لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

په‌سنییه‌كان 35

35
په‌سنیه‌كی داویده‌.
1 ئه‌ی په‌روه‌ردگار ململانێی ئه‌وانه‌ بكه‌ كه‌ ململانێم له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن. دژی ئه‌وانه‌ بجه‌نگه‌ كه‌ له‌دژی من ده‌جه‌نگن.
2 سپه‌ر بپۆشه‌ و قه‌ڵغان هه‌ڵبگره‌، ڕاپه‌ڕه‌ و بگه‌ فریام.
3 ڕم ئاڕاسته‌ بكه‌ و ته‌ور هه‌ڵبگره‌، له‌ ڕووی ئه‌وانه‌ی ڕاوم ده‌نێن. به‌ گیانم بڵێ‌: “من ڕزگاری تۆم”.
4 با ڕیسوا و شه‌رمه‌زار بن ئه‌وانه‌ی هه‌وڵی كوشتنم ده‌ده‌ن، با به‌ره‌و پاش ببنه‌وه‌ و ڕیسوا بن ئه‌وانه‌ی پیلان داده‌نێن بۆ ڕاوكردنم.
5 با وه‌ک كای به‌ر بایان لێ‌ بێت، فریشته‌ی په‌روه‌ردگار ڕایان بماڵێت.
6 با ڕێگایان تاریک و خلیسک بێت، فریشته‌ی په‌روه‌ردگار ڕاویان بنێت.
7 چونكه‌ به‌بێ‌ هۆ داویان بۆ نامه‌وه‌، به‌بێ‌ هۆ چاڵیان بۆ هه‌ڵكه‌ندم.
8 با ماڵ وێرانی له‌ناكاو به‌سه‌ریاندا بدات، با به‌و داوه‌وه‌ بن كه‌ خۆیان ناویانه‌ته‌وه‌، با بكه‌ونه‌ ئه‌و ماڵوێرانیه‌.
9 ئه‌وسا گیانم به‌ په‌روه‌ردگار شاد ده‌بێت، به‌ ڕزگارییه‌كه‌ی دڵخۆش ده‌بێت.
10 هه‌موو ئێسقانه‌كانم ده‌ڵێن: “ئه‌ی په‌روه‌ردگار، كێ‌ وه‌ک تۆیه‌؟ تۆ داماو ده‌رباز ده‌كه‌یت له‌ ده‌ست ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌و به‌ هێزترن، هه‌ژار و نه‌بوون له‌ ده‌ست ئه‌وانه‌ی ده‌یانڕووتێننه‌وه‌”.
11 گه‌واهیده‌ری درۆزن ڕاست ده‌بنه‌وه‌، پرسیاری شتی وا ده‌كه‌ن كه‌ ئاگام لێی نییه‌.
12 به‌رامبه‌ر به‌ چاكه‌ خراپه‌م ده‌ده‌نه‌وه‌، گیانم به‌ بێكه‌سی جێده‌هێڵن.
13 به‌ڵام كه‌ ئه‌وان نه‌خۆش ده‌كه‌وتن، گوشم ده‌پۆشی. خۆم ده‌ڕه‌نجاند به‌ ڕۆژوگرتن، كاتێ نوێژه‌كانم به‌بێ‌ وه‌ڵام ده‌گه‌ڕانه‌وه‌.
14 وه‌ک ئه‌وه‌ی دۆست و برام بێت، پرسه‌دار بووم بۆی. وه‌ک ئه‌وه‌ی بۆ دایكم بلاوێنمه‌وه‌، له‌ خه‌فه‌تان سه‌رم دانه‌واندبوو.
15 به‌ڵام كه‌ كه‌وتم، ئه‌وان به‌ خۆشییه‌وه‌ له‌ دژی من كۆبوونه‌وه‌، كه‌سانێک بێ ئه‌وه‌ی بیانناسم هێرشیان هێنایه‌ سه‌رم و به‌بێ‌ وه‌ستان ئابڕوویان بردم.
16 وه‌ک خوانه‌ناسانی گاڵته‌جاڕ له‌ ده‌وره‌ی نان كۆببنه‌وه‌، ددانیان لێ‌ جیڕده‌كردمه‌وه‌.
17 ئه‌ی په‌روه‌ردگار، تا كه‌ی ته‌ماشا ده‌كه‌یت؟ گیانم ده‌رباز بكه‌ له‌ ده‌ست تێكده‌رییان، ژیانم له‌و به‌چكه‌ شێرانه‌.
18 له‌نێو كۆڕی گه‌وره‌ سوپاست ده‌كه‌م. له‌نێو گه‌لێكی مه‌زن ستایشت ده‌كه‌م.
19 مه‌هێڵه‌ ئه‌وانه‌ شادبن پێم، كه‌ به‌بێ‌ هۆ بوونه‌ته‌ دوژمنم. مه‌هێڵه‌ ئه‌وانه‌ی به‌بێ‌ هۆ ڕقیان لێمه‌، به‌ مه‌كره‌وه‌ چاو له‌ یه‌ک دابگرن.
20 ئه‌وانه‌ قسه‌ بۆ ئاشتی ناكه‌ن، به‌ڵكو تاوانی درۆ داده‌ڕێژن، دژ به‌وانه‌ی به‌ ئارامی ده‌ژین له‌سه‌ر زه‌وی.
21 ده‌میان لێم ده‌كه‌نه‌وه‌ و ده‌ڵێن: “ئه‌ها! ئه‌ها! به‌ چاوی خۆمان بینیمان”.
22 ئه‌ی په‌روه‌ردگار تۆ ئه‌مه‌ت بینی، بێده‌نگ مه‌به‌. ئه‌ی په‌روه‌ردگار دوور مه‌به‌ لێم.
23 هه‌سته‌ و ڕاپه‌ڕه‌ بۆ دادم، بۆ مافم خودایه‌ و په‌روه‌ردگاری من.
24 به‌پێی دادپه‌روه‌ریی خۆت بێ‌ تاوانم بكه‌، ئه‌ی په‌روه‌ردگار خودام، مه‌هێڵه‌ ئه‌وانه‌ پێم شادبن.
25 مه‌هێڵه‌ له‌ دڵی خۆیان بڵێن: “ئه‌ها، ئه‌مه‌ مرازی ئێمه‌یه‌”، یان بڵێن: “قووتمان دایه‌وه‌”.
26 با هه‌موو ئه‌وانه‌ی به‌ گرفتی من شاد ده‌بن، ڕیسوا و شه‌رمه‌زار بن. با هه‌موو ئه‌وانه‌ی پۆز به‌سه‌ر مندا لێده‌ده‌ن، به‌رگی ڕیسوایی و شه‌رمه‌زاری بپۆشن.
27 با ئه‌وانه‌ی داوای دادی من ده‌كه‌ن، ده‌نگی خۆشی و شادی هه‌ڵببڕن، با هه‌میشه‌ بڵێن: “په‌روه‌ردگار مه‌زن بێت، كه‌ دڵخۆش ده‌بێت به‌ خۆشحاڵی به‌نده‌كه‌ی”.
28 زمانم باسی دادپه‌روه‌ریی تۆ ده‌كات و به‌ درێژایی ڕۆژ سوپاست ده‌كات.

دیاریکراوەکانی ئێستا:

په‌سنییه‌كان 35: PNTZS

بەرچاوکردن

هاوبەشی بکە

لەبەرگرتنەوە

None

دەتەوێت هایلایتەکانت بپارێزرێت لەناو ئامێرەکانتدا> ? داخڵ ببە