لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

زەبوورەکان 1:115-18

زەبوورەکان 1:115-18 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

بۆ ئێمه‌ نا، ئه‌ی په‌روه‌ردگار، بۆ ئێمه‌ نا، به‌ڵكو بۆ ناوی خۆت شكۆ ببه‌خشه‌. له‌به‌ر میهره‌بانیه‌كه‌ت. له‌به‌ر سه‌رڕاستییه‌كه‌ت. بۆچی نه‌ته‌وه‌كان بڵێن: “كوا خوداوه‌ندیان له‌كوێیه‌؟” خوداوه‌ندمان له‌ ئاسمانه‌. هه‌رچی حه‌ز بكات، ده‌یكات. بته‌كانیان زیو و زێڕه‌. ده‌ستكردی مرۆڤه‌. ده‌میان هه‌یه‌ و قسه‌ ناكه‌ن. چاویان هه‌یه‌ و نابینن. گوێیان هه‌یه‌ و نابیستن. لووتیان هه‌یه‌ و بۆن ناكه‌ن. ده‌ستیان هه‌یه‌ به‌ڵام ده‌ست له‌ هیچ ناده‌ن. پێیان هه‌یه‌ و ڕێ ناكه‌ن. ده‌نگ له‌ گه‌روویان نایه‌ته‌ده‌ر. دروستكه‌ره‌كانیان وه‌ک ئه‌وانن، به‌ڵكو هه‌موو ئه‌وانه‌ش كه‌ پشتیان پێ ده‌به‌ستن. ئه‌ی نه‌وه‌ی ئیسڕائیل، پشت به‌ په‌روه‌ردگار ببه‌ستن. ئه‌و یارمه‌تیده‌ر و قه‌ڵغانیانه‌. ئه‌ی بنه‌ماڵه‌ی هاڕون. پشت به‌ په‌روه‌ردگار ببه‌ستن. ئه‌و یارمه‌تیده‌ر و قه‌ڵغانیانه‌. ئه‌ی ئه‌وانه‌ی ترسی په‌روه‌ردگارتان له‌ دڵدایه‌. پشت به‌ په‌روه‌ردگار ببه‌ستن. ئه‌و یارمه‌تیده‌ر و قه‌ڵغانیانه‌. په‌روه‌ردگار ئێمه‌ی له‌بیره‌ و داڕشتمان ده‌كات. داڕشت به‌ بنه‌ماڵه‌ی ئیسڕائیل ده‌به‌خشێت. داڕشت به‌ بنه‌ماڵه‌ی هاڕون ده‌به‌خشێت. داڕشت به‌وانه‌ ده‌به‌خشێت كه‌ ترسی په‌روه‌ردگاریان له‌ دڵدایه‌. بچووک و گه‌وره‌ش. با په‌روه‌ردگار هه‌ر زیادتان بكات. ئێوه‌ و ڕۆڵه‌كانتان. با ئێوه‌ به‌ په‌روه‌ردگار داڕشت بن، دروستكاری ئاسمانان و زه‌وی. ئاسمانان ئاسمانانی په‌روه‌ردگاره‌، به‌ڵام زه‌ویی به‌ ئاده‌میزاد به‌خشیوه‌. نه‌ مردووان ستایشی په‌روه‌ردگار ده‌كه‌ن. نه‌ ئه‌وانه‌ی شۆڕده‌بنه‌وه‌ نێو خاكی بێده‌نگی. به‌ڵام ئێمه‌ ستایشی په‌روه‌ردگار ده‌كه‌ین، له‌ ئێستاوه‌ و تاهه‌تایه‌. هه‌لیلویا.

زەبوورەکان 1:115-18 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

بۆ ئێمە نا، ئەی یەزدان، بۆ ئێمە نا، بەڵکو بۆ ناوی خۆت شکۆ ببەخشە، لەبەر خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت و دڵسۆزییەکەت. بۆچی نەتەوەکان بڵێن: «کوا، خودایان لەکوێیە؟» خودامان لە ئاسمانە، هەرچی حەز بکات، دەیکات. بتەکانیان زێڕ و زیون، دەستکردی مرۆڤن. دەمیان هەیە، بەڵام قسە ناکەن، چاویان هەیە، بەڵام نابینن، گوێیان هەیە، بەڵام نابیستن، لووتیان هەیە، بەڵام بۆن ناکەن، دەستیان هەیە، بەڵام دەست لە هیچ نادەن، پێیان هەیە، بەڵام ناڕۆن، دەنگ لە گەروویان نایەتە دەرەوە. دروستکەرەکانیان وەک ئەوان دەبن، هەروەها هەموو ئەوانەش کە پشتیان پێ دەبەستن. ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، پشت بە یەزدان ببەستن. ئەو یارمەتیدەر و قەڵغانیانە. ئەی بنەماڵەی هارون، پشت بە یەزدان ببەستن. ئەو یارمەتیدەر و قەڵغانیانە. ئەی ئەوانەی لەخواترسیتان لە دڵدایە، پشت بە یەزدان ببەستن. ئەو یارمەتیدەر و قەڵغانیانە. یەزدان ئێمەی لەبیرە و بەرەکەتدارمان دەکات، بەرەکەت بە بنەماڵەی ئیسرائیل دەبەخشێت، بەرەکەت بە بنەماڵەی هارون دەبەخشێت. بەرەکەت بەوانە دەبەخشێت کە لەخواترسییان لە دڵدایە، گەورە و بچووکیش. با یەزدان هەر زیادتان بکات، ئێوە و منداڵەکانتان. با ئێوە بە یەزدان بەرەکەتدار بن، دروستکەری ئاسمان و زەوی. ئاسمان ئاسمانی یەزدانە، زەویشی بە ئادەمیزاد بەخشیوە. نە مردووان ستایشی یەزدان دەکەن، نە هەموو ئەوانەی شۆڕ دەبنەوە ناو بێدەنگی، بەڵام ئێمە ستایشی یەزدان دەکەین، لە ئێستاوە و هەتاهەتایە.