لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

ڕۆما 1:9-29

ڕۆما 1:9-29 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

له‌ مه‌سیحدا ڕه‌وا ده‌ڵێم و درۆ ناكه‌م، ویژدانیشم به‌ ڕووحی پارسا گه‌واهیده‌رمه‌، كه‌ خه‌مێكی مه‌زنم هه‌یه‌ و ئازارێكی بێ بڕانه‌وه‌ له‌ دڵمدا هه‌یه‌. خۆزگه‌ خۆم نه‌فره‌تم لێ بكرابایه‌ و له‌ مه‌سیح بێبه‌ش بوومایه‌، له‌ پێناوی برایانم، خزمانم به‌گوێره‌ی جه‌سته‌، ئیسڕائیلییه‌كان، ڕۆڵه‌یێتی و شكۆ و په‌یمانه‌كان و ته‌ورات و په‌رستن و به‌ڵێنه‌كان هی ئه‌وانه‌. باوكانیش هی ئه‌وانن و مه‌سیحیش به‌گوێره‌ی جه‌سته‌ له‌وانه‌وه‌ هاتووه‌، ئه‌وه‌ی له‌ سه‌رووی هه‌مووانه‌، تاهه‌تایه‌ خوداوه‌ندێكی پیرۆزه‌! ئامین. به‌ڵام مه‌به‌ست ئه‌وه‌ نییه‌ وشه‌ی خودا كه‌وت. چونكه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ نه‌وه‌ی ئیسڕائیلن، ئیسڕائیلی نین. هه‌روه‌ها هه‌موو ئه‌وانه‌ی نه‌وه‌ی ئه‌وڕاهه‌من، ڕۆڵه‌كانی ئه‌و نین، به‌ڵكو: {له‌ ئسخه‌قه‌وه‌ وه‌چه‌ت ناوده‌بردرێت} . واتا: ڕۆڵه‌كانی جه‌سته‌ ڕۆڵه‌كانی خودا نین، به‌ڵكو ڕۆڵه‌كانی به‌ڵێن به‌ نه‌وه‌ داده‌نرێن. چونكه‌ وشه‌ی به‌ڵێنه‌كه‌ ئه‌مه‌یه‌: {كاتێكی وه‌ها دێمه‌وه‌ و ساراش كوڕێكی بووه} . نه‌ک ته‌نها ئه‌مه‌، به‌ڵكو ڕڤقه‌ش له‌ یه‌كێک سكی كرد كه‌ ئسخه‌قی باوكمانه‌. چونكه‌ هێشتا له‌دایک نه‌ببوون و چاكه‌ و خراپه‌یان نه‌كردبوو، ئه‌مه‌ش تاكو له‌ هه‌ڵبژاردندا مه‌به‌ستی خودا جێگیر بێت، نه‌ک به‌ كردار، به‌ڵكو له‌وه‌ی بانگ ده‌كات، پێیان فه‌رموو: {گه‌وره‌كه‌ ڕاژه‌ی بچووكه‌كه‌ ده‌كات} . وه‌ک نووسراوه‌: {یاقووم خۆشویست و ڕقم له‌ عیسۆ بووه‌وه‌} . كه‌واته‌ چی بڵێین؟ ئایا له‌لای خودا سته‌م هه‌یه‌؟ حاشا! چونكه‌ به‌ مووشێ ده‌فه‌رمووێ: {میهره‌بان ده‌بم له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی میهره‌بان ده‌بم و به‌ به‌زه‌یی ده‌بم له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به‌زه‌ییم پێیدا دێته‌وه‌} . كه‌واته‌، به‌ ئاره‌زووی كه‌سێک و هه‌وڵدانی كه‌سێک نییه‌، به‌ڵكو له‌ خوداوه‌یه‌ كه‌ میهه‌ربانه‌. چونكه‌ سیپاره‌كه‌ به‌ پڕعون ده‌فه‌رمووێ: {تۆم بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ په‌یداكرد، تاكو توانای خۆم له‌ تۆدا ده‌ربخه‌م و تاكو له‌ هه‌موو زه‌ویدا ناوم ڕابگه‌یه‌ندرێت} . كه‌واته‌ خودا به‌زه‌یی به‌وه‌ دێته‌وه‌ كه‌ ده‌یه‌وێت و ئه‌وه‌ش دڵڕه‌ق ده‌كات كه‌ ده‌یه‌وێت. ئینجا پێم ده‌ڵێی: “ئیتر بۆچی هێشتا گله‌یی ده‌كات؟ چونكه‌ كێ دژی خواستی ئه‌و ڕاده‌وه‌ستێت؟” به‌ڵكو ئه‌ی مرۆڤ تۆ كێیت وه‌ڵامی خودا ده‌ده‌یته‌وه‌؟ ئایا دروستكراو به‌ دروستكاری ده‌ڵێ: “بۆچی وا دروستت كردم؟” ئایا گۆزه‌وان ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر قوڕدا نییه؟‌ له‌ هه‌مان قوڕ ده‌فرێک بۆ ڕێزلێنان و یه‌كێكی دیكه‌ش ئاسایی دروست بكات؟ به‌ڵام چییه‌ ئه‌گه‌ر خودا كه‌ ده‌یه‌وێت تووڕه‌یی ده‌ربخات و توانای خۆی ئاشكرا بكات، به‌ پشوودرێژی زۆره‌وه‌ به‌رگه‌ی ئه‌و ده‌فرانه‌ی تووڕه‌یی گرت كه‌ بۆ له‌ناوبردن ئاماده‌ كراون؟ تاكو ده‌وڵه‌مه‌ندی شكۆی خۆی له‌سه‌ر ئه‌و ده‌فرانه‌ی به‌زه‌یی ئاشكرا بكات كه‌ پێشتر بۆ شكۆمه‌ندی ئاماده‌ی كردوون؟ له‌نێو ئه‌واندا ئێمه‌شی بانگكردووه‌، نه‌ک ته‌نها له‌ جوو، به‌ڵكو له‌ نه‌ته‌وه‌كانیش. وه‌ک له‌ هۆشه‌عدا ده‌فه‌رمووێ: {ئه‌وه‌ی گه‌لی من نییه‌ ناوی ده‌نێم گه‌لی خۆم وئه‌وه‌ی خۆشه‌ویست نییه‌ به‌ خۆشه‌ویست. وه‌ له‌و شوێنه‌ی به‌وانیان فه‌رموو ئێوه‌ گه‌لی من نین، له‌وێدا به‌ ڕۆڵه‌كانی خودای زیندوو ناوده‌برێن} . ئێشه‌عیاش ده‌رباره‌ی ئیسڕائیل هاوار ده‌كات: {ئه‌گه‌ر ژماره‌ی نه‌وه‌ی ئیسڕائیل به‌قه‌د لمی ده‌ریا بێت، ته‌نها پاشماوه‌یان ڕزگاری ده‌بێت. چونكه‌ په‌روه‌ردگار به‌ خێرایی و كۆتاییبڕ خۆی به‌سه‌ر زه‌ویدا ده‌هێنێت} . وه‌ک ئێشه‌عیا پێشتر وتوویه‌تی: {ئه‌گه‌ر په‌روه‌ردگاری سوپاسالار نه‌وه‌ی بۆ نه‌هێشتباینه‌وه‌، وه‌ک سه‌دوممان لێ ده‌هات و له‌ عامووڕه‌ ده‌چووین} .

هاوبەشی بکە
ڕۆما 9 بخوێنەوە

ڕۆما 1:9-29 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

مەسیح شایەتمە کە ڕاستی دەڵێم و درۆ ناکەم، ویژدانیشم بە ڕۆحی پیرۆز ئەوە دووپات دەکاتەوە، کە زۆر دڵتەنگم و ئازارێکی بێ بڕانەوەم لە دڵدایە. خۆزگە خۆم نەفرەتم لێ بکرایە و لە مەسیح بێبەش بوومایە، لە پێناوی برایانم، هاونەژادەکانم، ئیسرائیلییەکان. لەخۆگرتنەوە و شکۆ و پەیمانەکان و وەرگرتنی تەورات و ڕێوڕەسمەکانی پەرستن و بەڵێنەکان هی ئەوانە. باوکانیش هی ئەوانن و مەسیحیش بەگوێرەی جەستە لەوانەوە هاتووە، ئەوەی لە سەرووی هەمووانە، هەتاهەتایە خودایەکی پیرۆزە! ئامین. واتای ئەوە نییە کە فەرمایشتی خودا کاریگەری نەماوە، چونکە هەموو ئەوانەی لە نەوەی ئیسرائیلن، گەلی هەڵبژێردراوی خودا نین. هەروەها هەموو ئەوانەی نەوەی ئیبراهیمن، منداڵی ئەو نین، بەڵکو: ﴿لە ڕێگەی ئیسحاقەوە نەوەی تۆ ناودەبردرێت.﴾ واتا ئەو منداڵانەی کە بە خواستی مرۆڤانە بوون، منداڵی خودا نین، بەڵکو ئەو منداڵانەی کە بە بەڵێنی خودا بوون، ئەوانە بە نەوەی ئیبراهیم دادەنرێن، چونکە وتەی بەڵێنەکە ئەمەیە: ﴿لە کاتی دیاریکراو دێمەوە و ساراش کوڕێکی بووە.﴾ نەک تەنها ئەمە، بەڵکو ڕڤقەش لە یەکێک سکی کرد کە ئیسحاقی باوکمانە. بۆ ئەوەی خواستی خودا لە هەڵبژاردندا بچەسپێت کە بە کردار نییە، بەڵکو بەو بانگهێشتەیە کە خۆی دەیکات، بەر لەوەی لەدایک بن و چاکە و خراپە بکەن، خودا بە دایکیانی فەرموو: ﴿گەورەکە خزمەتی بچووکەکە دەکات.﴾ وەک نووسراوە: ﴿یاقوبم خۆشویست بەڵام ڕقم لە عیسۆ بووەوە.﴾ کەواتە چی بڵێین؟ ئایا خودا دادپەروەر نییە؟ حاشا! چونکە بە موسا دەفەرموێ: ﴿میهرەبان دەبم لەگەڵ ئەوەی میهرەبان دەبم و بە بەزەیی دەبم لەگەڵ ئەوەی بەزەییم پێیدا دێتەوە.‏﴾ کەواتە، بە ئارەزووی یەکێک و هەوڵدانی یەکێک نییە، بەڵکو لە خوداوەیە کە بەزەیی هەیە. نووسراوە پیرۆزەکە بە فیرعەون دەفەرموێ: ﴿لەبەر ئەوە تۆم هێشتووەتەوە بۆ ئەوەی توانای خۆم لە تۆدا دەربخەم، تاکو لە هەموو زەویدا ناوم ڕابگەیەنرێت.﴾ کەواتە خودا بەزەیی بەوە دێتەوە کە دەیەوێت و ئەوەش دڵڕەق دەکات کە دەیەوێت. ئینجا پێم دەڵێی: «ئیتر بۆچی خودا هێشتا خەتابارمان دەکات؟ کێ دەتوانێت لە دژی خواستی ئەو ڕابوەستێت؟» ئەی مرۆڤ تۆ کێیت وەڵامی خودا دەدەیتەوە؟ ﴿ئایا دروستکراو بە دروستکەری دەڵێ: «بۆچی وا دروستت کردم؟»﴾ ئایا گۆزەکەر دەسەڵاتی بەسەر قوڕدا نییە لە هەمان قوڕ دەفرێک بۆ ڕێزلێنان و یەکێکی دیکەش ئاسایی دروستبکات؟ بەڵام چی دەبێت ئەگەر خودا بیەوێت تووڕەیی دەربخات و توانای خۆی ئاشکرا بکات، بە پشوودرێژی زۆرەوە بەرگەی ئەو دەفرانەی تووڕەیی بگرێت کە بۆ لەناوبردن ئامادە کراون؟ چی دەبێت ئەگەر ئەمە بکات تاکو دەوڵەمەندی شکۆی خۆی لەسەر ئەو دەفرانەی بەزەیی ئاشکرا بکات کە پێشتر بۆ شکۆمەندی ئامادەی کردوون؟ لەناو ئەواندا ئێمەشی بانگکردووە، نەک تەنها لە جولەکە، بەڵکو لە نەتەوەکانیش. وەک لە هۆشەعدا دەفەرموێ: ﴿ئەوەی گەلی من نییە ناوی دەنێم گەلی خۆم و ئەوەی خۆشەویست نییە بە خۆشەویست،﴾ هەروەها ﴿لەو شوێنەی پێیان گوترا: «ئێوە گەلی من نین،» لەوێدا «بە ڕۆڵەکانی خودای زیندوو ناودەبردرێن.»﴾ ئیشایاش دەربارەی ئیسرائیل هاوار دەکات: ﴿ئەگەر ژمارەی نەوەی ئیسرائیل بەقەد لمی دەریا بێت، تەنها پاشماوەیان ڕزگاری دەبێت، چونکە یەزدان بە خێرایی دوا بڕیاری خۆی بەسەر زەویدا جێبەجێ دەکات.﴾ وەک ئیشایا پێشتر گوتوویەتی: ﴿ئەگەر یەزدانی سوپاسالار نەوەی بۆ نەهێشتباینایەوە، وەک سەدۆممان لێ دەهات و لە عەمۆرا دەچووین.﴾

هاوبەشی بکە
ڕۆما 9 بخوێنەوە