لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

زەبوورەکان 1:40-8

زەبوورەکان 1:40-8 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

به‌ پشوودرێژیه‌وه‌ چاوه‌ڕێی په‌روه‌ردگارم كرد، ئاوڕی لێ‌ دامه‌وه‌ و گوێی له‌ هاوارم بوو. له‌نێو چاڵی له‌ناوچوون هه‌ڵیكێشامه‌ ده‌ره‌وه‌، له‌ نێو قوڕ و زه‌لكاو ده‌ری هێنام. پێیه‌كانمی له‌سه‌ر تاشه‌به‌رد دانا. هه‌نگاوه‌كانمی جێگیر كرد. په‌سنییه‌كی نوێی خسته‌ نێو ده‌مم، ستایشێک بۆ خوداوه‌ندمان. زۆر كه‌س ئه‌مه‌ ده‌بینن و ده‌ترسن، پشت به‌ په‌روه‌ردگار ده‌به‌ستن. به‌خته‌وه‌ری بۆ ئه‌و كه‌سه‌ی پشت به‌ په‌روه‌ردگار ده‌به‌ستێت، ڕوو له‌ لووتبه‌رزان ناكات، له‌وانه‌ی ڕوویان وه‌رگێڕاوه‌ به‌ره‌و درۆ. ئه‌ی په‌روه‌ردگار خودایه‌، زۆرن ئه‌و كاره‌ سه‌رسوڕهێنانه‌ی كه‌ كردووته‌. ئه‌و شتانه‌ی بۆ ئێمه‌ نه‌خشه‌ت كێشاوه‌ كه‌س ناتوانێت بیانژمێرێت. ئه‌گه‌ر باسیان بكه‌م و بیانگێڕمه‌وه‌، ئه‌وه‌نده‌ زۆرن نایه‌نه‌ ژماردن. به‌ قوربانی و پێشكه‌شكراو ڕازی نه‌بوویت. به‌ڵكو گوێی منت كرده‌وه‌. داوای قوربانیی سووتاندن و قوربانیی گوناهت نه‌كرد. ئینجا وتم: “ئه‌وه‌تا هاتم وه‌ک له‌و سیپاره‌ی پێچراو له‌سه‌رم نووسراوه: خودایه،‌ شادومانیم له‌وه‌دایه‌ كه‌ خواستی تۆ جێبه‌جێ‌ بكه‌م، ته‌وراته‌كه‌ت له‌ ناخی دڵی مندایه‌”.

زەبوورەکان 1:40-8 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

بە پشوودرێژییەوە چاوەڕێی یەزدانم کرد، ئاوڕی لێ دامەوە و گوێی لە هاوارم بوو. لەناو چاڵی لەناوچوون هەڵیکێشامە دەرەوە، لەناو قوڕ و زەلکاو دەریهێنام. پێیەکانمی لەسەر تاشەبەرد دانا و هەنگاوەکانی منی توندوتۆڵ کرد. گۆرانییەکی نوێی خستە ناو دەمم، سروودێکی ستایش بۆ خودامان. زۆر کەس ئەمە دەبینن و دەترسن و پشت بە یەزدان دەبەستن. خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی پشت بە یەزدان دەبەستێت، ڕوو لە لووتبەرزان ناکات، لەوانەی ڕوویان وەرگێڕاوە بەرەو درۆ. ئەی یەزدان، خودای من، زۆرن ئەو کارە سەرسوڕهێنەرانەی کە کردووتە. ئەو شتانەی بۆ ئێمە نەخشەت کێشاوە کەس ناتوانێت بیانژمێرێت بۆت، ئەگەر باسیان بکەم و بیانگێڕمەوە، ئەوەندە زۆرن نایەنە ژماردن. بە قوربانی و پێشکەشکراو ڕازی نەبوویت، بەڵکو گوێی منت کردەوە، داوای قوربانی سووتاندن و قوربانی گوناهت نەکرد. ئینجا گوتم: «ئەوەتا هاتم، هەروەک لە تۆمارەکەدا لەسەرم نووسراوە. ئەی خودای من، شادمانیم لەوەدایە کە خواستی تۆ بەجێبهێنم، فێرکردنی تۆ لە ناخی دڵمدایە.»