لۆقا 19

19
عیسا دەبێتە میوانی زەکا
1ئینجا عیسا چووە ناو ئەریحا و پێیدا تێدەپەڕی. 2لەوێ کابرایەکی لێبوو بە ناوی زەکا، دەوڵەمەند و گەورەی باجگران بوو. 3دەیویست ببینێت عیسا کێیە، بەڵام لەبەر خەڵکەکە نەیدەتوانی، چونکە کورتەباڵا بوو. 4ڕایکرد و سەرکەوتە سەر دار هەنجیرێک تاکو بیبینێت، چونکە عیسا بەوێدا تێدەپەڕی.
5کە عیسا گەیشتە شوێنەکە، چاوی هەڵبڕی و پێی فەرموو: «زەکا، خێرا وەرە خوارەوە، چونکە دەبێت ئەمڕۆ لە ماڵی تۆ بمێنمەوە.» 6جا خێرا هاتە خوارەوە و بە خۆشییەوە پێشوازی لێکرد.
7هەموو بینییان و دەستیان کرد بە بۆڵەبۆڵکردن و گوتیان: «چووە بووەتە میوانی گوناهبارێک.»
8بەڵام زەکا ڕاوەستا و بە مەسیحی خاوەن شکۆی گوت: «گەورەم، ئەوەتا نیوەی سامانەکەم دەدەمە هەژاران و ئەگەر بە هەر شێوەیەک فێڵم لە کەسێک کردبێت، چوارقاتی دەدەمەوە.»
9عیساش پێی فەرموو: «ئەمڕۆ ڕزگاری بۆ ئەم ماڵە هات، لەبەر ئەوەی ئەویش کوڕی ئیبراهیمە، 10چونکە کوڕی مرۆڤ هاتووە بەدوای لەناوچواندا#19‏:10 ئەو کەسانەی شایستەی دۆزەخن.‏ بگەڕێت و ڕزگاریان بکات.»
نموونەی دە کیسە زیوەکە
11کاتێک خەڵکەکە گوێیان لەمانە دەگرت، درێژەی پێدا و نموونەیەکی هێنایەوە، چونکە لە ئۆرشەلیم نزیک بوو و وایان دەزانی کە پاشایەتی خودا خەریکە دەردەکەوێت. 12ئینجا فەرمووی: «پیاوماقوڵێک بۆ وڵاتێکی دوور ڕۆیشت، تاوەکو شانشینێک بۆ خۆی وەربگرێت و بێتەوە. 13دە لە کۆیلەکانی خۆی بانگکرد و دە کیسە زیوی#19‏:13 یۆنانی: مەنا. عیبری: مانێ. بڕوانە نەحەمیا 7‏:71. یەک مەنا دەکاتە نزیکەی کرێی سێ مانگی کرێکارێک.‏ پێدان و پێی گوتن، هەتا دێمەوە بازرگانی بکەن.
14«بەڵام دانیشتووانی ناوچەکە ڕقیان لێی بوو، شاندێکیان بەدوایدا نارد و گوتیان: ”نامانەوێت ئەمە پاشایەتیمان بکات.“
15«ئەوە بوو کە گەڕایەوە پاشایەتییەکەی وەرگرتبوو، فەرمانی دا ئەو کۆیلانەی زیوەکەی پێدابوون بانگ بکرێنە لای، تاکو بزانێت چییان لە بازرگانی قازانج کردووە.
16«یەکەمیان هات و گوتی: ”گەورەم، کیسە زیوەکەت دە کیسە زیوی قازانج کردووە.“
17«ئەویش پێی گوت: ”ئافەرین کۆیلەی چاک، چونکە لە کەمترین شت دەستپاک بوویت، ببە بە فەرمانڕەوای دە شار.“
18«دووەمیان هات و گوتی: ”گەورەم، کیسە زیوەکەت پێنج کیسە زیوی قازانج کردووە.“
19«بەمەشیانی گوت: ”تۆش ببە بە فەرمانڕەوای پێنج شار.“
20«ئەوی دیکە هات و گوتی: ”گەورەم ئەوەتا کیسە زیوەکەت، لە دەستەسڕێک پێچابوومەوە و هەڵمگرتبوو. 21لە ڕاستیدا لێت ترسام، لەبەر ئەوەی پیاوێکی دڵڕەقیت، ئەوەی داتنەناوە دەیبەیت و ئەوەی نەتچاندووە دروێنەی دەکەیت.“
22«ئەویش پێی گوت: ”ئەی کۆیلەی بەدکار، بە زارت تاوانبارت دەکەم، کە دەتزانی پیاوێکی دڵڕەقم، ئەوەی دامنەناوە دەیبەم و ئەوەی نەمچاندووە دروێنەی دەکەم، 23ئیتر بۆچی زیوەکەمت لە بانک دانەنا، کاتێک دەهاتمەوە لەگەڵ سوودەکەی وەرمدەگرتەوە؟“
24«بەوانەی گوت کە لەوێ ڕاوەستابوون: ”کیسە زیوەکەی لێ بسەننەوە و بیدەنە ئەوەی دە کیسە زیوەکەی پێیە.“
25«ئەوانیش پێیان گوت: ”گەورەم، دە کیسە زیوی هەیە!“
26«وەڵامی دایەوە: ”پێتان دەڵێم: ئەوەی هەیەتی پێی دەدرێت، بەڵام ئەوەی نییەتی، تەنانەت ئەوەی هەشیەتی لێی دەسەنرێتەوە. 27دوژمنانیشم، ئەوانەی نەیاندەویست پاشایەتییان بکەم، بیانهێننە ئێرە و لەبەردەمم بیانکوژن.“»
کەژاوەی پاشایانە
28دوای ئەوەی عیسا ئەمەی فەرموو، لە پێشەوە ڕۆیشت و بەرەو ئۆرشەلیم سەرکەوت. 29کاتێک لە گوندی بێت‌فاجی و بێت‌عەنیا نزیک بووەوە، کە لەلای ئەو کێوەی کە کێوی زەیتوونی پێ دەگوترێت، دووان لە قوتابییەکانی نارد و 30فەرمووی: «بڕۆنە ئەو گوندەی بەرامبەرتان، کە دەچنە ناوی، دەبینن جاشکێک بەستراوەتەوە هەتا ئێستا کەس سواری نەبووە، بیکەنەوە و بیهێنن. 31ئەگەر یەکێک پرسیاری لێکردن: ”بۆچی دەیکەنەوە؟“ لە وەڵامدا بڵێن: ”گەورەمان پێویستی پێیەتی.“»
32دوو قوتابییەکە چوون و چی پێ گوتبوون بینییان. 33کاتێک جاشکەکەیان دەکردەوە، خاوەنەکانی لێیان پرسین: «بۆچی جاشکەکە دەکەنەوە؟»
34گوتیان: «گەورەمان پێویستی پێیەتی.»
35ئینجا بۆ عیسایان هێنا و کەواکانیان خستە سەر جاشکەکە و عیسایان سواری کرد. 36کاتێک بەڕێوە بوو، خەڵک کەواکانیان لەسەر ڕێگا ڕادەخست.
37لە لێژاییەکەی کێوی زەیتوون نزیک بووەوە، سەرجەم قوتابییەکان بە شادی و بە دەنگی بەرز دەستیان بە ستایشکردنی خودا کرد، بۆ هەموو ئەو پەرجووانەی بینییان، دەیانگوت:
38«﴿پیرۆزە ئەو پاشایەی بە ناوی یەزدانەوە دێت!﴾#19‏:38 زەبوورەکان 118‏:26‏‏»
«ئاشتی لە ئاسمان و شکۆ بۆ خودا لە بەرزایی!»
39هەندێک فەریسی نێو خەڵکەکە، بە عیسایان گوت: «مامۆستا، قوتابییەکانت سەرزەنشت بکە.»
40وەڵامی دایەوە: «پێتان دەڵێم: ئەگەر ئەوانە بێدەنگ بن، بەردەکان هاوار دەکەن.»
گریانی عیسا بۆ ئۆرشەلیم
41کاتێک لە ئۆرشەلیم نزیک بووەوە و شارەکەی بینی، بۆی گریا، 42فەرمووی: «خۆزگە بتزانیایە، تەنانەت تۆش، لەم ڕۆژەدا چ شتێک بۆت مایەی ئاشتییە! بەڵام ئێستا لەبەرچاوت شاراوەیە. 43ڕۆژانێکت بەسەردێت، کە دوژمنانت سەنگەرت لێ دەگرن، ئابڵوقەت دەدەن و لە هەموو لایەکەوە دەورت دەگرن. 44خۆت و منداڵەکانت لەناو شووراکانت لەگەڵ زەوی تەخت دەکرێن. بەردت بەسەر بەردەوە ناهێڵن، چونکە کاتی هاتنی پەروەردگارت#19‏:44 مەبەستی هاتنی مەسیحە بۆ ڕزگارکردنیان.‏ نەزانی.»
عیسا پەرستگا پاک دەکاتەوە
45کاتێک عیسا چووە ناو حەوشەکانی پەرستگا، دەستی بە دەرکردنی فرۆشیاران کرد. 46پێی فەرموون: «نووسراوە: ﴿ماڵەکەم ماڵی نوێژە،﴾#19‏:46 ئیشایا 56‏:7‏‏ کەچی ئێوە کردووتانە بە ﴿ئەشکەوتی دزان!﴾#19‏:46 یەرمیا 7‏:11‏‏»
47ڕۆژانە لە پەرستگا خەڵکی فێردەکرد، کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات و ڕابەرانی گەل هەوڵیان دەدا لەناوی ببەن. 48بەڵام هیچیان بۆ ئەنجامدانی نەدەدۆزییەوە، چونکە هەموو گەل بە پەرۆشەوە گوێیان لێ دەگرت.

Zur Zeit ausgewählt:

لۆقا 19: KSS

Markierung

Teilen

Kopieren

None

Möchtest du deine gespeicherten Markierungen auf allen deinen Geräten sehen? Erstelle ein kostenloses Konto oder melde dich an.

Kostenlose Lesepläne und Andachten zum Thema لۆقا 19

YouVersion verwendet Cookies, um deine Erfahrung zu personalisieren. Durch die Nutzung unserer Webseite akzeptierst du unsere Verwendung von Cookies, wie in unserer Datenschutzrichtlinie beschrieben