لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

زەبوورەکان 1:59-17

زەبوورەکان 1:59-17 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

خودایه‌، فریام بكه‌وه‌ له‌ ده‌ست دوژمنه‌كانم. بمپارێزه‌ له‌ به‌رهه‌ڵستكارانم. ده‌ربازم بكه‌ له‌ ده‌ست خراپه‌كاران، ڕزگارم بكه‌ له‌ ده‌ست خوێن ڕێژ. چونكه‌ خۆیان مات داوه‌ بۆم. ئه‌ی په‌روه‌ردگار، به‌هێزه‌كان گه‌مارۆیان داوم، به‌بێ ئه‌وه‌ی تاوانم كردبێ. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هیچ هه‌ڵه‌یه‌كم نه‌كردووه‌، خۆیان ئاماده‌كردووه‌ بۆ په‌لاماردانم. ڕاپه‌ڕه‌ بۆ فریاكه‌وتنم، بڕوانه‌ گرفته‌كه‌م! تۆ ئه‌ی په‌روه‌ردگار، خودای سوپاسالار، خوداوه‌ندی ئیسڕائیل، هه‌سته‌ بۆ سزادانی هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان. له‌گه‌ڵ خیانه‌تكاره‌ به‌دكاره‌كان میهره‌بان مه‌به‌. سیلاه‌. ده‌مه‌و ئێوران ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌، وه‌ک سه‌گ ده‌مڕێنن و به‌نێو شاردا ده‌سووڕێنه‌وه‌. ئه‌وه‌تا تاڵاو له‌ده‌میانه‌ و شمشێر له‌ لێویانه‌، ده‌ڵێن: “كێ‌ ده‌مانبیستێت؟” به‌ڵام تۆ ئه‌ی په‌روه‌ردگار، پێیان پێده‌كه‌نیت، گاڵته‌ به‌ هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان ده‌كه‌یت. ئه‌ی هێزی من، چاوه‌ڕێی تۆ ده‌كه‌م، خودایه‌، تۆ قه‌ڵای منیت. خودا به‌ میهره‌بانیه‌كه‌ی دێته‌ لام، خودا سه‌ركه‌وتنم نیشان ده‌دات به‌سه‌ر دوژمنه‌كانم. ئه‌ی په‌روه‌ردگار، قه‌ڵغانی ئێمه‌، مه‌یانكوژه‌، ئه‌گینا گه‌لی من له‌بیریان ده‌چێت. به‌ هێزی خۆت وێڵ و سه‌رگه‌ردیان بكه‌ و بیانكه‌وێنه‌. له‌به‌ر گوناهه‌كانی ده‌میان، له‌به‌ر وته‌كانی لێویان، با گرفتاری لووت به‌رزی خۆیان بن، له‌به‌ر ئه‌و درۆ و نه‌فره‌تانه‌ی كه‌ باسی ده‌كه‌ن. له‌ تووڕه‌ییدا بیانفه‌وتێنه‌، بیانفه‌وتێنه‌ تا نامێنن. ئه‌وسا ده‌زانن كه‌ خودا فه‌رمانڕه‌وایی یاقوو ده‌كات، تا ئه‌وپه‌ڕی زه‌وی. سیلاه‌. ده‌مه‌و ئێواران ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌، وه‌ک سه‌گ ده‌مڕێنن و به‌نێو شاردا ده‌سووڕێنه‌وه‌. به‌دوای خواردندا وێڵ ده‌بن، ده‌وه‌ڕن ئه‌گه‌ر تێر نه‌بن. به‌ڵام من گۆرانی بۆ هێزی تۆ ده‌ڵێم، به‌یانیان په‌سنی بۆ میهره‌بانیه‌كه‌ت ده‌ڵێم، چونكه‌ تۆ قه‌ڵای منیت، له‌ ڕۆژی ته‌نگانه‌دا په‌ناگای منیت. ئه‌ی هێزی من، په‌سنیت بۆ ده‌ڵێم، تۆ خودایه‌، قه‌ڵای منیت، خوداوه‌ندی میهره‌بانیت بۆ من.

زەبوورەکان 1:59-17 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

ئەی خودای من، فریام بکەوە لە دەست دوژمنەکانم، بمپارێزە لە بەرهەڵستکارانم. فریام بکەوە لە دەست خراپەکاران، ڕزگارم بکە لە دەست خوێنڕێژان. ببینە چۆن خۆیان بۆم مات داوە! ئەی یەزدان، زۆرداران گەمارۆیان داوم، بەبێ ئەوەی تاوان و گوناهم کردبێ. هەرچەندە هەڵەم نەکردووە، ئامادەن بۆ پەلاماردانم. ڕاپەڕە بۆ فریاکەوتنم، بڕوانە گرفتەکەم! تۆ ئەی یەزدان، خودای سوپاسالار، خودای ئیسرائیل، هەستە بۆ سزادانی هەموو نەتەوەکان، لەگەڵ خیانەتکارە بەدکارەکان میهرەبان مەبە. دەمەو ئێواران دەگەڕێنەوە، وەک سەگ دەمڕێنن و بەناو شاردا دەسووڕێنەوە. ئەوەتا تاڵاو لە دەمیانە و شمشێر لە لێویانە، دەڵێن: «کێ گوێی لێمان دەبێت؟» بەڵام تۆ ئەی یەزدان، پێیان پێدەکەنیت، گاڵتە بە هەموو نەتەوەکان دەکەیت. ئەی هێزی من، چاوەڕێی تۆ دەکەم، ئەی خودایە، تۆ پەناگای منیت. خودا بە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی دێتە لام، سەرکەوتنم نیشان دەدات بەسەر دوژمنەکانم. ئەی پەروەردگار، قەڵغانی ئێمە، مەیانکوژە، ئەگینا گەلی من لەبیریان دەچێت. بە هێزی خۆت دەربەدەریان بکە و بەریان بدەوە. لەبەر گوناهەکانی دەمیان، لەبەر وتەکانی لێویان، با گرفتاری لووتبەرزی خۆیان بن. لەبەر ئەو درۆ و نەفرەتانەی کردوویانە، لە تووڕەییدا بیانفەوتێنە، بیانفەوتێنە هەتا نەمێنن. ئەوسا دەزانن کە خودا فەرمانڕەوایەتی یاقوب دەکات، هەتا ئەوپەڕی زەوی. دەمەو ئێواران دەگەڕێنەوە، وەک سەگ دەمڕێنن و بەناو شاردا دەسووڕێنەوە. بەدوای خواردندا وێڵ دەبن، دەوەڕن ئەگەر تێر نەبن. بەڵام من سروود بەسەر هێزی تۆدا دەڵێم، بەیانییان گۆرانی بەسەر خۆشەویستییە نەگۆڕەکەتدا دەڵێم، چونکە تۆ قەڵای منیت، لە ڕۆژی تەنگانەدا پەناگای منیت. ئەی هێزی من، گۆرانی ستایشت بۆ دەڵێم، ئەی خودایە، تۆ پەناگای منیت، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی خۆتم بۆ دەردەخەی.