لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

زەبوورەکان 1:36-12

زەبوورەکان 1:36-12 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

جاڕنامه‌یه‌ک له‌ ناخی دڵمه‌وه‌ ده‌رباره‌ی یاخیبوونی به‌دكار: ترسی خودا له‌به‌رچاوی نییه‌. چونكه‌ به‌ به‌رچاوی خۆیه‌وه‌ خۆی ده‌ڕازێنێته‌وه‌، تا گوناهی خۆی هه‌ستی پێ بكات‌ و ڕقی لێ بێته‌وه‌. قسه‌ی ده‌می تاوان و فێڵه‌. ده‌ستبه‌رداری وریای و چاكی بووه‌. له‌نێو نوێنیش بیر له‌ پیلانی خراپه‌ ده‌كاته‌وه‌. خۆی ده‌خاته‌ سه‌ر ڕێگایه‌ک كه‌ باش نییه‌، هه‌ڵه‌ ڕه‌ت ناكاته‌وه‌. ئه‌ی په‌روه‌ردگار میهره‌بانیه‌كه‌ت ده‌گاته‌ ئاسمان، سه‌رڕاستیت ده‌گاته‌ هه‌وره‌كان. دادپه‌روه‌ریت وه‌ک چیاكانی خودایه‌، حوكمه‌كانت وه‌ک ده‌ریای قووڵه‌. ئه‌ی په‌روه‌ردگار تۆ مرۆڤ و ئاژه‌ڵه‌كانیش ڕزگارده‌كه‌یت. خودایه‌ میهره‌بانیه‌كه‌ت چه‌ند به‌نرخه‌! ئاده‌میزادان له‌ سێبه‌ری باڵه‌كانتدا په‌نا ده‌گرن. به‌ چه‌وریی ماڵه‌كه‌ت تێر ده‌بن، له‌ ڕووباری به‌خششت پێیان ده‌ده‌یت بنۆشن. چونكه‌ كانیی ژیان له‌لای تۆیه‌. به‌ ڕووناكی تۆ ئێمه‌ ڕووناكی ده‌بینین. به‌رده‌وامی بده‌ به‌ میهره‌بانیه‌كه‌ت بۆ ئه‌وانه‌ی ده‌تناسن، به‌ دادپه‌روریه‌كه‌ت بۆ ئه‌وانه‌ی دڵڕاستن. با نه‌كه‌ومه‌ ژێر پێی پیاوی لووتبه‌رز، ده‌ستی به‌دكاران نه‌مله‌قێنێت. له‌وێ به‌دكاران كه‌وتن. به‌زان و نه‌یانتوانی هه‌ستنه‌وه‌.

زەبوورەکان 1:36-12 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

جاڕنامەیەک لە ناخی دڵمە دەربارەی یاخیبوونی بەدکار: ترسی خودای لەبەرچاو نییە. بە ڕادەیەک خۆی دەڕازێنێتەوە کە خۆی هەست بە گوناهی خۆی ناکات و ڕقی لێ نابێتەوە. قسەی دەمی خراپە و تەفرەدانە، دەستبەرداری وریایی و چاکی بووە. تەنانەت لەناو نوێنیش بیر لە پیلانی خراپە دەکاتەوە، خۆی دەخاتە سەر ڕێگایەک کە باش نییە، هەڵە ڕەت ناکاتەوە. ئەی یەزدان، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت دەگاتە ئاسمان، دڵسۆزیت دەگاتە هەورەکان. ڕاستودروستییەکەت وەک چیا سەرکەشەکانە، دادپەروەرییەکەت وەک دەریا گەورەکەی ژێر زەوییە. ئەی یەزدان، تۆ مرۆڤ و ئاژەڵەکانیش ڕزگار دەکەیت. ئەی خودایە، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت چەند بەنرخە! ئادەمیزاد لەژێر سێبەری باڵەکانت پەنا دەگرن. بە چەوری ماڵەکەت تێر دەبن، تۆش پێیان دەدەیت لە ڕووباری خۆشییەکانت بنۆشن، چونکە کانی ژیان لەلای تۆیە، بە ڕووناکی تۆ ئێمە ڕووناکی دەبینین. با خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت بەردەوام بێت بۆ ئەوانەی دەتناسن، ڕاستودروستییەکەشت بۆ ئەوانەی دڵڕاستن. با نەکەومە ژێر پێی پیاوی لووتبەرز، دەستی بەدکاران وێڵم نەکات. ببینە بەدکاران چۆن دەڕووخێن، دەکەون و ناتوانن هەستنەوە!