لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

زەبوورەکان 145:119-176

زەبوورەکان 145:119-176 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

پڕ به‌ دڵ هاوار ده‌كه‌م. ئه‌ی په‌روه‌ردگار، وه‌ڵامم بده‌ره‌وه‌. فه‌رزه‌كانت ده‌پارێزم. هاوار بۆ تۆ ده‌كه‌م. ڕزگارم بكه‌، گه‌واهییه‌كانت ده‌پارێزم. هه‌ڵده‌ستم پێش به‌ره‌به‌یان هاوارت بۆ ده‌هێنم. چاوه‌ڕێی فه‌رمووده‌كانی تۆ ده‌كه‌م. به‌درێژایی شه‌و به‌ئاگام، تا له‌ فه‌رمووده‌كانت وردببمه‌وه‌. به‌گوێره‌ی میهره‌بانیه‌كه‌ت گوێ‌ له‌ ده‌نگم بگره‌. ئه‌ی په‌روه‌ردگار، به‌گوێره‌ی حوكمه‌كانت بمژیێنه‌وه‌. پیلانگێڕان نزیک بوونه‌وه‌. له‌ فێركردنه‌كانت دوور كه‌وتوونه‌ته‌وه‌. به‌ڵام ئه‌ی په‌روه‌ردگار تۆ زۆر نزیكیت، هه‌موو راسپارده‌كانت ڕه‌وان. له‌ مێژه‌وه‌ له‌ گه‌واهییه‌كانت ده‌زانم، كه‌ بۆ تاهه‌تایه‌ داتناون. سه‌یری زه‌لیلیم بكه‌ و ده‌ربازم بكه‌. چونكه‌ فێركردنه‌كانی تۆ له‌بیر ناكه‌م. پارێزه‌ری له‌ گرفته‌كه‌م بكه‌ و بمكڕه‌وه‌. به‌گوێره‌ی وشه‌كه‌ت بمژیێنه‌وه‌. ڕزگاری له‌ به‌دكاران دووره‌. چونكه‌ فه‌رزه‌كانی تۆیان نه‌ویست. به‌زه‌ییت زۆره‌ ئه‌ی په‌روه‌ردگار. به‌گوێره‌ی حوكمه‌كانت بمژیێنه‌وه‌. دوژمنانم و ئه‌وانه‌ی دوام ده‌مچه‌وسێننه‌وه‌ زۆرن. به‌ڵام له‌ گه‌واهییه‌كانی تۆ لام نه‌داوه‌. ناپاكانم بینی بێزم هاته‌وه‌. ئه‌وانه‌ی وشه‌ی تۆیان له‌به‌رچاو نه‌گرتووه‌. ببینه‌ كه‌ حه‌ز له‌ ڕاسپارده‌كانت ده‌كه‌م. ئه‌ی په‌روه‌ردگار، به‌گوێره‌ی میهره‌بانیه‌كه‌ت بمژیێنه‌وه‌. سه‌راپای وشه‌كانت ڕه‌وایه‌‌. هه‌موو حوكمه‌ دادپه‌روه‌رییه‌كانت تاهه‌تایین. سه‌رۆكه‌كان به‌بێ‌ هۆ ده‌مچه‌وسێننه‌وه‌. به‌ڵام دڵم له‌ فه‌رمووده‌كه‌ی تۆ ده‌له‌رزێت. به فه‌رمووده‌كانت‌ دڵشاد ده‌بم، وه‌ک یه‌كێک ده‌ستكه‌وتێكی زۆری چنگ كه‌وتبێت. ڕق و قینم له‌ درۆیه‌، حه‌زم له‌ فێركردنه‌كانی تۆیه‌. ڕۆژی حه‌وت جار ستایشت ده‌كه‌م، بۆ دادپه‌روه‌ریی حوكمه‌كانت. ئه‌وانه‌ی حه‌ز له‌ فێركردنه‌كانت ده‌كه‌ن له‌وپه‌ڕی ئاشتیدان. ساتمه‌ له‌ هیچ شتێ‌ ناكه‌ن. هیوام به‌ ڕزگاریی تۆیه‌ ئه‌ی په‌روه‌ردگار. به‌ ڕاسپارده‌كانی تۆم كرد. گیانم گه‌واهییه‌كانی تۆی پاراست. زۆر حه‌زم لێیانه‌. ڕاسپارده‌ و گه‌واهیه‌كانی تۆ ده‌پارێزم، چونكه‌ هه‌موو ڕێگاكانم له‌ به‌رده‌متدان. ئه‌ی په‌روه‌ردگار با هاوارم بگاته‌ لات. به‌گوێره‌ی فه‌رمووده‌كه‌ت تێم بگه‌یه‌نه‌. با پاڕانه‌وه‌م بچێته‌ ئاماده‌گیت. به‌گوێره‌ی وشه‌كه‌ت ده‌ربازم بكه‌. با لێوم ستایشی لێ‌ بڕژێت، چونكه‌ فێری فه‌رزه‌كانی خۆتم ده‌كه‌یت. با زمانم گۆرانی به‌سه‌ر فه‌رمووده‌كانت بڵێ، چونكه‌ هه‌موو ڕاسپارده‌كانت دادپه‌روه‌رین. با ده‌ستت ئاماده‌بێت بۆ یارمه‌تیم. چونكه‌ ڕاسپارده‌كانی تۆم هه‌ڵبژاردووه‌. ئه‌ی په‌روه‌ردگار، من به‌ په‌رۆشم بۆ ڕزگاریی تۆ، فێركردنه‌كانت شادیی منن. با گیانم بژیێته‌وه‌ تا ستایشت بكه‌م، حوكمه‌كانت یارمه‌تیم بدات. وه‌ک به‌رخی وێڵ گومڕا بووم. به‌ دوای به‌نده‌كه‌تدا بگه‌ڕێ‌، چونكه‌ ڕاسپارده‌كانتم له‌بیر نه‌كردووه‌.

زەبوورەکان 145:119-176 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

پڕ بە دڵ هاوار دەکەم، ئەی یەزدان، وەڵامم بدەوە، فەرزەکانت بەجێدەهێنم. هاوار بۆ تۆ دەکەم، ڕزگارم بکە! یاساکانت پەیڕەو دەکەم. پێش بەرەبەیان هەڵدەستم و هاوارت بۆ دەهێنم، ئومێدم بە بەڵێنی تۆ هەیە. بە درێژایی شەو بەئاگام، بۆ ئەوەی لە بەڵێنەکانت وردببمەوە. بەگوێرەی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت گوێ لە دەنگم بگرە، ئەی یەزدان، بەگوێرەی حوکمەکانت بمژیێنەوە. پیلانگێڕان نزیک بوونەوە، لە فێرکردنی تۆ دوور کەوتوونەتەوە. بەڵام ئەی یەزدان، تۆ زۆر نزیکیت، هەموو ڕاسپاردەکانت ڕاستن. لەمێژە لە یاساکانت دەزانم، کە بۆ هەتاهەتایە داتناوە. سەیری ئازارم بکە و دەربازم بکە، چونکە فێرکردنی تۆ لەبیر ناکەم. پارێزەری لە گرفتەکەم بکە و بمکڕەوە، بەگوێرەی بەڵێنەکەت بمژیێنەوە. ڕزگاری لە بەدکاران دوورە، چونکە بەدوای فەرزەکانتدا ناگەڕێن. ئەی یەزدان، بەزەییت زۆرە، بەگوێرەی حوکمەکانت بمژیێنەوە. دوژمنانم و ئەوانەی دەمچەوسێننەوە زۆرن، بەڵام لە یاساکانی تۆ لام نەداوە. ناپاکەکانم بینی بێزم هاتەوە، چونکە گوێڕایەڵی فەرمانەکانت نەبوون. ببینە چەندە حەزم لە ڕێنماییەکانتە، ئەی یەزدان، بەگوێرەی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت بمژیێنەوە. هەموو وشەکانی تۆ ڕاستییە، هەموو حوکمە ڕاستودروستەکانی هەتاهەتایین. میرەکان بەبێ هۆ دەمچەوسێننەوە، بەڵام دڵم لە فەرمایشتی تۆ دەتۆقێت. بە بەڵێنەکانت دڵشاد دەبم، وەک یەکێک دەستکەوتێکی زۆری چنگکەوتبێت. ڕقم لە درۆیە و قێزم لێی دەبێتەوە، بەڵام حەزم لە فێرکردنی تۆیە. ڕۆژانە حەوت جار ستایشت دەکەم، بۆ حوکمە ڕاستودروستەکانت. ئاشتیێکی گەورە بۆ ئەوانەی حەز لە فێرکردنت دەکەن، هیچ شتێک بۆیان نابێتە کۆسپ. ئەی یەزدان، هیوام بە ڕزگاریی تۆیە، ڕاسپاردەکانی تۆ پەیڕەو دەکەم. گیانم یاساکانت پەیڕەو دەکات، چونکە زۆر حەزم لێیەتی. ڕێنمایی و یاساکانی تۆ پەیڕەو دەکەم، چونکە هەموو ڕێگاکانم لەبەردەمتن. ئەی یەزدان، با هاوارم بگاتە بەردەمت، بەگوێرەی پەیمانی خۆت تێمبگەیەنە. با پاڕانەوەم بێتە بەردەمت، بەگوێرەی بەڵێنەکەت دەربازم بکە. با لێوم ستایشی لێ بڕژێت، چونکە فێری فەرزەکانی خۆتم دەکەیت. با زمانم گۆرانی بەسەر وتەکەتدا بڵێ، چونکە هەموو ڕاسپاردەکانت ڕاستودروستن. با دەستت ئامادەبێت بۆ یارمەتیم، چونکە ڕێنماییەکانی تۆم هەڵبژاردووە. ئەی یەزدان، من بە پەرۆشم بۆ ڕزگاریی تۆ، فێرکردنت شادی منە. با گیانم بژیێتەوە بۆ ئەوەی ستایشت بکەم، حوکمەکانت یارمەتیم بدات. وەک بەرخی وێڵ گومڕا بووم، بەدوای خزمەتکارەکەتدا بگەڕێ، چونکە ڕاسپاردەکانی تۆم لەبیر نەکردووە.