لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

زەبوورەکان 9:59-17

زەبوورەکان 9:59-17 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

ئه‌ی هێزی من، چاوه‌ڕێی تۆ ده‌كه‌م، خودایه‌، تۆ قه‌ڵای منیت. خودا به‌ میهره‌بانیه‌كه‌ی دێته‌ لام، خودا سه‌ركه‌وتنم نیشان ده‌دات به‌سه‌ر دوژمنه‌كانم. ئه‌ی په‌روه‌ردگار، قه‌ڵغانی ئێمه‌، مه‌یانكوژه‌، ئه‌گینا گه‌لی من له‌بیریان ده‌چێت. به‌ هێزی خۆت وێڵ و سه‌رگه‌ردیان بكه‌ و بیانكه‌وێنه‌. له‌به‌ر گوناهه‌كانی ده‌میان، له‌به‌ر وته‌كانی لێویان، با گرفتاری لووت به‌رزی خۆیان بن، له‌به‌ر ئه‌و درۆ و نه‌فره‌تانه‌ی كه‌ باسی ده‌كه‌ن. له‌ تووڕه‌ییدا بیانفه‌وتێنه‌، بیانفه‌وتێنه‌ تا نامێنن. ئه‌وسا ده‌زانن كه‌ خودا فه‌رمانڕه‌وایی یاقوو ده‌كات، تا ئه‌وپه‌ڕی زه‌وی. سیلاه‌. ده‌مه‌و ئێواران ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌، وه‌ک سه‌گ ده‌مڕێنن و به‌نێو شاردا ده‌سووڕێنه‌وه‌. به‌دوای خواردندا وێڵ ده‌بن، ده‌وه‌ڕن ئه‌گه‌ر تێر نه‌بن. به‌ڵام من گۆرانی بۆ هێزی تۆ ده‌ڵێم، به‌یانیان په‌سنی بۆ میهره‌بانیه‌كه‌ت ده‌ڵێم، چونكه‌ تۆ قه‌ڵای منیت، له‌ ڕۆژی ته‌نگانه‌دا په‌ناگای منیت. ئه‌ی هێزی من، په‌سنیت بۆ ده‌ڵێم، تۆ خودایه‌، قه‌ڵای منیت، خوداوه‌ندی میهره‌بانیت بۆ من.

زەبوورەکان 9:59-17 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

ئەی هێزی من، چاوەڕێی تۆ دەکەم، ئەی خودایە، تۆ پەناگای منیت. خودا بە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی دێتە لام، سەرکەوتنم نیشان دەدات بەسەر دوژمنەکانم. ئەی پەروەردگار، قەڵغانی ئێمە، مەیانکوژە، ئەگینا گەلی من لەبیریان دەچێت. بە هێزی خۆت دەربەدەریان بکە و بەریان بدەوە. لەبەر گوناهەکانی دەمیان، لەبەر وتەکانی لێویان، با گرفتاری لووتبەرزی خۆیان بن. لەبەر ئەو درۆ و نەفرەتانەی کردوویانە، لە تووڕەییدا بیانفەوتێنە، بیانفەوتێنە هەتا نەمێنن. ئەوسا دەزانن کە خودا فەرمانڕەوایەتی یاقوب دەکات، هەتا ئەوپەڕی زەوی. دەمەو ئێواران دەگەڕێنەوە، وەک سەگ دەمڕێنن و بەناو شاردا دەسووڕێنەوە. بەدوای خواردندا وێڵ دەبن، دەوەڕن ئەگەر تێر نەبن. بەڵام من سروود بەسەر هێزی تۆدا دەڵێم، بەیانییان گۆرانی بەسەر خۆشەویستییە نەگۆڕەکەتدا دەڵێم، چونکە تۆ قەڵای منیت، لە ڕۆژی تەنگانەدا پەناگای منیت. ئەی هێزی من، گۆرانی ستایشت بۆ دەڵێم، ئەی خودایە، تۆ پەناگای منیت، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی خۆتم بۆ دەردەخەی.