لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مەرقۆس 6:15-20

مەرقۆس 6:15-20 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

له‌ هه‌موو جه‌ژنێک به‌ندكراوێكی بۆ ئازاد ده‌كردن، ئه‌وه‌ی داوایان بكردایه‌. به‌ڕئه‌ببا ناوێک له‌گه‌ڵ ئاژاوه‌گێڕان گیرابوو، له‌ ئاژاوه‌دا كوشتاریان كردبوو. ئینجا كۆمه‌ڵه‌كه‌ هاواریان كرد و داوایان كرد ئه‌وه‌ی هه‌میشه‌ ده‌یكرد بۆیان بكات. پیڵاتوسیش وه‌ڵامی دانه‌وه‌: “ده‌تانه‌وێ پاشای جووتان بۆ ئازاد بكه‌م؟” چونكه‌ زانی كاهینانی باڵا له‌ ئیره‌ییان ڕاده‌ستیان كردووه‌. جا كاهینانی باڵا كۆمه‌ڵه‌كه‌یان جۆش دا كه‌ به‌ڕئه‌ببایان بۆ ئازاد بكات. دیسان پیڵاتۆس وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی وتن: “ئه‌ی باشه‌ ده‌تانه‌وێ چی له‌وه‌ بكه‌م كه‌ پێی ده‌ڵێن، پاشای جوو؟” دیسان هاواریان كرد: “له‌خاچی بده‌!” پیڵاتوس پێی وتن: “باشه‌ چ خراپه‌یه‌كی كردووه‌؟” زیاتر هاواریان كرد: “له‌خاچی بده‌!” پیڵاتوسیش ده‌یویست كۆمه‌ڵه‌كه‌ ڕازی بكات، به‌ڕئه‌ببای بۆ ئازادكردن. له‌دوای به‌قامچی لێدانی، ئیشۆعی بۆ له‌خاچدان ڕاده‌ستكرد. سه‌ربازه‌كان بردییانه‌ كۆشكه‌كه‌، كۆشكی فه‌رمانڕه‌وا و هه‌موو تیپه‌كه‌یان كۆكرده‌وه‌. كراسێكی مۆریان له‌به‌ركرد، تاجێكیان له‌ دڕک چنی و له‌سه‌ریان نا. سڵاویان لێ ده‌كرد و ده‌یانووت: “سڵاو، ئه‌ی پاشای جوو!” به‌ قامیش له‌سه‌ریان ده‌دا و تفیان لێی ده‌كرد، چۆكیان داده‌دا و له‌به‌رده‌می كڕنۆشیان ده‌برد. دوای ئه‌وه‌ی گاڵته‌یان پێكرد، كراسه‌ مۆره‌كه‌یان له‌به‌ردا داكه‌ند و جلی خۆیان له‌به‌ر كرده‌وه‌ و بۆ له‌خاچدان بردییانه‌ ده‌ره‌وه‌.

مەرقۆس 6:15-20 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

لە هەر جەژنێکدا فەرمانڕەوا بەگوێرەی داواکاری خەڵکەکە بەندکراوێکی ئازاد دەکرد. پیاوێک بە ناوی باراباس لەگەڵ یاخیبووان گیرابوو کە لە ڕاپەڕینەکەدا کوشتاریان کردبوو. ئینجا خەڵکەکە هاتن و داوایان کرد ئەوەیان بۆ بکات کە هەمیشە دەیکرد بۆیان. پیلاتۆسیش لێی پرسین: «دەتانەوێ پاشای جولەکەتان بۆ ئازاد بکەم؟» چونکە دەیزانی کاهینانی باڵا لە ئیرەییدا عیسایان بە گرتن دابوو. بەڵام کاهینانی باڵا خەڵکەکەیان جۆشدا کە باراباسیان بۆ ئازاد بکات. پیلاتۆس دیسان لێی پرسین: «ئەی باشە چی لەوە بکەم کە پێی دەڵێن، ”پاشای جولەکە“؟» هاواریان کرد: «لە خاچی بدە!» پیلاتۆس لێی پرسین: «بۆ؟ چ خراپەیەکی کردووە؟» بەڵام ئەوان زیاتر هاواریان دەکرد: «لە خاچی بدە!» پیلاتۆسیش دەیویست خەڵکەکە ڕازی بکات، لەبەر ئەوە باراباسی بۆ ئازاد کردن، بەڵام فەرمانی دا کە عیسا بدرێتە بەر قامچی و پاشان لە خاچ بدرێت. سەربازەکان عیسایان بردە کۆشکی فەرمانڕەوا و تەواوی سەربازەکانیان کۆکردەوە. کەوایەکی ئەرخەوانییان لەبەرکرد، تاجێکیان لە دڕک هۆنییەوە و لەسەریان نا. دەستیان کرد بە سڵاو لێکردنی و دەیانگوت: «سڵاو، ئەی پاشای جولەکە!» بە قامیش لەسەریان دەدا و تفیان لێی دەکرد، چۆکیان دادەدا و لەبەردەمی کڕنۆشیان دەبرد. کاتێک گاڵتەیان پێ کرد، کراسە ئەرخەوانییەکەیان لەبەر داکەند و جلەکەی خۆیان لەبەرکردەوە و بۆ لەخاچدان بردیانە دەرەوە.