لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

زەبوورەکان 145:119-160

زەبوورەکان 145:119-160 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

پڕ به‌ دڵ هاوار ده‌كه‌م. ئه‌ی په‌روه‌ردگار، وه‌ڵامم بده‌ره‌وه‌. فه‌رزه‌كانت ده‌پارێزم. هاوار بۆ تۆ ده‌كه‌م. ڕزگارم بكه‌، گه‌واهییه‌كانت ده‌پارێزم. هه‌ڵده‌ستم پێش به‌ره‌به‌یان هاوارت بۆ ده‌هێنم. چاوه‌ڕێی فه‌رمووده‌كانی تۆ ده‌كه‌م. به‌درێژایی شه‌و به‌ئاگام، تا له‌ فه‌رمووده‌كانت وردببمه‌وه‌. به‌گوێره‌ی میهره‌بانیه‌كه‌ت گوێ‌ له‌ ده‌نگم بگره‌. ئه‌ی په‌روه‌ردگار، به‌گوێره‌ی حوكمه‌كانت بمژیێنه‌وه‌. پیلانگێڕان نزیک بوونه‌وه‌. له‌ فێركردنه‌كانت دوور كه‌وتوونه‌ته‌وه‌. به‌ڵام ئه‌ی په‌روه‌ردگار تۆ زۆر نزیكیت، هه‌موو راسپارده‌كانت ڕه‌وان. له‌ مێژه‌وه‌ له‌ گه‌واهییه‌كانت ده‌زانم، كه‌ بۆ تاهه‌تایه‌ داتناون. سه‌یری زه‌لیلیم بكه‌ و ده‌ربازم بكه‌. چونكه‌ فێركردنه‌كانی تۆ له‌بیر ناكه‌م. پارێزه‌ری له‌ گرفته‌كه‌م بكه‌ و بمكڕه‌وه‌. به‌گوێره‌ی وشه‌كه‌ت بمژیێنه‌وه‌. ڕزگاری له‌ به‌دكاران دووره‌. چونكه‌ فه‌رزه‌كانی تۆیان نه‌ویست. به‌زه‌ییت زۆره‌ ئه‌ی په‌روه‌ردگار. به‌گوێره‌ی حوكمه‌كانت بمژیێنه‌وه‌. دوژمنانم و ئه‌وانه‌ی دوام ده‌مچه‌وسێننه‌وه‌ زۆرن. به‌ڵام له‌ گه‌واهییه‌كانی تۆ لام نه‌داوه‌. ناپاكانم بینی بێزم هاته‌وه‌. ئه‌وانه‌ی وشه‌ی تۆیان له‌به‌رچاو نه‌گرتووه‌. ببینه‌ كه‌ حه‌ز له‌ ڕاسپارده‌كانت ده‌كه‌م. ئه‌ی په‌روه‌ردگار، به‌گوێره‌ی میهره‌بانیه‌كه‌ت بمژیێنه‌وه‌. سه‌راپای وشه‌كانت ڕه‌وایه‌‌. هه‌موو حوكمه‌ دادپه‌روه‌رییه‌كانت تاهه‌تایین.

زەبوورەکان 145:119-160 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

پڕ بە دڵ هاوار دەکەم، ئەی یەزدان، وەڵامم بدەوە، فەرزەکانت بەجێدەهێنم. هاوار بۆ تۆ دەکەم، ڕزگارم بکە! یاساکانت پەیڕەو دەکەم. پێش بەرەبەیان هەڵدەستم و هاوارت بۆ دەهێنم، ئومێدم بە بەڵێنی تۆ هەیە. بە درێژایی شەو بەئاگام، بۆ ئەوەی لە بەڵێنەکانت وردببمەوە. بەگوێرەی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت گوێ لە دەنگم بگرە، ئەی یەزدان، بەگوێرەی حوکمەکانت بمژیێنەوە. پیلانگێڕان نزیک بوونەوە، لە فێرکردنی تۆ دوور کەوتوونەتەوە. بەڵام ئەی یەزدان، تۆ زۆر نزیکیت، هەموو ڕاسپاردەکانت ڕاستن. لەمێژە لە یاساکانت دەزانم، کە بۆ هەتاهەتایە داتناوە. سەیری ئازارم بکە و دەربازم بکە، چونکە فێرکردنی تۆ لەبیر ناکەم. پارێزەری لە گرفتەکەم بکە و بمکڕەوە، بەگوێرەی بەڵێنەکەت بمژیێنەوە. ڕزگاری لە بەدکاران دوورە، چونکە بەدوای فەرزەکانتدا ناگەڕێن. ئەی یەزدان، بەزەییت زۆرە، بەگوێرەی حوکمەکانت بمژیێنەوە. دوژمنانم و ئەوانەی دەمچەوسێننەوە زۆرن، بەڵام لە یاساکانی تۆ لام نەداوە. ناپاکەکانم بینی بێزم هاتەوە، چونکە گوێڕایەڵی فەرمانەکانت نەبوون. ببینە چەندە حەزم لە ڕێنماییەکانتە، ئەی یەزدان، بەگوێرەی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت بمژیێنەوە. هەموو وشەکانی تۆ ڕاستییە، هەموو حوکمە ڕاستودروستەکانی هەتاهەتایین.