لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مەرقۆس 27:15-47

مەرقۆس 27:15-47 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

دوو دزیشیان له‌گه‌ڵی له‌خاچدا، یه‌كێک له‌لای ڕاستی و یه‌كێک له‌لای چه‌پی. سیپاره‌كه‌‌ هاته‌ دی كه‌ ده‌ڵێت: {له‌ ڕیزی تاوانباران دانرا} . ئه‌وانه‌ی به‌وێدا تێده‌په‌ڕین، جنێویان پێی ده‌دا و سه‌ریان باده‌دا، ده‌یانووت: “ها! ئه‌ی ڕوخێنه‌ری په‌رستگا و بنیادنه‌ره‌وه‌ی به‌ سێ ڕۆژ، خۆت ڕزگار بكه‌ و له‌ خاچه‌كه‌ دابه‌زه‌!”. به‌ هه‌مان شێوه‌ كاهینانی باڵا و ته‌وراتزانه‌كان گاڵته‌یان ده‌كرد و به‌ یه‌كتریان ده‌ووت: “خه‌ڵكی ڕزگار كرد، به‌ڵام ناتوانێ خۆی ڕزگار بكات! با ئێستا مه‌سیحی پاشای ئیسڕائیل له‌ خاچه‌كه‌ دابه‌زێت، تاكو ببینین و باوه‌ڕ بهێنین!”. ئه‌وانه‌ش كه‌ له‌گه‌ڵی له‌خاچدران تانه‌یان لێ ده‌دا. كاتێ بووه‌ كاژێری شه‌ش، تاكو كاژێری نۆ تاریكایی به‌سه‌ر هه‌موو زه‌وییه‌وه‌ بوو. له‌ كاژێری نۆ، ئیشۆع به‌ ده‌نگێكی مه‌زن هاواری كرد: “ئیلۆی، ئیلۆی، له‌ما شه‌به‌قته‌نی؟” واتا، خودایه‌، خودایه‌، بۆ به‌جێت هێشتم؟ هه‌ندێک له‌ ئاماده‌بووان كه‌ گوێیان لێبوو، وتیان: “ئه‌وه‌تا بانگی ئیلییا ده‌كات”. یه‌كێک ڕایكرد و هه‌وریه‌كی له‌ سركه‌ هه‌ڵكێشا و به‌سه‌ر قامیشێكه‌وه‌ پێی دا، وتی: “لێگه‌ڕێن با ببینین ئیلییا دێت دایبگرێت!” ئیشۆعیش به‌ ده‌نگێكی مه‌زن هاواریكرد و ڕووحی سپارد. په‌رده‌ی په‌رستگاش له‌ سه‌ره‌وه‌ تاكو خواره‌وه‌ شه‌قبوو و بووه‌ دووله‌ت. ئه‌و سه‌رپه‌له‌ی به‌رامبه‌ر ئیشۆع ڕاوه‌ستابوو، گوێی له‌ هاواری بوو و بینی چۆن ڕووحی سپارد، وتی: “به‌ ڕاستی ئه‌م مرۆڤه‌ ڕۆڵه‌ی خودا بوو!” چه‌ند ژنێكیش له‌ دووره‌وه‌ ته‌ماشایان ده‌كرد، له‌نێوانیاندا مه‌ریه‌می مه‌گدانی و مه‌ریه‌می دایكی یاقووی بچووک و یوسی و سالومه‌یان له‌گه‌ڵ بوو، ئه‌مانه‌ له‌ گلیلاوه‌ دوای ئیشۆع كه‌وتبوون و ڕاژه‌یان ده‌كرد، زۆری دیكه‌ش كه‌ له‌گه‌ڵی سه‌ركه‌وتبوونه‌ یروشلایم. كاتێ ئێواره‌ داهات، ڕۆژی خۆ ئاماده‌كردن بوو، واتا ڕۆژی پێش شه‌ممه‌، یۆسپی خه‌ڵكی ڕه‌متا ڕاوێژكارێكی به‌رزی ئه‌نجومه‌ن بوو، ئه‌ویش چاوه‌ڕێی پاشایه‌تیی خودای ده‌كرد، وێرا و هاته‌ لای پیڵاتوس و داوای ته‌رمه‌كه‌ی ئیشۆعی كرد. پیڵاتوس سه‌رسام بوو ئاوا به‌ زوویی مردووه‌، سه‌رپه‌له‌كه‌ی بانگكرد و لێی پرسی: “ئاخۆ ده‌مێكه‌ مردووه‌؟”. كاتێ له‌ سه‌رپه‌له‌كه‌وه‌ زانی، ته‌رمه‌كه‌ی دایه‌ یۆسپ. ئه‌ویش كه‌تانی كڕی، دایگرت و به‌ كه‌تان كفنی كرد، له‌ گۆڕێكدا ناشتی كه‌ له‌ به‌رد هه‌ڵكه‌ندرابوو. ئینجا به‌ردێكی گلۆر كرده‌وه‌ سه‌ر ده‌رگای گۆڕه‌كه‌. مه‌ریه‌می مه‌گدانی و مه‌ریه‌می دایكی یوسی، بینییان له‌كوێ نێژرا.

مەرقۆس 27:15-47 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

دوو دزیشیان لەگەڵی لە خاچ دا، یەکێک لەلای ڕاستی و ئەوەی دیکەش لەلای چەپی. [ نووسراوە پیرۆزەکە هاتە دی کە دەڵێت: ﴿لەگەڵ یاخیبووان ژمێردرا.﴾] ئەوانەی بەوێدا تێدەپەڕین، جنێویان پێی دەدا و سەریان بادەدا و دەیانگوت: «ها! ئەی ڕووخێنەری پەرستگا و بنیادنەرەوەی لە سێ ڕۆژدا، خۆت ڕزگار بکە و لە خاچەکە دابەزە.» بە هەمان شێوە کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات گاڵتەیان دەکرد و بە یەکتریان دەگوت: «خەڵکی دیکەی ڕزگار کرد، بەڵام ناتوانێ خۆی ڕزگار بکات! با ئێستا مەسیحی پاشای ئیسرائیل لە خاچەکە دابەزێت، تاکو ببینین و باوەڕ بهێنین.» ئەوانەش کە لەگەڵی لە خاچ دەدران قسەیان پێ دەگوت. کە بووە کاتژمێر دوازدە تاریکی باڵی بەسەر هەموو زەویدا کێشا هەتا کاتژمێر سێ. لە کاتژمێر سێ، عیسا بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد: «﴿ئێلی، ئێلی، لەما شەبەقتانی؟﴾» کە بە واتای ﴿خودای من، خودای من، بۆ وازت لێ هێنام؟﴾ دێت. کاتێک هەندێک لەوانەی لەوێ ڕاوەستابوون گوێیان لێی بوو، گوتیان: «ئەوە بانگی ئەلیاس دەکات.» یەکێک ڕایکرد و ئیسفەنجێکی لە سرکە هەڵکێشا و بەسەر قامیشێکەوە پێیدا تاکو بیخواتەوە و گوتی: «لێگەڕێن، با بزانین ئەلیاس دێت دایبگرێت؟» عیساش بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد و گیانی سپارد. پەردەی پەرستگاش لە سەرەوە هەتا خوارەوە شەق بوو و بوو بە دوو پارچەوە. ئەو سەرپەلەی بەرامبەر عیسا ڕاوەستابوو، گوێی لە هاواری بوو و بینی چۆن گیانی سپارد، گوتی: «بەڕاستی ئەم کەسە کوڕی خودا بوو!» چەند ژنێک لە دوورەوە تەماشایان دەکرد، لەنێوانیاندا مریەمی مەجدەلی و مریەمی دایکی یاقوبی بچووک و یوسی و سالومە دەبینران. ئەمانە لە جەلیلەوە دوای عیسا کەوتبوون و خزمەتیان دەکرد، زۆری دیکەش لەگەڵی هاتبوونە ئۆرشەلیم. ئێوارە داهات، ڕۆژی خۆ ئامادەکردن بوو، واتا ڕۆژی پێش شەممە، یوسفی خەڵکی ڕامە ئەندامێکی بەرزی ئەنجومەن بوو، ئەویش چاوەڕێی شانشینی خودای دەکرد، وێرای و چوو بۆ لای پیلاتۆس و داوای تەرمەکەی عیسای کرد. پیلاتۆس سەرسام بوو ئاوا بە زوویی عیسا مردووە، سەرپەلەکەی بانگکرد و لێی پرسی ئاخۆ دەمێکە مردووە. کاتێک لە سەرپەلەکەوە زانی، تەرمەکەی دایە یوسف. ئەویش کەتانی کڕی، دایگرت و بە کەتان کفنی کرد، لە گۆڕێکدا ناشتی کە لە تاشەبەرد هەڵکەنرابوو. ئینجا بەردێکی گلۆر کردەوە سەر دەرگای گۆڕەکە. مریەمی مەجدەلی و مریەمی دایکی یاقوب، بینییان لەکوێ نێژرا.