لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مه‌رقوس 22:8-38

مه‌رقوس 22:8-38 PNTZS

هاتنه‌ بتسه‌یادا، نابینایه‌كیان هێنایه‌ لای و لێی پاڕانه‌وه‌ ده‌ستی لێ بدات. ئه‌ویش ده‌ستی نابیناكه‌ی گرت، بردییه‌ ده‌ره‌وه‌ی گونده‌كه‌ و تفی له‌ چاوی كرد، ده‌ستی له‌سه‌ر دانا و لێی پرسی: “هیچ ده‌بینیت؟” سه‌یری كرد و وتی: “خه‌ڵک ده‌بینم وه‌ک دره‌خت ڕێ ده‌كه‌ن”. دیسان ئیشۆع ده‌ستی خسته‌وه‌ سه‌ر چاوی، چاوی تێبڕی و چاكبووه‌وه‌، هه‌موو مرۆڤێكی به‌ ڕوونی بینی. ئینجا بۆ ماڵی خۆی ڕه‌وانه‌ی كرده‌وه‌ و فه‌رمووی: “مه‌چۆ نێو گونده‌كه‌ و به‌كه‌سیشیان مه‌ڵێ”. ئیشۆع و قوتابییه‌كانی بۆ گونده‌كانی قه‌یسه‌ڕییه‌ی پیلیپوس ده‌رچوون، له‌ ڕێگادا له‌ قوتابییه‌كانی پرسی: “خه‌ڵكی ده‌ڵێن من كێم؟” وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: “یوخه‌ننه‌نی عه‌مادكار، هه‌ندێكیش ده‌ڵێن ئیلییا و هه‌ندێكیش یه‌كێک له‌ پێغه‌مبه‌ران”. پێی فه‌رموون: “ئه‌ی ئێوه‌، ده‌ڵێن من كێم؟” په‌تڕۆس وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و وتی: “تۆ مه‌سیحه‌كه‌یت!”. جا ئاگاداری كردنه‌وه‌ له‌لای كه‌س باسی نه‌كه‌ن. ئینجا ده‌ستیكرد به‌ ئامۆژگارییان كه‌ ڕۆڵه‌ی مرۆڤ ده‌بێ زۆر ئازار بچێژێت، پیران و كاهینانی باڵا و ته‌وراتزانه‌كان ڕه‌تی بكه‌نه‌وه‌، بكوژرێت و له‌ ڕۆژی سێیه‌مدا هه‌ستێته‌وه‌. به‌ ئاشكرا قسه‌كه‌ی كرد، په‌تڕۆسیش بردییه‌ لاوه‌ و لێی ڕاخوڕی. به‌ڵام ئیشۆع ئاوڕی دایه‌وه‌ و سه‌یری قوتابییه‌كانی كرد، سه‌رزه‌نشتی په‌تڕۆسی كرد و فه‌رمووی: “له‌به‌رچاوم لاچۆ، ئه‌ی شه‌یتان! چونكه‌ تۆ بیر له‌ شته‌ خوداییه‌كان ناكه‌یته‌وه‌، به‌ڵكو شتی مرۆڤانه‌”. ئینجا كۆمه‌ڵه‌كه‌ و قوتابییه‌كانی بانگكرد و پێی فه‌رموون: “ئه‌گه‌ر یه‌كێک ویستی دوام بكه‌وێت، با نكۆڵی له‌ خۆی بكات و خاچه‌كه‌ی هه‌ڵبگرێت و دوام بكه‌وێت. چونكه‌ ئه‌وه‌ی بیه‌وێت خۆی ڕزگار بكات، ده‌یدۆڕێنێت، ئه‌وه‌ش كه‌ له‌ پێناوی من و له‌پێناوی ئینجیل خۆی بدۆڕێنێت، ڕزگاری ده‌كات. چونكه‌ چی به‌كه‌ڵكی مرۆڤ دێت ئه‌گه‌ر هه‌موو جیهان بباته‌وه‌ و خۆی بدۆڕێنێت؟ یان مرۆڤ بۆ قورابنیدانی خۆی چی ده‌دات؟ چونكه‌ ئه‌وه‌ی له‌لای ئه‌م نه‌وه‌ داوێنپیس و گوناهباره‌ شه‌رمی به‌ من و به‌ وته‌كانم بێت، ڕۆڵه‌ی مرۆڤیش كاتێ به‌ شكۆی باوكی له‌گه‌ڵ فریشته‌ پارساكاندا دێته‌وه‌ شه‌رمی پێی ده‌بێت”.