لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

زەبوورەکان 1:89-52

زەبوورەکان 1:89-52 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

تاهه‌تایه‌ گۆرانی به‌سه‌ر میهره‌بانیی په‌روه‌ردگار ده‌ڵێم. نه‌وه‌ دوای نه‌وه‌ به‌ ده‌مم ڕه‌وات ڕاده‌گه‌یه‌نم. هه‌روه‌ک وتم: “تاهه‌تایه‌ میهره‌بانی بنیاد ده‌نرێت. له‌نێو ئاسمانان ڕه‌وات جێگیر ده‌بێت”. فه‌رمووت: “په‌یمانم له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ی خۆم به‌ستووه‌. سوێندم بۆ داویدی به‌نده‌م خواردووه‌: تاهه‌تایه‌ وه‌چه‌ت ده‌چه‌سپێنم. نه‌وه‌ دوای نه‌وه‌ ته‌ختت بنیاد ده‌نێم”. سیلاه‌. ئه‌ی په‌روه‌ردگار ئاسمانان ستایشی كاره‌ سه‌رسوڕهێنه‌ره‌كانت ده‌كات. هه‌روه‌ها له‌نێو كۆمه‌ڵی پارسایانیش ڕه‌واكه‌ت. چونكه‌ كێ‌ له‌ ئاسمان دا هاوتای په‌روه‌ردگاره‌. كام له‌ ڕۆڵه‌كانی په‌روه‌ردگار له‌ خودا ده‌كات؟ خوداوه‌ندێكی زۆر سامناكه‌ له‌نێو كۆمه‌ڵی پارسایان. لای هه‌موو ئه‌وانه‌ی ده‌وروبه‌ری ترسناكه‌. په‌روه‌ردگار، ئه‌ی خوداوه‌ندی سوپاسالار كێ‌ وه‌ک تۆیه‌؟ به‌هێزیت، په‌روه‌ردگاریت، ڕه‌وات ده‌وری داویت. ده‌سه‌ڵاتت به‌سه‌ر هه‌ڵچوونی ده‌ریادا هه‌یه‌. كه‌ شه‌پۆڵه‌كانی به‌رزده‌بنه‌وه‌، هێمنیان ده‌كه‌یته‌وه‌. وه‌ک بریندارێكی سه‌خت ڕاهه‌بت پان كرده‌وه‌. به‌ هێزی بازووت دوژمنه‌كانت په‌رت كرد. ئاسمانان هی تۆیه‌ هه‌روه‌ها زه‌ویش. گه‌ردوون و هه‌رچی تێیدایه‌ تۆ داتمه‌زراندوه‌. باكوور و باشوور تۆ ئافریده‌ت كردوون. تابۆر و حه‌ڕمۆن بۆ ناوی تۆ ده‌نگ هه‌ڵده‌بڕن. بازوی به‌توانات هه‌یه‌. ده‌ستت به‌هێزه‌. ده‌سته‌ ڕاستت به‌رزه‌. دادپه‌روه‌ری و ڕه‌وا بناغه‌ی ته‌ختی تۆن. میهره‌بانی و سه‌رڕاستی له‌ به‌رده‌می تۆن. به‌خته‌وه‌ری بۆ ئه‌و گه‌له‌ی ده‌زانن ده‌نگ هه‌ڵببڕن. ئه‌ی په‌روه‌ردگار، به‌ ڕووناكی ڕوخسارت ڕێ ده‌كه‌ن. به‌ ناوی تۆوه‌ به‌ درێژایی ڕۆژ شادمان ده‌بن. به‌ دادپه‌روه‌ریی تۆ به‌رز ده‌بنه‌وه‌. چونكه‌ تۆ شانازیی هێزی ئه‌وانیت، ئێمه‌ به‌ ڕه‌زامه‌ندیی تۆ قۆچمان به‌رز ده‌بێته‌وه‌. چونكه‌ قه‌ڵغانمان هی په‌روه‌ردگاره‌. پاشامان هی پارساكه‌ی ئیسڕائیله‌. جارێک له‌ بینیندا قسه‌ت بۆ خوداناسه‌كه‌ی خۆت كرد و فه‌رمووت: “هێزم به‌ پاڵه‌وان به‌خشی. له‌نێو گه‌ل هه‌ڵبژارده‌م به‌رزكرده‌وه‌. داویدی به‌نده‌ی خۆم دۆزییه‌وه‌. به‌ ڕۆنی پارسام ده‌ستنیشانم كرد. ئه‌وه‌ی ده‌ستم پێوه‌ی ده‌چه‌سپێت. هه‌روه‌ها بازووم به‌هێزی ده‌كات. دوژمن به‌سه‌ریدا زاڵ نابێت. نابێته‌ ژێر ده‌سته‌ی ڕۆڵه‌ی زۆردار. له‌ به‌رده‌می خۆی دوژمنانی تێكده‌شكێنم. ناحه‌زانی تووشی به‌ڵا ده‌كه‌م. سه‌رڕاستی و میهره‌بانیی منی له‌گه‌ڵدایه‌. به‌ ناوی منه‌وه‌ قۆچی به‌رز ده‌بێته‌وه‌. واده‌كه‌م ده‌ستی به‌سه‌ر ده‌ریاوه‌ بێت. ده‌سته‌ ڕاستی به‌سه‌ر ڕووباره‌كان. بۆم هاوار ده‌كات: تۆ باوكمی. خوداوه‌ندی منی. تاشه‌به‌ردی ڕزگاری منی. منیش ده‌یكه‌م به‌ نۆبه‌ره‌ی خۆم. به‌رزترین له‌ پاشایانی زه‌وی‌. تاهه‌تایه‌ میهره‌بانیی خۆمی بۆ ده‌پارێزم. په‌یمانی من بۆ ئه‌و ده‌چه‌سپێت. واده‌كه‌م تاهه‌تایه‌ نه‌وه‌ی هه‌بێت. ته‌ختیشی وه‌ک ڕۆژگاری ئاسمانان بێت. ئه‌گه‌ر ڕۆڵه‌كانی واز له‌ فێركردنم بهێنن. ڕێگای یاساكانی من نه‌گرنه‌به‌ر، ئه‌گه‌ر سه‌رپێچی فه‌رزه‌كانم بكه‌ن، ڕاسپارده‌كانم به‌جێ نه‌گه‌یه‌نن. به‌ دار ڕاوی یاخیبوونه‌كانیان ده‌نێم. به‌ لێدان گوناهه‌كانیان. به‌ڵام میهره‌بانیی خۆمی لێناكه‌مه‌وه‌، درۆ ناكه‌م ده‌رباره‌ی سه‌رڕاستییه‌كه‌م. په‌یمانی خۆم ناشكێنم و ئه‌وه‌ی له‌ زارم ده‌رچووه‌ نایگۆڕم. جارێک سوێندم به‌ پارسایی خۆم خوارد. درۆ له‌گه‌ڵ داوید ناكه‌م: تاهه‌تایه‌ نه‌وه‌ی ده‌مێنێت و ته‌ختی وه‌ک خۆر له‌ به‌رده‌ممدایه‌. هه‌میشه‌ وه‌ک مانگ ده‌چه‌سپێت. ئه‌و گه‌واهیده‌ره‌ی له‌ ئاسمانیشه‌ سه‌رڕاسته‌”. سیلاه‌. به‌ڵام تۆ ڕه‌تت كرده‌وه‌ و وازت لێی هێنا. تووڕه‌ییت به‌سه‌ر مه‌سیحه‌كه‌ته. په‌یمانی خۆت له‌گه‌ڵ به‌نده‌كه‌ت شكاند و تاجه‌كه‌ی ئه‌وت له‌ گڵ وه‌ردا و گڵاوت كرد. هه‌موو شووراكانیت ڕووخاند. قه‌ڵاكانیت كرده‌ كاولگه‌. هه‌موو ئه‌وانه‌ی تێده‌په‌ڕن تاڵانیان كردی. بوو به‌ ڕیسوایی له‌نێو دراوسێیه‌كان. ده‌ستی ڕاستی دوژمنه‌كانیت به‌رزكرده‌وه‌، هه‌موو ناحه‌زه‌كانیت دڵشاد كرد. ده‌می شمشێره‌كه‌یت هه‌ڵگێڕایه‌وه‌ و له‌ جه‌نگدا سه‌رتنه‌خست. شكۆمه‌ندیه‌كه‌یت پووچه‌ڵ كرده‌وه‌. ته‌ختی ئه‌وت فڕێدایه‌ سه‌ر زه‌وی. ڕۆژگاری گه‌نجیت كورت كرده‌وه‌ و به‌رگی شه‌رمه‌زاریت كرده‌ به‌ری. سیلاه‌. ئه‌ی په‌روه‌ردگار تا كه‌ی؟ ئایا به‌ ته‌واوی خۆت ده‌شاریته‌وه‌؟ تا كه‌ی قینت وه‌ک ئاگر داده‌گیرسێت؟ له‌بیرت بێت چه‌ند ته‌مه‌نم كورته‌. بۆ چ مه‌به‌ستێک ئاده‌میزادت ئافراندووه‌‌! مرۆڤ هه‌یه‌ بژیێت و مه‌رگ نه‌بینێت؟ گیانی خۆی له‌ ده‌ست دۆڵی بێبن ده‌رباز بكات؟ سیلاه‌. ئه‌ی په‌روه‌ردگار، كوا میهره‌بانیه‌كه‌ی جارانت، كه‌ به‌ سه‌رڕاستیی خۆت سوێندت بۆ داوید خوارد؟ په‌روه‌ردگار، شووره‌یی به‌نده‌ی خۆت له‌ بیر بێت. چۆن هی هه‌موو گه‌لانم له‌ باوه‌شی خۆم گرتووه‌. ئه‌و سووكایه‌تییه‌ی دوژمنه‌كانت ئه‌ی په‌روه‌ردگار، ئه‌وه‌ی به‌ نه‌وه‌كانی مه‌سیحه‌كه‌ت كرا. پیرۆزه‌ په‌روه‌ردگار تاهه‌تایه‌. ئامین و ئامین.

زەبوورەکان 1:89-52 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

هەتاهەتایە گۆرانی بەسەر خۆشەویستی نەگۆڕی یەزداندا دەڵێم، نەوە دوای نەوە بە دەمم دڵسۆزیت ڕادەگەیەنم. هەروەک گوتم، هەتاهەتایە خۆشەویستی نەگۆڕ بنیاد دەنرێت، لە ئاسمان دڵسۆزیت چەسپاوە. فەرمووت: «پەیمانم لەگەڵ هەڵبژاردەی خۆم بەستووە، سوێندم بۆ داودی بەندەم خواردووە، ”هەتاهەتایە وەچەکەت دەچەسپێنم، نەوە دوای نەوە تەختت بنیاد دەنێم.“» ئەی یەزدان، ئاسمان ستایشی کارە سەرسوڕهێنەرەکانت دەکات، هەروەها لەناو کۆڕی پیرۆزانیش دڵسۆزیت. لەناو هەورەکان کێ هاوتای یەزدانە؟ لەنێو فریشتەکانی ئاسمان کامەیان لە یەزدان دەچێت؟ خودا لەنێو ئەنجومەنی پیرۆزان زۆر سامناکە، لە هەموو ئەوانەی دەوروبەری ترسناکترە. ئەی یەزدان، خودای سوپاسالار، کێ وەک تۆ وایە؟ تۆ بەهێزیت، ئەی یەزدان، دڵسۆزیشت دەوری داویت. دەسەڵاتت بەسەر هەڵچوونی دەریادا هەیە، کە شەپۆلەکانی بەرز دەبنەوە، هێمنیان دەکەیتەوە. وەک بریندارێکی سەخت ڕاهەبت پان کردەوە، بە هێزی بازووت دوژمنەکانت پەرتەوازە کرد. ئاسمان هی تۆیە، هەروەها زەویش، گەردوون و هەرچی تێیدایە تۆ داتمەزراندووە. باکوور و باشوور تۆ بەدیت هێناون، تابۆر و حەرمۆن بۆ ناوی تۆ هەلهەلە لێدەدەن. بازووت هەیە لەگەڵ توانا، دەستت بەهێزە، دەستی ڕاستت بەرزە. ڕاستودروستی و دادپەروەری بناغەی تەختی تۆن، خۆشەویستی نەگۆڕ و ڕاستی لەبەردەمی تۆ دەڕۆن. خۆزگە بەو گەلە دەخوازرێ کە دەزانن چۆن پڕ بە دەنگیان هاواری شادی بکەن، ئەی یەزدان، بە ڕووناکی ڕوخساری تۆ ڕێ دەکەن. بەهۆی ناوی تۆوە بە درێژایی ڕۆژ شادمان دەبن، بە ڕاستودروستی تۆ بەرز دەبنەوە، چونکە تۆ شکۆمەندی و هێزی ئەوانیت، ئێمە بە ڕەزامەندی تۆ بەهێز دەبین. بێگومان قەڵغانمان هی یەزدانە، پاشامان هی خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیلە. جارێکیان لە بینینێکدا قسەت کرد، بە خۆشەویستانی خۆتت فەرموو: «هێزم بە پاڵەوانێک بەخشی، لەنێو گەل گەنجێکم بەرزکردەوە. داودی بەندەی خۆمم دۆزییەوە، بە ڕۆنی پیرۆزم دەستنیشانم کرد. ئەوەی دەستم پێوەی دەچەسپێت، هەروەها بازووم بەهێزی دەکات. دوژمن بەسەریدا زاڵ نابێت، نابێتە ژێر دەستەی کوڕی زۆردار. لەبەردەمی خۆی دوژمنانی تێکدەشکێنم، ناحەزانی تووشی بەڵا دەکەم. دڵسۆزی و خۆشەویستی نەگۆڕی منی لەگەڵدایە، بە ناوی منەوە بەهێز دەبێت. وا دەکەم دەستی بەسەر دەریاوە بێت، دەستی ڕاستی بەسەر ڕووبارەکان. هاوارم بۆ دەکات: ”تۆ باوکمی، خودای منی، تاشەبەردی ڕزگاریی منیت.“ منیش دەیکەمە نۆبەرەی خۆم، بەرزترین لە پاشایانی زەوی. هەتاهەتایە خۆشەویستی نەگۆڕی خۆمی بۆ دەپارێزم، پەیمانی من بۆ ئەو دەچەسپێت. هەتاهەتایە وەچەکەی دەچەسپێنم، تەختیشی بەقەد ڕۆژگاری ئاسمان بێت. «ئەگەر کوڕانی واز لە فێرکردنم بهێنن، ڕێگای یاساکانی من نەگرنەبەر، ئەگەر سەرپێچی فەرزەکانم بکەن، ڕاسپاردەکانم بەجێنەگەیەنن، لەسەر یاخیبوونەکانیان بە دار سزایان دەدەم، بە لێدان گوناهەکانیان، بەڵام خۆشەویستی نەگۆڕی خۆمی لێ ناکەمەوە، درۆ ناکەم دەربارەی دڵسۆزییەکەم. پەیمانی خۆم ناشکێنم و قسەی خۆم ناگۆڕم. جارێک سوێندم بە پیرۆزی خۆم خوارد، درۆ لەگەڵ داود ناکەم. هەتاهەتایە نەوەی داود دەمێنێت و تەختی وەک خۆر لەبەردەممە، هەمیشە وەک مانگ دەچەسپێت، ئەو شایەتەی لە ئاسمانیشە دڵسۆزە.» بەڵام تۆ ڕەتت کردەوە و وازت لێی هێنا، لە دەستنیشانکراوەکەت تووڕەبوویت. پەیمانەکەت لەگەڵ خزمەتکارەکەت شکاند و تاجەکەی ئەوت لە خۆڵ وەردا و گڵاوت کرد. هەموو شووراکانیت ڕووخاند، قەڵاکانیت کردە کاولگە. هەموو ئەوانەی تێدەپەڕن تاڵانیان کرد، لەلای دراوسێکانی ڕیسوا بوو. دەستی ڕاستی دوژمنەکانیت بەرزکردەوە، هەموو ناحەزەکانیت دڵشاد کرد. دەمی شمشێرەکەیت هەڵگێڕایەوە و لە جەنگدا سەرتنەخست. شکۆمەندییەکەیت پووچەڵ کردەوە، تەختی ئەوت فڕێدایە سەر زەوی. ڕۆژگاری گەنجیت کورت کردەوە و بەرگی شەرمەزاریت کردە بەری. ئەی یەزدان، هەتا کەی؟ ئایا بە تەواوی خۆت دەشاریتەوە؟ هەتا کەی تووڕەییت وەک ئاگر دادەگیرسێت؟ لەبیرت بێت تەمەنم چەند کورتە. ئادەمیزادت بۆ چ مەبەستێکی پووچ بەدیهێناوە؟ ئایا پیاو هەیە بژیێت و مردن نەبینێت؟ یان گیانی خۆی لە دەست جیهانی مردووان دەرباز بکات؟ ئەی پەروەردگار، کوا خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی جارانت، کە بە دڵسۆزی خۆت سوێندت بۆ داود خوارد؟ پەروەردگار، شورەیی خزمەتکاری خۆت لەبیر بێت، چۆن هی هەموو گەلانم لە باوەشی خۆم گرتووە، ئەو سووکایەتییەی دوژمنەکانت، ئەی یەزدان، ئەوەی بە ڕاستی بە نەوەکانی دەستنیشانکراوەکەت کرا. هەر ستایش بۆ یەزدان، هەتاهەتایە. ئامین و ئامین.