لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

په‌سنییه‌كان 78

78
هۆنراوه‌یه‌كی ئاسافه‌.
1 ئه‌ی گه‌لی من گوێ بده‌نه‌ فێركردنم. گوێ‌ شل كه‌ن بۆ قسه‌كانی ده‌مم.
2 به‌ په‌ند ده‌مم ده‌كه‌مه‌وه‌. مه‌ته‌ڵی ڕۆژگاری كۆن ده‌رده‌بڕم.
3 ئه‌وه‌ی كه‌ بیستوومانه‌ و زانیومانه‌. ئه‌وه‌ی باوباپیرانمان پێیان وتووین.
4 ئه‌و شتانه‌ له‌ ڕۆڵه‌كانیان ناشارینه‌وه‌، به‌ڵكو به‌ نه‌وه‌ی داهاتوو، ستایشی په‌روه‌ردگار ڕاده‌گه‌یێنین. هێزی و په‌رجوه‌كانی كه‌ كردوویه‌تی.
5 له‌نێو یاقوو گه‌واهیی دامه‌زراند. له‌نێو ئیسڕائیل ته‌ورات. باوباپیرانی ئێمه‌ی ڕاسپارد كه‌ فێری ڕۆڵه‌كانی خۆیانی بكه‌ن.
6 تاكو نه‌وه‌ی داهاتوو بیانزانێت. ئه‌و منداڵانه‌ی له‌دایک ده‌بن. ئه‌وانیش هه‌ستن و بۆ ڕۆڵه‌كانی خۆیانی باس بكه‌ن،
7 تا هیوایان به‌ خودا بێت، كرده‌وه‌كانی خودایان له‌ یاد نه‌چێ‌. به‌ڵكو ڕاسپارده‌كانی بپارێزن.
8 تا وه‌ک باوباپیرانیان نه‌بن، نه‌وه‌یه‌كی یاخی و كه‌للـه‌ڕه‌ق. نه‌وه‌یه‌ک دڵیان جێگیر نه‌بوو. ڕووحیشیان دڵسۆزی خودا نه‌بوو.
9 ئه‌فرایمییه‌كان كه‌ چه‌كیان تیروكه‌وان بوو، له‌ ڕۆژی جه‌نگدا كه‌ڕانه‌وه‌.
10 په‌یمانی خودایان شكاند، به‌پێی فێركردنی ڕه‌فتاریان نه‌كرد،
11 كرده‌وه‌كانی خودایان له‌بیركرد. ئه‌و په‌رجوانه‌ی كه‌ پیشانی دابوون.
12 له‌به‌رچاو باوباپیرانیان په‌رجوی كرد. له‌ زه‌ویی میسڕ. له‌ وڵاتی چۆعه‌ن.
13 ده‌ریای شه‌ق كرد و په‌ڕاندنیه‌وه‌، وه‌ک به‌ربه‌ست ئاوی ڕاگرت.
14 به‌ ڕۆژ به‌ هه‌وره‌وه‌ ڕێبه‌ریی كردن. به‌ درێژایی شه‌ویش به‌ ڕووناكی ئاگر.
15 له‌ بیابان تاشه‌به‌ردی له‌تكرد و ئاوی پێدان. ئه‌وه‌نده‌ زۆر وه‌ک له‌ ده‌ریاوه‌ بێت.
16 جۆگه‌ی له‌نێو تاشه‌به‌رد هه‌ڵقوڵاند، وه‌ک ڕووبار ئاوی به‌ردایه‌وه‌.
17 به‌ڵام به‌رده‌وام بوون له‌ گوناهه‌كردن دژی، بۆ یاخیبوون دژی هه‌ره‌به‌رز له‌ بیابان.
18 له‌ دڵی خۆیاندا خودایان تاقی كرده‌وه‌، به‌ داواكردنی ئه‌و خواردنه‌ی دڵیان پێوه‌ی بوو.
19 له‌ دژی خودا دووان. وتیان: “ئایا خودا ده‌توانێت له‌ چۆڵه‌وانی مێزێک بڕازێنێته‌وه‌؟
20 ئه‌وه‌تا له‌ تاشه‌به‌رده‌كه‌ی دا و ئاوی لێ‌ هێنا. دۆڵه‌كان ئاویان لێڕژا. ئایا ده‌توانێت نانیش بدات و گۆشت بۆ گه‌له‌كه‌ی دابین بكات؟”
21 كه‌ په‌روه‌ردگار ئه‌مه‌ی بیست تووڕه‌ بوو، ئاگری داگیرسا دژ به‌ یاقوو. هه‌روه‌ها تووڕه‌یی هه‌ستا له‌ ئیسڕائیل.
22 چونكه‌ باوه‌ڕیان به‌ خودا نه‌هێنا و پشتیان به‌ ڕزگاریه‌كه‌ی نه‌به‌ست.
23 جا فه‌رمانی دا به‌ هه‌وره‌كان له‌ به‌رزایی، ده‌رگای ئاسمانانی كرده‌وه‌.
24 مه‌نی به‌سه‌ریاندا باراند بۆ خواردن و دانه‌وێڵه‌ی ئاسمانی پێدان.
25 مرۆڤ نانی فریشته‌كانیان خوارد. ئازووقه‌ی بۆ ناردن تا تێربوون.
26 له‌ ئاسمانه‌وه‌ بای خۆرهه‌ڵاتی هه‌ڵكرد، به‌ هێزیشی بای باشووری به‌ره‌و پێش برد.
27 وه‌ک گڵ گۆشتی به‌سه‌ریاندا باراند، وه‌ک لمی ده‌ریاكان په‌له‌وه‌ری باڵدار.
28 باراندیه‌ نێو ئۆردوگاكه‌یان. له‌ ده‌وروبه‌ری چادره‌كانیان.
29 خواردیان و زۆر تیر بوون، ئه‌وه‌ی دڵیان پێوه‌ی بوو بۆی هێنان.
30 لایان نه‌دا له‌ حه‌زه‌كانیان. هێشتا خواردنه‌كه‌یان له‌نێو ده‌م بوو،
31 ڕقی خودا لێیان هه‌ستا. هه‌ره‌ به‌هێزه‌كانی كوشتن وباشترین گه‌نجه‌كانی ئیسڕائیلی خست.
32 له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مه‌شدا گوناهه‌یان كرده‌وه‌، باوه‌ڕیان به‌ په‌رجوه‌كانی نه‌هێنا.
33 به‌ فوویه‌ک ڕۆژگاری له‌ناوبردن، به‌ تۆقین ساڵانیان.
34 ئه‌گه‌ر بیانكوژێ‌ به‌دوایدا ده‌گه‌ڕێن، به‌ زوویی ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ لای خودا،
35 به‌بیریان دێته‌وه‌ كه‌ خودا تاشه‌به‌ردیانه‌، خودای هه‌ره‌به‌رزیشه‌ كه‌ ده‌یانكڕێته‌وه‌.
36 به‌ڵام به‌ ده‌م فێڵ ده‌كه‌ن. به‌ زمان درۆی له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن.
37 دڵیان لای ناچه‌سپێت. دڵسۆز نین له‌گه‌ڵ په‌یمانه‌كه‌ی.
38 ئه‌ویش به‌زه‌ییداره و له‌ گوناه خۆشده‌بێت. نافه‌وتێنێت. زۆرجار تووڕه‌یی خۆی ده‌گێڕێته‌وه‌. هه‌موو قینی خۆی ناجۆشێنێت.
39 به‌بیری دێته‌وه‌ ئه‌مانه‌ مرۆڤن. بایه‌كن هه‌ڵده‌كات و ناگه‌ڕێته‌وه‌.
40 چه‌ند جار له‌ چۆڵه‌وانی لیێ‌ یاخیبوون. له‌ بیاباندا دڵته‌نگیان كرد.
41 گه‌ڕانه‌وه‌ و خودایان تاقی كرده‌وه‌. پارسای ئیسڕائیلیان ئازار دا.
42 ده‌ستی ئه‌ویان له‌بیرچوو، ئه‌و ڕۆژه‌ی ئه‌وانی له‌ دوژمن كڕییه‌وه‌.
43 ئه‌و ڕۆژه‌ی له‌ میسڕ نیشانه‌ی پیشاندا، له‌ ولاتی چۆعه‌ن په‌رجوی كرد.
44 كه‌نداو و جۆگه‌كانیانی گۆڕی بۆ خوێن، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌خۆنه‌وه‌.
45 مێشی نارد پێوه‌یان دان، بۆقی نارد بۆگه‌نیان كردن.
46 به‌روبوومیانی ڕاده‌ستی كوللـه‌حاجیی كرد، ماندووبوونیان به‌ كوللـه‌.
47 به‌ ته‌رزه‌ ڕه‌زه‌مێوه‌كانی له‌ناوبرد، به‌ زوقم دارهه‌نجیره‌كانی وشككردن.
48 گاوگۆتاڵیانی خستنه‌ به‌ر ته‌رزه‌، ئاژه‌ڵی ماڵی دانه‌ به‌ر بروسكه‌.
49 گڕی تووڕه‌یی خۆی ڕژانده‌ سه‌ریان، ڕق و تۆڵه‌ و به‌ڵا‌. به‌ فریشته‌ی له‌ناوبه‌ر ناردی.
50 ڕێگای بۆ تووڕه‌یی خۆی خۆشكرد. مه‌رگی لێ‌ نه‌گێڕانه‌وه‌. به‌ڵكو ژیانیانی تووشی ده‌رد‌ كرد.
51 له‌ هه‌موو نۆبه‌ره‌كانی میسڕی دا. له‌ یه‌كه‌م ده‌ركه‌وتنی هێزی دا له‌ وڵاتی حام.
52 ئینجا وه‌ک مه‌ڕ گه‌له‌كه‌ی به‌پێشدا، وه‌ک ڕان له‌ چۆڵه‌وانی ڕابه‌رێتی كردن.
53 ڕێنماییكردن بۆ دڵنیایی و نه‌ترسان، ترسیان نه‌ما. ده‌ریا به‌سه‌ر دوژمنه‌كانیاندا هاته‌وه‌یه‌ک.
54 بردنی بۆ سنووری پارسای. ئه‌و چیایه‌ی به‌ ده‌ستی ڕاستی به‌ده‌ستی هێنا.
55 نه‌ته‌وه‌كانی له‌ به‌رده‌م ده‌ركردن، میراتی به‌ گوریس بۆ دابه‌شكردن. هۆزه‌كانی ئیسڕائیلی له‌ خێوه‌ته‌كانیان نیشته‌جێكرد.
56 به‌ڵام خودای هه‌ره‌به‌رزیان تاقی كرده‌وه‌ و یاخی بوون. ئامۆژگارییه‌كانیان نه‌پاراست.
57 به‌ڵكو هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ و فێڵبازییان كرد. وه‌ک باپیرانیان له‌ ڕێ لایاندا. وه‌ک كه‌وانێكی چه‌وت.
58 به‌ به‌رزاییه‌كانیان په‌ستیان كرد، به‌ بته‌كانیان قینیان جۆشاند.
59 خودا ئه‌مه‌ی بیست، پڕ تووڕه‌یی بوو. به‌ ته‌واوی ئیسڕائیلی ڕه‌تكرده‌وه‌.
60 نشینگه‌ی شیلۆی جێهێشت، ئه‌و چادره‌ی له‌نێو خه‌ڵک هه‌ڵیدابوو.
61 سه‌ربه‌رزیی خۆی دایه‌ ده‌ست. شكۆمه‌ندی خۆی دایه‌ ده‌ست ناحه‌زه‌كانی.
62 گه‌لی خۆی خسته‌ به‌رده‌می شمشێر، له‌ میراته‌كه‌ی تووڕه‌ بوو.
63 لاوه‌كانیان ئاگر قووتی دان، كچه‌كانیان هه‌ڵهه‌ڵه‌یان لێ نه‌دا.
64 كاهینه‌كانیان به‌ شمشێر كه‌وتن، بێوه‌ژنه‌كانیان شیوه‌نیان نه‌گێڕا.
65 ئه‌وسا په‌روه‌ردگار وه‌ک خه‌وتوویه‌ک هه‌ستا، وه‌ک پاڵه‌وانێک له‌ سه‌رخۆشی مه‌ی هاوار بكات.
66 له‌ دوژمنه‌كانی دا بۆ دواوه‌. كردنی به‌ ڕیسوایی هه‌میشه‌یی.
67 خێوه‌تی یۆسپی ڕه‌تكرده‌وه‌، هۆزی ئه‌فڕایمی هه‌ڵنه‌بژارد.
68 به‌ڵكو هۆزی ئیهوودی هه‌ڵبژارد، كێوی سیهیۆن كه‌ خۆشی ده‌وێت.
69 وه‌ک به‌رزاییه‌كان پارساگای خۆی بنیاد نا. وه‌ک زه‌وی تاهه‌تایه‌ چه‌سپاندی.
70 داویدی‌ به‌نده‌ی خۆی هه‌ڵبژارد، له‌نێو مێگه‌لی مه‌ڕ ده‌ریهێنا.
71 له‌دوای مه‌ڕه‌ شیرده‌ره‌كانه‌وه‌ هێنای، بۆ ئه‌وه‌ی ببێ‌ به‌ شوانی یاقووی گه‌لی خۆی، ئیسڕائیلی میراتگری خۆی.
72 ئه‌ویش به‌ ته‌واویی دڵ به‌خێوی كردن. به‌ ده‌ستێكی كارامه‌ ئاراسته‌ی كردن.

دیاریکراوەکانی ئێستا:

په‌سنییه‌كان 78: PNTZS

بەرچاوکردن

هاوبەشی بکە

لەبەرگرتنەوە

None

دەتەوێت هایلایتەکانت بپارێزرێت لەناو ئامێرەکانتدا> ? داخڵ ببە