لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مەرقۆس 22:8-38

مەرقۆس 22:8-38 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

هاتنه‌ بتسه‌یادا، نابینایه‌كیان هێنایه‌ لای و لێی پاڕانه‌وه‌ ده‌ستی لێ بدات. ئه‌ویش ده‌ستی نابیناكه‌ی گرت، بردییه‌ ده‌ره‌وه‌ی گونده‌كه‌ و تفی له‌ چاوی كرد، ده‌ستی له‌سه‌ر دانا و لێی پرسی: “هیچ ده‌بینیت؟” سه‌یری كرد و وتی: “خه‌ڵک ده‌بینم وه‌ک دره‌خت ڕێ ده‌كه‌ن”. دیسان ئیشۆع ده‌ستی خسته‌وه‌ سه‌ر چاوی، چاوی تێبڕی و چاكبووه‌وه‌، هه‌موو مرۆڤێكی به‌ ڕوونی بینی. ئینجا بۆ ماڵی خۆی ڕه‌وانه‌ی كرده‌وه‌ و فه‌رمووی: “مه‌چۆ نێو گونده‌كه‌ و به‌كه‌سیشیان مه‌ڵێ”. ئیشۆع و قوتابییه‌كانی بۆ گونده‌كانی قه‌یسه‌ڕییه‌ی پیلیپوس ده‌رچوون، له‌ ڕێگادا له‌ قوتابییه‌كانی پرسی: “خه‌ڵكی ده‌ڵێن من كێم؟” وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: “یوخه‌ننه‌نی عه‌مادكار، هه‌ندێكیش ده‌ڵێن ئیلییا و هه‌ندێكیش یه‌كێک له‌ پێغه‌مبه‌ران”. پێی فه‌رموون: “ئه‌ی ئێوه‌، ده‌ڵێن من كێم؟” په‌تڕۆس وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و وتی: “تۆ مه‌سیحه‌كه‌یت!”. جا ئاگاداری كردنه‌وه‌ له‌لای كه‌س باسی نه‌كه‌ن. ئینجا ده‌ستیكرد به‌ ئامۆژگارییان كه‌ ڕۆڵه‌ی مرۆڤ ده‌بێ زۆر ئازار بچێژێت، پیران و كاهینانی باڵا و ته‌وراتزانه‌كان ڕه‌تی بكه‌نه‌وه‌، بكوژرێت و له‌ ڕۆژی سێیه‌مدا هه‌ستێته‌وه‌. به‌ ئاشكرا قسه‌كه‌ی كرد، په‌تڕۆسیش بردییه‌ لاوه‌ و لێی ڕاخوڕی. به‌ڵام ئیشۆع ئاوڕی دایه‌وه‌ و سه‌یری قوتابییه‌كانی كرد، سه‌رزه‌نشتی په‌تڕۆسی كرد و فه‌رمووی: “له‌به‌رچاوم لاچۆ، ئه‌ی شه‌یتان! چونكه‌ تۆ بیر له‌ شته‌ خوداییه‌كان ناكه‌یته‌وه‌، به‌ڵكو شتی مرۆڤانه‌”. ئینجا كۆمه‌ڵه‌كه‌ و قوتابییه‌كانی بانگكرد و پێی فه‌رموون: “ئه‌گه‌ر یه‌كێک ویستی دوام بكه‌وێت، با نكۆڵی له‌ خۆی بكات و خاچه‌كه‌ی هه‌ڵبگرێت و دوام بكه‌وێت. چونكه‌ ئه‌وه‌ی بیه‌وێت خۆی ڕزگار بكات، ده‌یدۆڕێنێت، ئه‌وه‌ش كه‌ له‌ پێناوی من و له‌پێناوی ئینجیل خۆی بدۆڕێنێت، ڕزگاری ده‌كات. چونكه‌ چی به‌كه‌ڵكی مرۆڤ دێت ئه‌گه‌ر هه‌موو جیهان بباته‌وه‌ و خۆی بدۆڕێنێت؟ یان مرۆڤ بۆ قورابنیدانی خۆی چی ده‌دات؟ چونكه‌ ئه‌وه‌ی له‌لای ئه‌م نه‌وه‌ داوێنپیس و گوناهباره‌ شه‌رمی به‌ من و به‌ وته‌كانم بێت، ڕۆڵه‌ی مرۆڤیش كاتێ به‌ شكۆی باوكی له‌گه‌ڵ فریشته‌ پارساكاندا دێته‌وه‌ شه‌رمی پێی ده‌بێت”.

هاوبەشی بکە
مەرقۆس 8 بخوێنەوە

مەرقۆس 22:8-38 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

کاتێک عیسا و قوتابییەکانی هاتنە بێت‌سەیدا، کەسێکی نابینایان هێنایە لای عیسا و لێی پاڕانەوە دەستی لێ بدات. ئەویش دەستی نابیناکەی گرت، بردییە دەرەوەی دێیەکە و تفی لەسەر چاوی دا و دەستی لەسەر دانا و لێی پرسی: «هیچ دەبینیت؟» پیاوەکە سەیری دەوروبەری کرد و گوتی: «خەڵک دەبینم وەک درەخت دەڕۆن.» دیسان عیسا دەستی خستەوە سەر چاوی، چاوی تێبڕی و چاک بووەوە و هەموو شتێکی بە ڕوونی بینی. ئینجا بۆ ماڵی خۆی ڕەوانەی کردەوە و فەرمووی: «جارێ مەڕۆ بۆ ناو دێ.» عیسا و قوتابییەکانی بەرەو گوندەکانی قەیسەرییەی فیلیپۆس بەڕێکەوتن، لە ڕێگا لە قوتابییەکانی پرسی: «خەڵکی دەڵێن من کێم؟» وەڵامیان دایەوە: «هەندێک دەڵێن یەحیای لەئاوهەڵکێش، هەندێکیش دەڵێن ئەلیاس، هەندێکی دیکەش دەڵێن یەکێک لە پێغەمبەران.» لێی پرسین: «ئەی ئێوە دەڵێن من کێم؟» پەترۆس وەڵامی دایەوە: «تۆ مەسیحەکەیت.» جا ئاگاداری کردنەوە لەلای کەس باسی نەکەن. ئینجا دەستی کرد بە فێرکردنیان کە کوڕی مرۆڤ دەبێت زۆر ئازار بچێژێت، پیران و کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات ڕەتی بکەنەوە، بکوژرێت و دوای سێ ڕۆژ هەستێتەوە. عیسا قسەکەی ئەوەندە بە ئاشکرا کرد کە پەترۆس هێنایە ئەم لاوە و دەستی کرد بە سەرزەنشتکردنی. بەڵام عیسا ئاوڕی دایەوە و سەیری قوتابییەکانی کرد، سەرزەنشتی پەترۆسی کرد و فەرمووی: «لەبەرچاوم لاچۆ، ئەی شەیتان! تۆ بیر لە شتە خوداییەکان ناکەیتەوە، بەڵکو شتی مرۆڤانە.» ئینجا خەڵکەکە و قوتابییەکانی بانگکرد و پێی فەرموون: «ئەگەر کەسێک دەیەوێت ببێتە قوتابی من، با نکۆڵی لە خۆی بکات و خاچەکەی هەڵبگرێت و دوام بکەوێت. ئەوەی بیەوێت ژیانی خۆی ڕزگار بکات، دەیدۆڕێنێت، بەڵام ئەوەی لە پێناوی من و مزگێنییەکەم ژیانی خۆی بدۆڕێنێت، ڕزگاری دەکات. چی بەکەڵکی مرۆڤ دێت ئەگەر هەموو جیهان بباتەوە و خۆی بدۆڕێنێت؟ یان کەسێک لە بەرامبەر ژیانیدا چ بەهایەک دەدات؟ ئەوەی لەلای ئەم نەوە داوێنپیس و گوناهبارە شەرمی بە من و بە وتەکانم بێت، کوڕی مرۆڤیش شەرمی پێی دەبێت، کاتێک بە شکۆمەندی باوکیەوە لەگەڵ فریشتە پیرۆزەکاندا دێتەوە.»

هاوبەشی بکە
مەرقۆس 8 بخوێنەوە