له‌ گوناه‌ له‌دایكبوویت. تۆ فێرمان ده‌كه‌یت؟” جا ده‌ریانكرد.
35 ئیشۆع بیستی ده‌ریانكردووه‌، ئه‌وی بینی و پێی فه‌رموو: “باوه‌ڕت به‌ ڕۆڵه‌ی مرۆڤ هه‌یه‌؟” 36 كابرا وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و وتی: “گه‌وره‌م، ئه‌و كێیه‌ تاكو باوه‌ڕی پێ بهێنم؟” 37 ئیشۆع پێی فه‌رموو: “ئه‌وه‌ی بینیت و ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵت ده‌دوێت، ئه‌وه‌ خۆیه‌تی!”. 38 ئه‌ویش وتی: “گه‌وره‌م باوه‌ڕ ده‌هێنم”. ئینجا كڕنۆشی بۆ برد.
39 ئیشۆع فه‌رمووی: “بۆ حوكمدان هاتوومه‌ته‌ ئه‌م جیهانه‌، تاكو ئه‌وانه‌ی نابینن ببینن و ئه‌وانه‌ی ده‌بینن كوێر بن”. 40 ئه‌وانه‌ی له‌ په‌ڕیشییه‌كان بوون و له‌گه‌ڵی بوون كه‌ گوێیان له‌مه‌ بوو، پێیان وت: “ئایا ئێمه‌ش كوێرین؟” 41 ئیشۆع پێی فه‌رموون: “ئه‌گه‌ر كوێر بوونایه‌ گوناهتان نه‌ده‌بوو. به‌ڵام ئێستا ده‌ڵێن: ده‌بینین، بۆیه‌ گوناهه‌كه‌تان ده‌مێنێته‌وه‌”.

Aktualisht i përzgjedhur:

یوخه‌ننه‌ن 9: PNTZS

Thekso

Ndaje

Copy

None

A doni që theksimet tuaja të jenë të ruajtura në të gjitha pajisjet që keni? Regjistrohu ose hyr