لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

زەبوورەکان 1:71-24

زەبوورەکان 1:71-24 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

ئه‌ی په‌روه‌ردگار، په‌نام به‌ تۆ برد، هه‌رگیز شه‌رمه‌زار نابم. به‌ دادپه‌روه‌ریت فریام بكه‌وه‌ و ده‌ربازم بكه‌. گوێم بۆ ڕاگره‌ و ڕزگارم بكه‌. بۆم ببه‌ به‌ تاشه‌به‌ردی په‌نا، هه‌میشه‌ په‌نای بۆ ببه‌م. فه‌رمانی ڕزگاریم بده‌، چونكه‌ تۆ تاشه‌به‌ردی منیت، تۆ قه‌ڵای منیت. خودایه‌ له‌ ده‌ستی به‌دكاران، له‌ چه‌پۆكی به‌دكاران و سته‌مكاران ده‌ربازم بكه‌. چونكه‌ تۆ هیوای منیت ئه‌ی په‌روه‌ردگاری باڵاده‌ستم، له‌ گه‌نجییه‌وه‌ پشتوپه‌نای منیت. له‌ سكی دایكمه‌وه‌ پشتم به‌ تۆ به‌ستووه‌، تۆ بووی له‌ هه‌ناوی دایكمه‌وه‌ ده‌رتهێنام، ستایشم هه‌میشه‌ بۆ تۆیه‌. بووم به‌ په‌ند له‌لای زۆر كه‌س، به‌ڵام تۆ په‌ناگای به‌هێزی منیت. ده‌مم پڕه‌ له‌ ستایشی تۆ، له‌ شكۆداركردنت به‌ درێژایی ڕۆژ. له‌ كاتی پیری فڕێم مه‌ده‌. كه‌ هێزم له‌به‌ر نه‌ما وازم لێ مه‌هێنه‌. چونكه‌ دوژمنه‌كانم قسه‌م له‌سه‌ر ده‌كه‌ن، ئه‌وانه‌ی چاوه‌ڕێی كوشتنم ده‌كه‌ن، پێكه‌وه‌ پیلان ده‌گێڕن. ده‌ڵێن: “خودا وازی لێ‌ هێناوه‌. ڕاوی بنێن و بیگرن، چونكه‌ ده‌ربازكه‌ری نییه‌”. خودایه‌ لێم دوور مه‌كه‌وه‌. خودایه‌ زوو بگه‌ فریام. با شه‌رمه‌زار بن و له‌ناوبچن ئه‌وانه‌ی سكاڵام لێده‌كه‌ن، با به‌ ڕیسوایی و سووكایه‌تی بپۆشرێن ئه‌وانه‌ی خراپه‌ی منیان ده‌وێت. به‌ڵام من هه‌میشه‌ هه‌ر به‌ هیوام، تا دێت زیاتر ستایشت ده‌كه‌م. ده‌مم باسی دادپه‌روه‌ریت ده‌كات، به‌ درێژایی ڕۆژ باسی ڕزگاریت ده‌كات، چونكه‌ نازانم چه‌ندن. دان به‌ پاڵه‌وانێتی په‌روه‌ردگاری باڵاده‌ستم ده‌نێم. ته‌نها چاكخوازیی تۆ ده‌هێنمه‌وه‌ یاد. خودایه‌ له‌ سه‌رده‌می گه‌نجییه‌وه‌ فێرت كردووم، تا ئێستا كرده‌وه‌ سه‌رسوڕهێنه‌ره‌كانت ڕاده‌گه‌یه‌نم. خودایه‌ له‌ پیری و ڕیش سپێتیم، وازم لێ‌ مه‌هێنه‌، تا توانات ڕابگه‌ێنم بۆ نه‌وه‌ی داهاتوو، هێزت بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی دێن. خودایه‌ چاكخوازیت تا به‌رزاییه‌، ئه‌وه‌ی تۆ كردت زۆر مه‌زنه‌، خودایه‌ كێ‌ وه‌ک تۆیه‌؟ تۆ بووی ته‌نگانه‌ی زۆر و تاڵت پیشانداین، ده‌گه‌ڕێیته‌وه‌ و زیندوومان ده‌كه‌یته‌وه‌، له‌ ناخی زه‌وییه‌وه‌ دووباره‌ به‌رزمان ده‌كه‌یته‌وه‌. مه‌زنیم زیاتر ده‌كه‌یت، ده‌گه‌ڕێیته‌وه‌ و دڵنه‌واییم ده‌كه‌یت. منیش به‌ ڕه‌بابه‌ سوپاسی ڕه‌وای تۆی ده‌كه‌م، خودایه‌. به‌ عووده‌وه په‌سنیت بۆ ده‌ڵێم، ئه‌ی پارسای ئیسڕائیل. لێوه‌كانم شادمان ده‌بن، كه‌ په‌سنیت بۆ ده‌ڵێم، هه‌روه‌ها گیانم، ئه‌وه‌ی كه‌ كڕیته‌وه‌، زمانیشم به‌ درێژایی ڕۆژ باسی چاكخوازیت ده‌كات، چونكه‌ شه‌رمه‌زار و سووک بوون، ئه‌وانه‌ی گیانی منیان ده‌وێت.

زەبوورەکان 1:71-24 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

ئەی یەزدان، من پەنا دەبەمە بەر تۆ، با هەرگیز شەرمەزار نەبم، بە ڕاستودروستی خۆت فریام بکەوە و دەربازم بکە. گوێم بۆ ڕاگرە و ڕزگارم بکە. بۆم ببە بە تاشەبەردی پەنا، هەمیشە پەنای بۆ ببەم. فەرمانی ڕزگاریی من بدە، چونکە تۆ تاشەبەردی منیت، تۆ قەڵای منیت. ئەی خودای من، لە دەستی بەدکاران، لە چەپۆکی خراپەکاران و زۆرداران دەربازم بکە. ئەی یەزدانی باڵادەستم، تۆ هیوای منیت، لە گەنجییەوە پشتوپەنای منیت. لە سکی دایکمەوە پشتم بە تۆ بەستووە، تۆ بووی لە هەناوی دایکمەوە دەرتهێنام، ستایشم هەمیشە بۆ تۆیە. بووم بە پەند لەلای زۆر کەس، بەڵام تۆ پەناگای بەهێزی منیت. دەمم پڕە لە ستایشی تۆ، لە شکۆدارکردنت بە درێژایی ڕۆژ. لە کاتی پیری فڕێممەدە، کە هێزم لەبەر نەما وازم لێ مەهێنە، چونکە دوژمنەکانم قسەم لەسەر دەکەن، ئەوانەی چاوەڕێی کوشتنم دەکەن، پێکەوە تەگبیر دەکەن. دەڵێن: «خودا وازی لێ هێناوە، ڕاوی بنێن و بیگرن، چونکە دەربازکەری نییە.» خودایە، لێم دوور مەکەوە، ئەی خودای من، زوو بگە فریام. با شەرمەزار بن و لەناوبچن، ئەوانەی سکاڵام لێ دەکەن، با بە ڕیسوایی و سووکایەتی بپۆشرێن، ئەوانەی خراپەی منیان دەوێت. بەڵام من هەمیشە هیوادارم، هەتا دێت زیاتر ستایشت دەکەم. دەمم باسی ڕاستودروستیت دەکات، بە درێژایی ڕۆژ باسی ڕزگاریت دەکات، هەرچەندە پێوانەکەی نازانم. دان بە پاڵەوانیێتی یەزدانی باڵادەستم دەنێم، تەنها ڕاستودروستی تۆ دەهێنمەوە یاد. خودایە، لە سەردەمی گەنجییەوە فێرت کردووم، هەتا ئێستا کارە سەرسوڕهێنەرەکانت ڕادەگەیەنم. خودایە، تەنانەت لە پیری و ڕیش سپیێتیشم، وازم لێ مەهێنە، هەتا توانات بۆ نەوەی داهاتوو ڕابگەیەنم، هێزت بۆ هەموو ئەوانەی دێن. خودایە، ڕاستودروستیت هەتا بەرزاییە، کردارەکانت زۆر مەزنن. ئەی خودایە، کێ وەک تۆیە؟ تۆ تەنگانەی زۆر و تاڵت پیشاندام، بەڵام دەگەڕێیتەوە و زیندووم دەکەیتەوە، لە ناخی زەوییەوە دووبارە بەرزم دەکەیتەوە. مەزنێتیم زیاتر دەکەیت، دەگەڕێیتەوە و دڵنەواییم دەکەیت. ئەی خودای من، لە پێناوی دڵسۆزیت بە ساز ستایشت دەکەم، ئەی پیرۆزەکەی ئیسرائیل، بە قیسارەوە مۆسیقات بۆ دەژەنم. لێوەکانم هەلهەلە لێدەدەن، کە گۆرانیت بۆ دەڵێم، هەروەها گیانم، ئەوەی کە کڕیتەوە. زمانیشم بە درێژایی ڕۆژ باسی ڕاستودروستیت دەکات، چونکە شەرمەزار و سووک بوون، ئەوانەی خراپەی منیان دەوێت.