لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

زەبوورەکان 51:78-72

زەبوورەکان 51:78-72 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

له‌ هه‌موو نۆبه‌ره‌كانی میسڕی دا. له‌ یه‌كه‌م ده‌ركه‌وتنی هێزی دا له‌ وڵاتی حام. ئینجا وه‌ک مه‌ڕ گه‌له‌كه‌ی به‌پێشدا، وه‌ک ڕان له‌ چۆڵه‌وانی ڕابه‌رێتی كردن. ڕێنماییكردن بۆ دڵنیایی و نه‌ترسان، ترسیان نه‌ما. ده‌ریا به‌سه‌ر دوژمنه‌كانیاندا هاته‌وه‌یه‌ک. بردنی بۆ سنووری پارسای. ئه‌و چیایه‌ی به‌ ده‌ستی ڕاستی به‌ده‌ستی هێنا. نه‌ته‌وه‌كانی له‌ به‌رده‌م ده‌ركردن، میراتی به‌ گوریس بۆ دابه‌شكردن. هۆزه‌كانی ئیسڕائیلی له‌ خێوه‌ته‌كانیان نیشته‌جێكرد. به‌ڵام خودای هه‌ره‌به‌رزیان تاقی كرده‌وه‌ و یاخی بوون. ئامۆژگارییه‌كانیان نه‌پاراست. به‌ڵكو هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ و فێڵبازییان كرد. وه‌ک باپیرانیان له‌ ڕێ لایاندا. وه‌ک كه‌وانێكی چه‌وت. به‌ به‌رزاییه‌كانیان په‌ستیان كرد، به‌ بته‌كانیان قینیان جۆشاند. خودا ئه‌مه‌ی بیست، پڕ تووڕه‌یی بوو. به‌ ته‌واوی ئیسڕائیلی ڕه‌تكرده‌وه‌. نشینگه‌ی شیلۆی جێهێشت، ئه‌و چادره‌ی له‌نێو خه‌ڵک هه‌ڵیدابوو. سه‌ربه‌رزیی خۆی دایه‌ ده‌ست. شكۆمه‌ندی خۆی دایه‌ ده‌ست ناحه‌زه‌كانی. گه‌لی خۆی خسته‌ به‌رده‌می شمشێر، له‌ میراته‌كه‌ی تووڕه‌ بوو. لاوه‌كانیان ئاگر قووتی دان، كچه‌كانیان هه‌ڵهه‌ڵه‌یان لێ نه‌دا. كاهینه‌كانیان به‌ شمشێر كه‌وتن، بێوه‌ژنه‌كانیان شیوه‌نیان نه‌گێڕا. ئه‌وسا په‌روه‌ردگار وه‌ک خه‌وتوویه‌ک هه‌ستا، وه‌ک پاڵه‌وانێک له‌ سه‌رخۆشی مه‌ی هاوار بكات. له‌ دوژمنه‌كانی دا بۆ دواوه‌. كردنی به‌ ڕیسوایی هه‌میشه‌یی. خێوه‌تی یۆسپی ڕه‌تكرده‌وه‌، هۆزی ئه‌فڕایمی هه‌ڵنه‌بژارد. به‌ڵكو هۆزی ئیهوودی هه‌ڵبژارد، كێوی سیهیۆن كه‌ خۆشی ده‌وێت. وه‌ک به‌رزاییه‌كان پارساگای خۆی بنیاد نا. وه‌ک زه‌وی تاهه‌تایه‌ چه‌سپاندی. داویدی‌ به‌نده‌ی خۆی هه‌ڵبژارد، له‌نێو مێگه‌لی مه‌ڕ ده‌ریهێنا. له‌دوای مه‌ڕه‌ شیرده‌ره‌كانه‌وه‌ هێنای، بۆ ئه‌وه‌ی ببێ‌ به‌ شوانی یاقووی گه‌لی خۆی، ئیسڕائیلی میراتگری خۆی. ئه‌ویش به‌ ته‌واویی دڵ به‌خێوی كردن. به‌ ده‌ستێكی كارامه‌ ئاراسته‌ی كردن.

زەبوورەکان 51:78-72 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

لە هەموو نۆبەرەکانی میسری دا، یەکەمین بەرهەمی پیاوەتی وڵاتی حام. ئینجا وەک مەڕ گەلەکەی بەپێشدا، وەک ڕان لە چۆڵەوانی ڕابەرایەتی کردن. بە ئاسوودەیی ڕێنمایی کردن، ئیتر بێ ترس بوون، بەڵام دەریا دوژمنەکانی داپۆشین. بردنی بۆ سنووری خاکی پیرۆز، ئەو ناوچە شاخاوییەی بە دەستی ڕاستی بەدەستیهێنا. نەتەوەکانی لەبەردەم دەرکردن، میراتی بە گوریس بۆ دابەش کردن، هۆزەکانی ئیسرائیلی لە خێوەتەکانیان نیشتەجێ کرد. بەڵام خودای هەرەبەرزیان تاقی کردەوە و یاخی بوون، یاساکانی ئەویان پەیڕەو نەکرد. هەڵگەڕانەوە و فێڵبازییان کرد، وەک باپیرانیان لەڕێ لایاندا، وەک کەوانێکی ناڕێک. بە نزرگەکانیان لەسەر بەرزاییەکان پەستیان کرد، بە بتەکانیان ئیرەیی ئەویان جۆشاند. خودا ئەمەی بیست، پڕ تووڕەیی بوو، بە تەواوی ئیسرائیلی ڕەتکردەوە. چادری پەرستنی شیلۆی بەجێهێشت، ئەو چادرەی لەناو مرۆڤ هەڵیدابوو. سندوقی پەیمانی خۆی دایە دەست، هێمای هێز و شکۆی خۆی دایە دەست ناحەزەکانی. گەلی خۆی خستە بەردەمی شمشێر، لە میراتەکەی تووڕە بوو. گەنجەکانیان ئاگر هەڵیلووشین، کچەکانیان هەلهەلەیان لێ نەدا. کاهینەکانیان بە شمشێر کەوتن، بێوەژنەکانیان شیوەنیان نەگێڕا. ئەوسا پەروەردگار هەستا وەک ئەو کەسەی لە خەو بەئاگا دێتەوە، وەک ئەو پاڵەوانەی لە سەرخۆشی بەهۆش دێتەوە. لە دوژمنەکانی دا بۆ دواوە، کردنی بە ڕیسوایی هەمیشەیی. خێوەتەکانی یوسفی ڕەتکردەوە، هۆزی ئەفرایمی هەڵنەبژارد، بەڵکو هۆزی یەهودای هەڵبژارد، کێوی سییۆن کە خۆشی دەوێت. وەک بەرزاییەکان پیرۆزگای خۆی بنیاد نا، وەک زەوی هەتاهەتایە چەسپاندی. داودی بە خزمەتکاری خۆی هەڵبژارد و لەناو پشتیری مەڕ دەریهێنا. لەدوای مەڕە شیردەرەکانەوە هێنای، بۆ ئەوەی ببێتە شوانی یاقوبی گەلی خۆی، ئیسرائیلی میراتگری خۆی. داودیش بە دڵپاکییەوە شوانایەتی کردن، بە دەستێکی کارامە ئاراستەی کردن.