لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

زەبوورەکان 1:44-26

زەبوورەکان 1:44-26 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

خودایه‌ به‌ گوێی خۆمان بیستمان. باوباپیرانمان پێیان ڕاگه‌یاندین تۆ له‌ ڕۆژگاری ئه‌وان، له‌ ڕۆژگاری كۆندا چیت كردووه‌. به‌ ده‌ستی خۆت نه‌ته‌وه‌كانت ڕیشه‌كێش كرد و باوباپیرانی ئێمه‌ت چاند. گه‌لانت وردوخاش كرد و گه‌شه‌ت به‌ باوباپیرانمان دا. ئه‌وان به‌ شمشێری خۆیان ده‌ستیان به‌سه‌ر زه‌ویدا نه‌گرت، به‌ بازووی خۆیان سه‌ركه‌وتنیان به‌ده‌ست نه‌هێنا. به‌ڵكو ده‌سته‌ ڕاست و بازوو و ڕووناكی ڕوخساری تۆ بوو، چونكه‌ لێیان ڕازی بوویت. تۆ پاشاى منیت خودایه‌، تۆی فه‌رمانی ڕزگاری ده‌ده‌یت بۆ یاقوو. به‌هۆی تۆوه‌ دوژمنه‌كانمان ده‌به‌زێنین. به‌ ناوی تۆوه‌ ناحه‌زه‌كانمان پێشێل ده‌كه‌ین. من پشت به‌ كه‌وانه‌كه‌م نابه‌ستم، شمشێره‌كه‌م ڕزگارم ناكات. چونكه‌ تۆ له‌دوژمنه‌كانمان ڕزگارت كردین، ناحه‌زه‌كانمانت ڕیسوا كرد. به‌ درێژایی ڕۆژ شانازی به‌ خوداوه‌ ده‌كه‌ین، تاهه‌تایه‌ ستایشی ناوت ده‌كه‌ین. سیلاه‌. به‌ڵام ئێستا ڕه‌تت كردینه‌وه‌ و شه‌رمه‌زارت كردین، له‌گه‌ڵ سه‌ربازه‌كانمان ده‌رناچیت. وات لێكردین له‌به‌ر دوژمنه‌كانمان ڕابكه‌ین، دوژمنه‌كانمان تاڵانیان كردین. وه‌ک كاوڕ بۆ خواردن به‌ده‌سته‌وه‌ت داین، په‌رش و بڵاوی نێو نه‌ته‌وه‌كانت كردینه‌وه‌. گه‌لی خۆتت به‌خۆڕایی فرۆشت، قازانجت له‌ فرۆشتنه‌كه‌یان نه‌كردووه‌. ئێمه‌ت كردووه‌ به‌ مایه‌ی ڕیسوایی لای هاوسێكانمان، به‌ مایه‌ی گاڵته‌جاڕی و سووكایه‌تی پێكردن لای ئه‌وانه‌ی ده‌وروبه‌رمان. ئێمه‌ت كردووه‌ به‌ په‌ندی نه‌ته‌وه‌كان، خه‌ڵكی سه‌ریان ده‌له‌قێنن له‌ ئاستمان. شه‌رمه‌زاریم به‌ درێژایی ڕۆژ له‌ پێشمه‌، ڕیسواییم ڕووی داپۆشیوم. له‌به‌ر ده‌نگی توانج لێده‌ر و جنێو پێده‌رم، له‌ ڕووی دوژمن و تۆڵه‌سێنه‌ر. ئه‌مانه‌مان هه‌مووی به‌سه‌ر هاتووه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا تۆمان له‌بیر نه‌كردووه‌، په‌یمانی تۆمان نه‌شكاندووه‌. دڵمان پاشگه‌ز نه‌بووه‌ته‌وه‌، پێیه‌كانمان ڕێگای تۆیان به‌رنه‌داوه‌. به‌ڵام تۆ وردوخاشت كردین و ئێمه‌ت كرد به‌ جێگای چه‌قه‌ڵ، به‌ سێبه‌ری مه‌رگ داتپۆشین. ئه‌گه‌ر ناوی خودای خۆمان له‌بیركردایه‌، یان ده‌ستمان له‌به‌ر خودایه‌كی بیانی پان بكردایه‌وه‌، ئایا لای خودا ئاشكرا نه‌ده‌بوو؟ چونكه‌ هه‌موو نهێنیه‌كانی دڵ ده‌زانی. چونكه‌ ئێمه‌ له‌ پێناوی تۆ به‌ درێژایی ڕۆژ ڕووبه‌ڕووی مه‌رگ ده‌بینه‌وه‌. وه‌ک مه‌ڕ بۆ سه‌ربڕین داده‌نرێین. ئه‌ی په‌روه‌ردگار به‌ ئاگابه‌! بۆ خه‌واڵوو بوویت‌؟ هه‌سته‌! تاهه‌تایه‌ وازمان لێ مه‌هێنه‌. بۆچی ڕووی خۆتمان لێ‌ ده‌شاریته‌وه‌ و ته‌نگانه‌ و چه‌وسانه‌وه‌مان له‌بیرده‌كه‌یت؟ گیانمان به‌ره‌و زه‌وی شۆڕ بووه‌ته‌وه‌. سكمان به‌ زه‌وییه‌وه‌ لكاوه‌. ڕاپه‌ڕه‌، بگه‌ فریامان، له‌به‌ر میهره‌بانیه‌كه‌ت بمانكڕه‌وه‌.

زەبوورەکان 1:44-26 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

خودایە، بە گوێی خۆمان بیستمان، باوباپیرانمان پێیان ڕاگەیاندین، تۆ لە ڕۆژگاری ئەوان، لە ڕۆژگاری کۆن چیت کردووە. بە دەستی خۆت نەتەوەکانت ڕیشەکێش کرد و باوباپیرانی ئێمەت چاند، گەلانت وردوخاش کرد و گەشەت بە باوباپیرانمان دا. ئەوان بە شمشێری خۆیان دەستیان بەسەر خاکەکەدا نەگرت، بە بازووی خۆیان سەرکەوتنیان بەدەست نەهێنا، بەڵکو دەستی ڕاستی تۆ بوو، بازووی تۆ بوو، هەروەها ڕووناکی ڕوخساری تۆ بوو، چونکە ئەوانت خۆشویست. تۆ پاشا و خودای منی، تۆی فەرمانی ڕزگاری دەدەیت بۆ یاقوب. لە ڕێگەی تۆوە دوژمنەکانمان دەبەزێنین، بە ناوی تۆوە ناحەزەکانمان پێشێل دەکەین. من پشت بە کەوانەکەم نابەستم، شمشێرەکەم ڕزگارم ناکات. بەڵام تۆ لە دوژمنەکانمان ڕزگارت کردین، تۆ ناحەزەکانی ئێمەت ڕیسوا کرد. بە درێژایی ڕۆژ شانازی بە خوداوە دەکەین، هەتاهەتایە ستایشی ناوت دەکەین. بەڵام ئێستا وازت لێ هێناوین و ڕیسوات کردین، لەگەڵ سوپاکانمان دەرناچیت. وات لێکردین لەبەر دوژمنەکانمان ڕابکەین، ناحەزەکانمان تاڵانیان کردین. وەک مەڕ بۆ سەربڕین بەدەستەوەت داین، لەنێو نەتەوەکان پەرشوبڵاوت کردینەوە. گەلی خۆتت هەرزان فرۆش کردووە، قازانجت لە فرۆشتنەکەیان نەکردووە. لەلای نەتەوەکانی دراوسێمان ئێمەت کردووە بە مایەی ڕیسوایی، بە مایەی گاڵتەجاڕی و سووکایەتی پێکردن لەلای ئەوانەی دەوروبەرمان. ئێمەت کردووە بە پەندی نەتەوەکان، خەڵکی سەریان بادەدەن لە ئاستمان. ڕیسواییم بە درێژایی ڕۆژ لەپێشمە، شەرمەزاریم ڕووی داپۆشیوم، لەبەر دەنگی توانج لێدەر و جنێو پێدەرم، لە ڕووی دوژمن و تۆڵەسێنەر. ئەمانەمان هەمووی بەسەرهاتووە، لەگەڵ ئەوەشدا تۆمان لەبیر نەکردووە، پەیمانی تۆمان نەشکاندووە. دڵمان پاشگەز نەبووەتەوە، پێیەکانمان ڕێگای تۆیان بەرنەداوە. بەڵام تۆ وردوخاشت کردین و ئێمەت کردە جێگای چەقەڵ، بە سێبەری مەرگ داتپۆشین. ئەگەر ناوی خودای خۆمان لەبیر بکردایە، یان دەستمان لەبەر خوداوەندێکی بیانی پان بکردایەوە، ئایا لەلای خودا ئاشکرا نەدەبوو، چونکە هەموو نهێنییەکانی دڵ دەزانێت؟ لەگەڵ ئەمەشدا لە پێناوی تۆ بە درێژایی ڕۆژ ڕووبەڕووی مردن دەبینەوە، وەک مەڕ بۆ سەربڕین دادەنرێین. ئەی پەروەردگار، بەئاگا بە! بۆ خەواڵوو بوویت؟ هەستە! هەتاهەتایە وازمان لێمەهێنە! بۆچی ڕووی خۆتمان لێ دەشاریتەوە؟ بۆچی تەنگانە و چەوسانەوەمان لەبیردەکەیت؟ گیانمان بەرەو خاک شۆڕ بووەتەوە، سکمان بە زەوییەوە نووساوە. ڕاپەڕە! بگە فریامان! لەبەر خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت بمانکڕەوە.