لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

زەبوورەکان 1:35-28

زەبوورەکان 1:35-28 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

ئه‌ی په‌روه‌ردگار ململانێی ئه‌وانه‌ بكه‌ كه‌ ململانێم له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن. دژی ئه‌وانه‌ بجه‌نگه‌ كه‌ له‌دژی من ده‌جه‌نگن. سپه‌ر بپۆشه‌ و قه‌ڵغان هه‌ڵبگره‌، ڕاپه‌ڕه‌ و بگه‌ فریام. ڕم ئاڕاسته‌ بكه‌ و ته‌ور هه‌ڵبگره‌، له‌ ڕووی ئه‌وانه‌ی ڕاوم ده‌نێن. به‌ گیانم بڵێ‌: “من ڕزگاری تۆم”. با ڕیسوا و شه‌رمه‌زار بن ئه‌وانه‌ی هه‌وڵی كوشتنم ده‌ده‌ن، با به‌ره‌و پاش ببنه‌وه‌ و ڕیسوا بن ئه‌وانه‌ی پیلان داده‌نێن بۆ ڕاوكردنم. با وه‌ک كای به‌ر بایان لێ‌ بێت، فریشته‌ی په‌روه‌ردگار ڕایان بماڵێت. با ڕێگایان تاریک و خلیسک بێت، فریشته‌ی په‌روه‌ردگار ڕاویان بنێت. چونكه‌ به‌بێ‌ هۆ داویان بۆ نامه‌وه‌، به‌بێ‌ هۆ چاڵیان بۆ هه‌ڵكه‌ندم. با ماڵ وێرانی له‌ناكاو به‌سه‌ریاندا بدات، با به‌و داوه‌وه‌ بن كه‌ خۆیان ناویانه‌ته‌وه‌، با بكه‌ونه‌ ئه‌و ماڵوێرانیه‌. ئه‌وسا گیانم به‌ په‌روه‌ردگار شاد ده‌بێت، به‌ ڕزگارییه‌كه‌ی دڵخۆش ده‌بێت. هه‌موو ئێسقانه‌كانم ده‌ڵێن: “ئه‌ی په‌روه‌ردگار، كێ‌ وه‌ک تۆیه‌؟ تۆ داماو ده‌رباز ده‌كه‌یت له‌ ده‌ست ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌و به‌ هێزترن، هه‌ژار و نه‌بوون له‌ ده‌ست ئه‌وانه‌ی ده‌یانڕووتێننه‌وه‌”. گه‌واهیده‌ری درۆزن ڕاست ده‌بنه‌وه‌، پرسیاری شتی وا ده‌كه‌ن كه‌ ئاگام لێی نییه‌. به‌رامبه‌ر به‌ چاكه‌ خراپه‌م ده‌ده‌نه‌وه‌، گیانم به‌ بێكه‌سی جێده‌هێڵن. به‌ڵام كه‌ ئه‌وان نه‌خۆش ده‌كه‌وتن، گوشم ده‌پۆشی. خۆم ده‌ڕه‌نجاند به‌ ڕۆژوگرتن، كاتێ نوێژه‌كانم به‌بێ‌ وه‌ڵام ده‌گه‌ڕانه‌وه‌. وه‌ک ئه‌وه‌ی دۆست و برام بێت، پرسه‌دار بووم بۆی. وه‌ک ئه‌وه‌ی بۆ دایكم بلاوێنمه‌وه‌، له‌ خه‌فه‌تان سه‌رم دانه‌واندبوو. به‌ڵام كه‌ كه‌وتم، ئه‌وان به‌ خۆشییه‌وه‌ له‌ دژی من كۆبوونه‌وه‌، كه‌سانێک بێ ئه‌وه‌ی بیانناسم هێرشیان هێنایه‌ سه‌رم و به‌بێ‌ وه‌ستان ئابڕوویان بردم. وه‌ک خوانه‌ناسانی گاڵته‌جاڕ له‌ ده‌وره‌ی نان كۆببنه‌وه‌، ددانیان لێ‌ جیڕده‌كردمه‌وه‌. ئه‌ی په‌روه‌ردگار، تا كه‌ی ته‌ماشا ده‌كه‌یت؟ گیانم ده‌رباز بكه‌ له‌ ده‌ست تێكده‌رییان، ژیانم له‌و به‌چكه‌ شێرانه‌. له‌نێو كۆڕی گه‌وره‌ سوپاست ده‌كه‌م. له‌نێو گه‌لێكی مه‌زن ستایشت ده‌كه‌م. مه‌هێڵه‌ ئه‌وانه‌ شادبن پێم، كه‌ به‌بێ‌ هۆ بوونه‌ته‌ دوژمنم. مه‌هێڵه‌ ئه‌وانه‌ی به‌بێ‌ هۆ ڕقیان لێمه‌، به‌ مه‌كره‌وه‌ چاو له‌ یه‌ک دابگرن. ئه‌وانه‌ قسه‌ بۆ ئاشتی ناكه‌ن، به‌ڵكو تاوانی درۆ داده‌ڕێژن، دژ به‌وانه‌ی به‌ ئارامی ده‌ژین له‌سه‌ر زه‌وی. ده‌میان لێم ده‌كه‌نه‌وه‌ و ده‌ڵێن: “ئه‌ها! ئه‌ها! به‌ چاوی خۆمان بینیمان”. ئه‌ی په‌روه‌ردگار تۆ ئه‌مه‌ت بینی، بێده‌نگ مه‌به‌. ئه‌ی په‌روه‌ردگار دوور مه‌به‌ لێم. هه‌سته‌ و ڕاپه‌ڕه‌ بۆ دادم، بۆ مافم خودایه‌ و په‌روه‌ردگاری من. به‌پێی دادپه‌روه‌ریی خۆت بێ‌ تاوانم بكه‌، ئه‌ی په‌روه‌ردگار خودام، مه‌هێڵه‌ ئه‌وانه‌ پێم شادبن. مه‌هێڵه‌ له‌ دڵی خۆیان بڵێن: “ئه‌ها، ئه‌مه‌ مرازی ئێمه‌یه‌”، یان بڵێن: “قووتمان دایه‌وه‌”. با هه‌موو ئه‌وانه‌ی به‌ گرفتی من شاد ده‌بن، ڕیسوا و شه‌رمه‌زار بن. با هه‌موو ئه‌وانه‌ی پۆز به‌سه‌ر مندا لێده‌ده‌ن، به‌رگی ڕیسوایی و شه‌رمه‌زاری بپۆشن. با ئه‌وانه‌ی داوای دادی من ده‌كه‌ن، ده‌نگی خۆشی و شادی هه‌ڵببڕن، با هه‌میشه‌ بڵێن: “په‌روه‌ردگار مه‌زن بێت، كه‌ دڵخۆش ده‌بێت به‌ خۆشحاڵی به‌نده‌كه‌ی”. زمانم باسی دادپه‌روه‌ریی تۆ ده‌كات و به‌ درێژایی ڕۆژ سوپاست ده‌كات.

زەبوورەکان 1:35-28 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

ئەی یەزدان، ململانێی ئەوانە بکە کە ململانێم لەگەڵ دەکەن، لە دژی ئەوانە بجەنگە کە لە دژی من دەجەنگن. سپەر بپۆشە و قەڵغان هەڵبگرە، ڕاپەڕە و بگە فریام. ڕم ئاراستە بکە و تەور هەڵبگرە لە دژی ئەوانەی ڕاوم دەنێن. بە گیانم بڵێ: «من ڕزگاریی تۆم.» با ڕیسوا و شەرمەزار بن ئەوانەی هەوڵی کوشتنم دەدەن، با بەرەو پاش ببنەوە و ڕیسوا بن ئەوانەی پیلان دادەنێن بۆ ڕاوکردنم. با وەک کای بەر بایان لێ بێت، فریشتەی یەزدان ڕایانبماڵێت. با ڕێگایان تاریک و خلیسک بێت، فریشتەی یەزدان ڕاویان بنێت. لەبەر ئەوەی بەبێ هۆ داویان بۆ نامەوە، بەبێ هۆ چاڵیان بۆ هەڵکەندم، با ماڵوێرانی لەناکاو بەسەریاندا بدات، با بەو داوەوە بن کە خۆیان ناویانەتەوە، با بکەونە ئەو ماڵوێرانییە. ئەوسا گیانم بە یەزدان شاد دەبێت، بە ڕزگارییەکەی دڵخۆش دەبێت. هەموو ئێسقانەکانم هاوار دەکەن: «ئەی یەزدان، کێ وەک تۆیە؟ تۆ داماو دەرباز دەکەیت لە دەست ئەوانەی کە لەو بەهێزترن، هەژار و نەبوون لە دەست ئەوانەی دەیانڕووتێننەوە.» شایەتە دڵڕەقەکان ڕاست دەبنەوە، پرسیاری شتی وا دەکەن کە ئاگام لێی نییە. بەرامبەر بە چاکە خراپەم دەدەنەوە، گیانم بە بێکەسی جێدەهێڵن. بەڵام کاتێک ئەوان نەخۆش دەکەوتن، جلوبەرگی گوشم دەپۆشی، بە ڕۆژووگرتن خۆمم نزم دەکردەوە. کاتێک نوێژەکانم بەبێ وەڵام دەگەڕانەوە، وەک ئەوەی دۆست و برام بێت، پرسەدار بووم بۆی، وەک ئەوەی بۆ دایکم بلاوێنمەوە، لە خەفەتان سەرم دانەواند بوو. بەڵام کە کەوتم، ئەوان بە خۆشییەوە لە دژی من کۆبوونەوە، کەسانێک بێ ئەوەی بیانناسم هێرشیان هێنایە سەرم و بەبێ وەستان ئابڕوویان بردم. وەک خوانەناسان بە خراپی گاڵتەجاڕی دەکەن، ددانیان لێ جیڕدەکردمەوە. ئەی پەروەردگار، هەتا کەی تەماشا دەکەیت؟ گیانم دەرباز بکە لە دەست تێکدەرییان، ژیانم لەو بەچکە شێرانە. لەنێو کۆڕی گەورە سوپاست دەکەم، لەنێو خەڵکێکی زۆر ستایشت دەکەم. مەهێڵە ئەوانە پێم شاد بن، کە بەبێ هۆ بوونەتە دوژمنم. مەهێڵە ئەوانەی بەبێ هۆ ڕقیان لێمە، بە مەکرەوە چاو لە یەک دابگرن. ئەوانە قسە بۆ ئاشتی ناکەن، بەڵکو درۆ دادەڕێژن لە دژی ئەوانەی بە ئارامی دەژین لەسەر زەوی. دەمیان لێم دەکەنەوە و دەڵێن: «ئەها! بە چاوی خۆمان بینیمان.» ئەی یەزدان، تۆ ئەمەت بینی، بێدەنگ مەبە. ئەی پەروەردگار، لێم دوور مەبە. هەستە و ڕاپەڕە بۆ دادم، ئەی خودا و گەورەی من، بۆ مافم. ئەی یەزدان، خودای من، بەپێی ڕاستودروستی خۆت ئەستۆپاکیم بسەلمێنە، مەهێڵە ئەوانە پێم شاد بن. مەهێڵە لە دڵی خۆیان بڵێن: «ئەمە مرازی ئێمەیە!» یان بڵێن: «هەڵمانلووشی.» با هەموو ئەوانەی بە گرفتی من شاد دەبن، تووشی شەرمەزاری و گومڕایی بن. با هەموو ئەوانەی پۆز بەسەر مندا لێدەدەن، بەرگی شەرمەزاری و ڕیسوایی بپۆشن. با ئەوانەی بە بێتاوانکردنی من دڵخۆشن، گۆرانی خۆشی و شادی بڵێن. با هەمیشە بڵێن: «یەزدان پایەبەرز بێت، کە دڵخۆش دەبێت بە ئاشتی خزمەتکارەکەی.» زمانم باسی ڕاستودروستی تۆ دەکات و بە درێژایی ڕۆژ ستایشت دەکات.